دیداری تەمەن : #مام جەلال#
ئەی ئێوە سەرچاوەی پارەتان لە کوێوە بوو، کێ هاوکاری دارایی دەکردن؟
بڕیارمان دا کە هەوڵ بۆ پارە پەیداکردن بدەین، دەمێک بو پڕۆژەیەک بەدەستەوە بو، پارەی ڕێگای #کۆیە# و #هەولێر# دەستی بەسەردا بگیرێت، ئەویش، هەموو سەری مانگێک ئەهات. مەلا ماتۆڕ لێپرسراو بوو، زۆرجار گیروگرفتی ئەهێنایە پێشەوە، ئەی گوت: ئەبێ لە پێشەوە دووکەس بنێرین و ئاگامان لێیبێت، ئینجا کە هات هەواڵمان بدەنێ و دەست بەکاربین. ئەوکارەکانی وازەحمەت ئەکرد کە بەڕاستی هەر نەکرێت، من لەو کۆبونەوەیەدا گوتم: کاکە بەوڕێگایەی مەلاماتۆڕ باسی دەکات، قەت ناکرێت، دەسەڵات بدەن بە من، کارەکە بۆخۆم ئەنجامی ئەدەم.
ئەوە بو زۆر گفتوگۆکرا، لە کۆتایدا مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد گوتی: کاکە ئەوەخۆی ئەو پیاوە پێشنیاز ئەکات بچێت و ئیشەکە بکات، بینێرن با بچێت، ئەگەر سەرکەوت زۆرباشەو قازانج دەکەین و پارەکە دێنێت، ئەگەر سەرنەکەوت، ئەوا ماندوئەبێت و ماندوبونەکەی بۆخۆی ئەمێنێتەوە.
هەر لەوێدا 20 تا 30 #پێشمەرگە#یان دامێ، خۆشم چەکم نەبوو، شەمسەدین موفتی لە هەولێرەوە هاتبو نەخۆش بو، ئەچو بۆ بەغدا بۆ چارەسەر، ئەو تفەنگێکی پەڕەشوتی دامێ. ڕۆشتین و بەیەک ڕۆژ گەیشتینە لای کۆیە، لەوێوە ڕۆشتین بۆ سەر ڕێگای نێوان کۆیە و هەولێر.
لەوێ دکتۆر خالیدیشمان توش هات، ئەویشمان لەگەڵ خۆمان برد، لە 25 کانونی یەکەمی 1961 دا کەمینێکمان دانا، بۆ ئەو پارەیەی کە مدیر مالیەی کۆیە تاهیر عەبدوڵا لە هەولێرەوە ئەیهێنا. ئێمە خۆمان ئامادەکردبو، ئاگادارم کردن ئەگەر من یەکەم تەقەم کرد ئەوانیش هێرش بکەن، چونکە یەک ئوتومبێلی چەکدارو شەش پۆلیسیان لە گەڵدا بو، ئۆتۆمۆبیلەکە ڕەشاشێکی لەسەربو، من یەکەم فیشەکم نا بەدەستی ئەوپۆلیسەی کە ڕەشاشەکەی گرتبە بۆ ئەوەی نەتوانێت بەکاری بهێنێت ئیتر تەقەکراو پۆلیسێکی کۆیی بەناوی زرار ئەمین و عەریف و نائیب عەریفێکی تریش کوژران و ئەوانی تر گیران، پارەکەمان هێنا یەک گونێی تەواو بو، ئێمە وامان ئەزانی کە 150 هەزار دینار بێت، چونکە گونیەکە پڕاوپڕ بو، بەڵام تمەز دینار و پێنج دیناری بوو بۆیە وا پڕ بو، خۆی پارەکە 30 هەزار دینار بو، بە زەلامێک هەڵ نەئەگیرا و ئیلا یەکێکی زۆر بەهێز نەبێت، من دەمامکم کردبو ئەوکاتە کڵاوێکی شکاکیم هەبو لەسەرم نابوو، هەتا نەمنا#سنە#وە، لێپرسراوی دارایی کۆیە خۆشی ئەندامی پارتی بوو، بەڵام نەیدەزانی مەسەلەکە چیە، مەستیش هێشتا بەری نەدابو. لەسەر شاخ لێم پرسی گوتم: پارەکە چەندە؟ گوتی 30هەزار دینارە، منیش بەبێ ئاگا زلەیەکم لێدا، چونکە من توشی بێ هیوایی بوم وامدانابو کە پارەکە 150هەزار دینار بێت. کەچی 30هەزار دەرچوو، هەرچەندە ئەوکاتە 30هەزار یەکجار زۆر بوو، گوتی: بابە لۆ لێمان دەدەی؟ کەممان هێنایە درەنگ هاتینە؟ جا ئەو قسەیە دوایی مەشهور بو لەناو شۆڕشدا (کەممان هێنایە درەنگ هاتینە؟)