#پەرلەمانی کوردستان# لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (5)ی ڕۆژی 30-1-2018 سەبارەت بە هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی #عەفرین#ی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵوێستی فەرمی گەلی باشوری کوردستانی بەم جۆرەی خوارەوە ڕاگەیاند:
یەکەم- شەرمەزار و ئیدانەی هێرشی سەربازیی دەوڵەتی تورکیا دەکەین بۆ سەر شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان.
دووەم- داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەین، بە خێرایی بێنە سەر خەت، بەمەبەستی ڕاگرتنی هێرشی ناڕەوای تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین.
سێیەم- پێویستە دەوڵەتی تورکیا ڕێز لەبنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و دراوسێیەتی بگرێت، داواش دەکەین دەستبەجێ هێرش و پەلامارەکان ڕابگرێت.
چوارەم- داوا لە ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیەکان و لایەنەکانی کۆمەکبەخش دەکەین، بەهانای خەڵکی مەدەنی شاری عەفرینەوە بچن، لە پێشکەشکردنی هاوکاریی و دابینکردنی پێداویستییە مرۆییە سەرەتاییەکان.
پێنجەم- بەرگری ڕەواو قارەمانانەی ژنان و پیاوانی خەڵکی خۆڕاگری ڕۆژئاوا و کانتۆنی عەفرین بەرز دەنرخێنین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازیین.
لەم سۆنگەیەشەوە ئەم پێشنیارانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:
یەک- سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا کراوەبێ، بۆ گەیاندنی هاوکاری و کۆمەکی پێویست لە ڕووی تەندروستی و مرۆییەوە بۆ خەڵکی لێقوماوی عەفرین بەتایبەتی و ڕۆژئاوا بەگشتی.
دوو- پێویستە هێزو لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بەلەبەر چاوگرتنی مەترسییەکانی سەر ئەزموونی ڕۆژئاوا، ناکۆکیەکانیان بەلاوە بنێن و لە ڕێگای دایەلۆگ و یەکر قبوڵکردنەوە یەکڕیزی نەتەوەیی دروست بکەن و دەستکەوتەکانیان بپارێزن.
سێ- بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەم قۆناغە بەپێویست دەزانین بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە هاوبەشە نیشتمانیەکان، پێویستە بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان بەکردار بخرێتە سەرووی بەرژەوەندییە ئایدۆلۆژیی و حزبیی و سیاسییەکان.
لە کۆتاییدا بەناوی پەرلەمانی کوردستان سوپاس و ستایشی هەڵوێستی بوێرانەی جەماوەری گەلی کوردستان لەباشورو ڕەوەندی کوردستانی لە وڵاتانی دەرەوە دەکەین، لە پشتیوانیی شاری عەفرین و خەڵکی قارەمانی ڕۆژئاوا، هیواخوازین ناڕەزایی و چالاکی و خۆپیشاندانەکان بۆ کۆتاییهێنان بەهێرش و پەلاماری تورکیا بەردەوام بن، چونکە ئەزموونی ڕابردوو بۆ هەموو لایەکی سەلماندوە کێشەو ناکۆکیەکان بەهێز چارەسەر نابن و لۆژیکی گفتوگۆی ئاشتیانە کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکانە.
سەرکەوتن بۆ ئیرادەی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان.
سڵاو و ستایش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان.
پەرلەمانی کوردستان
#30-01-2018#