ساڵی 1942 لەشاری بەغدا لەدایکبووە و ساڵی 1962 عێراقی بەرەو فەرەنسا جێهشتووە.
ساڵی 1963 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئابووریدا بەدەستهێناوە، ساڵی 1970 ماستەری لە زانستە سیاسییەکاندا لە پاریس بەدەستهێناوە، ساڵی 1972 ماستەرێکی دیکەی لە بواری ئابووریی سیاسییدا لە زانکۆی بواتییە لە فەرەنسا بەدەستهێناوە.
عەبدولمەهدی جگە لە زمانی دایک، هەردوو زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی-ش دەزانێت، ماوەیەک سەرۆکی پەیمانگای فەرەنسی توێژینەوە ئیسلامییەکان بووە، لە فەرەنساش کاری بۆ ناوەندەکانی توێژینەوە کردووە و ماوەیەک سەرنووسەری ڕۆژنامە بووە بە زمانەکانی فەرەنسیی و عەرەبی.
عادل عەبدولمەهدی لە ژیانیدا چەند ڕوانگە و بیروبۆچوونێکی جیاوازی گۆڕیوە، لە تەمەنی لاویدا لەژێر کاریگەریی بیری ناسیۆنالیستی عەرەبیی بووە، دواتر و لە ساڵی 1970دابووەتە ئەندامێکی باڵای حزبی شیوعیی عێراق، دواتریش لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕوویکردووەتە ڕێبازی ئیسلامیی و چووەتە ناو گروپی تازە دروستکراوی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی، کە لە ئێران دامەزرابوو.
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و پێکهێنانی حکومەتی کاربەڕێکەر لە عێراق عادل عەبدولمەهدی بووە وەزیری دارایی، بۆ ماوەیەکیش بووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق.
لە ساڵی 2005دا عەبدولمەهدی بووە جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، هەمانکاتیش ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بووە، ساڵی 2007یش لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە.
عادل عەبدولمەهدی لە ماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2016 وەزیری نەوتی عێراق بووە و دواتر دەستیلەکارکێشاوەتەوە.
لە ئێستادا عادل عەبدولمەهدی بە یەکێک لە سەرکردە سەربەخۆکانی شیعە دادەنرێت، پەیوەندییەکی پتەویشی لەگەڵ سەرکردە کوردەکاندا هەیە.
تاوەکو ئێستاش مەرجەعە باڵا و کاریگەرەکانی شیعە، هیچ هەڵوێستێکی ناڕەزایەتییان لەبەرامبەر ڕاسپاردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەرنەبڕیوە، تەنانەت هەرەیەک لە موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر و هادی عامری، سەرۆکی فەتح-یش پشتیوانیی لە عەبدولمەهدی دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.
بەگوێرەی یاسا، پێویستەعادل عەبدولمەهدی لەماوەی 30 ڕۆژدا کابینەی حکومەتەکەی پێکبهێنێت و بیباتە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەگەریش نەیتوانی لە وادەی دیاریکراودا کابینەکەی پێکبهێنێت، ئەوا بەگوێرەی مادەی 78ی دەستوور سەرۆک کۆمار پێویستە لە ماوەی 15 ڕۆژدا کەسێکی دیکە لە گەورەترین کوتلە دەستنیشان بکات بۆ ئەوەی لەماوەی 15 ڕۆژدا حکومەت پێکبهێنێت.[1]