ڕۆژنیوز - جیهاد هەورامی
#05-08-2017#
چالاکوانێکی هەورامی، باس لە لەناوچوونی ژمارەیەک گوندی هەورامان دەکات بەهۆی شەڕی ئێران- عێراق، دەشڵێت: بەهۆی ئەو شەڕەوە ژمارەیەک گوندی هەورامان لەناوچوون، تەنانەت ناو و ئاسەواریشیان نەماوە.
هەورامان ناوچەیەکی بەرفراوانە و دابەش بووە بەسەر دوو پارچەی باشور و #ڕۆژهەڵاتی کوردستان#، چەندین جار لەلایەن ڕژێمە داگیرکەرەکانی ئێران و عێراق ڕووبەڕووی خاپورکردن و بوونەتەوەن بەتایبەتی لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق - ئێراندا.
#فەهمی مورادی#، چالاکوانێکی شارۆچکەی #نەوسود#ی سەر بەپارێزگای #کرماشان#، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:هەورامان لە کۆندا ناوچەیەکی بەرفراوان و یەکپارچە بووە و لای هەورامییەکان لە پێنج بەشی سەرەکی پێکهاتووە بەناوەکانی هەورامانی ('لهۆن، تەخت، دزڵی، ڕەزاو و ژاوەرۆ')، بەڵام لەساڵەکانی 1600ی زایینی لەلایەن هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی دابەش دەبێت بەسەر دوو بەش، بەشێکی زۆری بەر سەفەوییەکان کەوتووە و ئەو بەشەی هەورامانی لهۆنیش کە پایتەختەکەی شاری نەوسود بووە، دابەش بووە بەسەر دو بەشی باکور و باشور، جافرسانەکان و بەگزادەکان تیایدا حوکمیان دەکرد کە ژمارەیەک گوندی زۆریان هەبووە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی شەڕی ئێران-عێراق زۆرێک لەو گوندانە خاپوور کران و لەناوچوون، تەنانەت ناوەکانیشیان نەماوە وەکو (دواو، شۆشمێ، تەڵوکێ، قەڵاگا، شێنە و بەلەبزان.)
فەهمی، ئەوەشی وت:لەگەڵ ئەوانەشدا وردە وردە گوندەکانی تریش تاڕادەیەک بەرەو چۆڵبوون دەڕۆن کە هۆکارەکانیشی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست و ڕێگاوبان و کەمی ئاو، لەهەندێک گوندیش بنکەی تەندروستی تێدا نییە، لەهەمووشیان گرنگتر بێکاریی کە وای لەگەنجان کردووە بەرەو شارەکان کۆچ بکەن بۆ بەدەستخستنی هەلی کار و بژێوی ژیانیان، بۆیە پێویستە بە ڕەچاوکردنی کەشوهەوای گوندەکان پڕۆژەی خزمەتگوزاری و هەلی کاریان بۆ دابین بکرێت تاوەکو گوندەکان لەوە زیاتر چۆڵ نەکرێن.
ناوبراو وتیشی: یەکێک لەو شوێنانەی کە دەتوانرێت سودی لێ ببینرێت سنوری شۆشمێی نێوان #باشووری کوردستان# و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە سەردەمانی جافرسانەکان بە سنورێکی گرنگ و پڕبایەخ هەژمار کراوە، بەڵام ئێستا بەجدی کاری لەسەر ناکرێت و ناکرێتە سنورێکی فەرمی و نێودەوڵەتی تاوەکو هەلی کار و ئاوەدانی بۆ بگەڕێتەوە.[1]