کەریم بەگی سەعید بەگ کە بەکەریم زانستی ناسراوە، ساڵی 1900 لە شاری #سلێمانی# ئامێزی خێزانێکی خوێنەوار و زانستپەروەردا هاتۆتە دنیاوە.
قۆناغەکانی خوێندنی لە سلێمانی تەواوکردووە.
زانستی کەسێکی ڕووناکبیر بووە و وەک مامۆستا و شاعیر و وەرگێڕ خزمەتی کردووە.
لە سەرەتای ژیانی لاویدا خولیای ئەوەی هەبووە کە زانست و زانیاری و خوێنەواری بڵاو بکاتەوە. بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە لەگەڵ ژمارەیەک ڕووناکبیری ئەو سەردەمە وەک (#پیرەمێرد#، ڕەشید زەکی کابان، ڕەفیق حلمی، ڕەشید نەجیب، ئەحمەد عەزیز ئاغا و عەبدوڵڵا عەزیز #هەولێر#ی) ، بە مۆڵەتی ڕەسمی میری (کۆمەڵەی زانستی) یان لە 24ی شوباتی 1926 پێکهێناوە.
ئامانجی کۆمەڵەکە نەهێشتنی نەخوێندەواری و بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاری و ڕۆشنبیری بووە لە ڕێی چاپکردنی پەرتووک و گۆڤار و ڕۆژنامە و کۆڕ و کۆبوونەوەوە بووە.
بە مەبەستی نەهێشتنی نەخوێندەواری، کۆمەڵەکە قوتابخانەی زانستی کردەوە و مامۆستا کەریم بووە بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە و ئیدی بەکەریم زانستی ناسرا و قوتابخانەکە ڕۆڵی دیاری هەبووە لە بڵاوکردنەوەی خوێندەواری و چەندین کەس لەو ڕێیەوە فێری خوێندنەوە و نووسین بوون و تەنانەت کەسایەتی دیاریشی پێگەیاند لەوانە #بەنگینە#ی شاعیر.
مامۆستا سەرباری خزمەتەکانی وەک مامۆستا و پەروەردەکار، وەک شاعیر و وەرگێڕیش ڕۆڵی خۆی هەبووە و لە ساڵی 1928 لەچاپحانەی فورات لە بەغدا پەرتووکی گۆرانی کە کۆمەڵە هەڵبەستێکی خۆی بوون بەچاپ گەیاند.
وەرگێڕێکی بەسەلیقەش بووە و لە زمانی عەرەبییەوە بابەتی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە.
ئەم پیاوە بلیمەتەی کورد دوای ساڵانێکی زۆر لەخزمەت و بەخشش لە ڕۆژی 4ی کانونی دووەمی 1996 و لە تەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.[1]