ژیاننامەى حەسەن هەندرێنى
-حەسەن مستەفا جەعفەر ( هەندرێنی)
-لە 08-10-1969، لە گوندى بنەکاول- شارى ڕەواندز ، لەبنارى چیاى هەندرێن، چاوى بە ژیان هەڵێناوە.
-لە ساڵی 1987 ەوە دەنووسێ، سەرەتا بە نووسینى هۆنراوە و پەخشان دەستى پێکردووە و دواتر دەستى بە نووسینى چیرۆک کردووە.
-ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری قەڵا بووە، کە بەنهێنی لە سەردەمی ڕژێمی #بەعس# لە شاری ڕەواندز، دە ژمارەى لێ دەرچووە، بڵاوکردنەوەى یەکەم ژمارەى ئەم گۆڤارە، کەوتووەتە پێش ڕاپەڕین، لە مانگى شوباتى 1991 بەشێوەیەکى نهێنى بڵاوکراوەتەوە، نۆ ژمارەى ترى دواى ڕاپەڕین و ئازادى بڵاوکراونەتەوە.
-لە 04-11-1991 لە کۆڕى هاوبەشى شاعیرانى دەڤەرى ڕەواندز و شارى #ئاکرێ#، وەک بەڕێوەبەرى کۆڕ بەشدارییکردووە.
-لە 15-11-1991 لەگەڵ شاعیران ( ئاکۆ ئاکۆیی و ئارام عەبدوڵڵا) لە شارى ئاکرێ دیدارێکی هاوبەشیان لەگەڵ کۆمەڵێک هۆزانڤانى ئاکرێ بۆ خوێندنەوەى هۆنراوە ڕێکخست و وەک بەڕێوەبەرى کۆڕ بۆ بەشى #سۆران#ى لەگەڵ ئازاد دارتاش وەک بەڕێوەبەرى بەشى کرمانجى کۆڕەکەیان بەڕێوەبردووە.
-لەساڵى 1992، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا، تیپى شانۆى یەکى ئایاریان دامەزراندووە و وەک ئەکتەرى سەر تەختەى شانۆ لە شانۆگەریی بۆیاخچی، بە ڕۆڵى بایز بەشدارییکردووە.
-لە ( 1999–2001) ئەندامی کۆمیتەی #ڕانیە#ی سەندیکای کارمەندانی تەندرووستی کوردستان بووە.
-وەک خۆبەخش لە (دەستەى داکۆکییکردن لە ئەنفالکراوانى شارى ڕەواندز و دەوروبەرییدا)، ئەندام بووە، کە لە ساڵى 2005 لە ڕەواندز ڕاگەیەنرا، هەر بەردەوامبووە، تا گەیاندنى کەیسى قوربانییان بە ئۆفێسى #هەولێر#ى دادگاى باڵاى تاوانەکانى ئێراق.
-لە ساڵى 2007 سەرپەرشتیاری لیژنەی هەڵسەنگاندنی هۆنراوە بووە، بۆ فیستیڤالی هۆنراوە و چیرۆک کە لەلایەن ڕێکخراوی قوتابییان و لاوانی گشتیی کوردستان-سۆران ، ڕێکخرابوو.
-ساڵی 2008 لە گۆڤاری کوێستان، کە گۆڤارێکى کۆمەڵایەتى–گشتیی بووە، وەک بەڕێوەبەری نووسین کاری تێدا کردووە، ئەم گۆڤارە 29 ژمارەى لێ بڵاوکراوەتەوە.
-ئەندامى دەستەى دامەزراندنى ڕێکخراوى هاوڕێیانى پەرتووکە، لە یەکەم کۆبوونەوەدا لە ساڵى (2009) وە، وەک سەرۆکى ڕێکخراوەکە دەستنیشانکراوە. ئەم ڕێکخراوە پڕ بەخشش بووە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە.
-لە ( 6و7- 10- 2009) سەرپەرشتیاری لیژنەی هەڵسەنگاندنی هۆنراوە بووە، بۆ دووەمین فیستیڤالی هۆنراوە و چیرۆک کە لەلایەن ڕێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستان–سەنتەری سۆران ، ڕێکخرابوو.
-لە 11-11- 2010 لە دیدارى ئەدەبى و هونەرى ڕێکخراوى کۆدۆک، کە ئێستا ڕێکخراوى هاوڕێیانى پەرتووکە، بە خوێندنەوەى هۆنراوە بەشدارییکردووە.
-لەنێوان ساڵانی (2011-2014) وەک بەڕێوەبەری (ڕادیۆی ئێستا) لە شاری هەولێر کاریکردووە.
-ئەندامی کۆمیسیۆنی ( کولتور، زمان ، هونەر، ڕۆشنبیری) کۆنگرەی نەتەوەیی بووە، کە لە ساڵى ( 2013) سازدرا.
-ئەندامى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستانە.
-لە 01-02-2014 ەوە ئەندامى یەکێتى ڕۆژنامەنووسانى نێودەوڵەتییە.
-یەکجار لەفیستیڤاڵی گەلاوێژ بە چیرۆک بەشدارییکردووە، دوو جاریش وەک میوان بەشدارییکردووە.
-کۆلیژى ئادابى زانکۆى سۆران، کۆڕیکى هۆنراوە خوێندنەوەى بۆ کۆمەڵێک نووسەر ڕێکخست، لەوێش حەسەن هەندرێنى بە خوێندنەوەى بەشدارییکردووە.
-نامیلکەیەکى بەناوى (ڕاپەڕینى 1987ى ڕواندزێ) نووسیوە و بڵاوکراوەتەوە.
-ساڵى ( 2024) پەرتووکى هۆنراوەى (#وەرە لە باخ پێت دەڵێم#) بڵاوکراوەتەوە. پەرتووکێکى ترى هۆنراوەى ئامادەیە بۆ چاپ.
-دوو کۆمەڵە چیرۆکى ئامادەن بۆ چاپ، کۆمەڵەى یەکەمیان لەم نزیکانە بڵاو دەکرێتەوە، بەناوى ( ئەڵێم نەچمەوە ئاسمان). کۆمەڵەکەى تریان کارى دیزایین و پێداچوونەوەی ماوە.
-لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤارى کاغەزیی و ئەلیکترۆنییدا بابەتى بڵاوکردوونەتەوە، کە زۆرتر بابەتى سیاسی و ئەدەبی و ڕۆژنامەوانیین.
[1]