قەزای شارەزوور (هەڵەبجەی تازە)
هەڵەبجەی تازە مێژوویەکی کۆنی نییە و وەکوو هەر شار و ئاوەدانییەکی تر سەرەتایەکی دروستبوونی هەیە و پێی خستووەتە ناو کاروانی مێژووەوە و لە کۆتایی ئەمساڵی 2017 دا بیست و هەشت ساڵ بەسەر تەمەنی دروستبوونیدا تێپەڕ دەبێت و ژیان تێیدا بەرقەرارە.
ناوی هەڵەبجەی تازە لە دوو وشەی (هەڵەبجە، تازە) پێکهاتووە، وشەی یەکەم لە هەڵەبجە، هەمان ناوی هەڵەبجەی کۆنە و خەڵکی ئەو شارو شارۆچکە و گوندانەی ناوچەی هەڵەبجەی کۆن (شەهید) لە دوای کیمیا بارانکردنی ناوچەکەیانەوە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە، ئەم جێگایەیان ئاوەدان کردەوە و ناویان لێ نا هەڵەبجە، حکومەت لە ناوەندە فەرمییەکاندا و لەسەر تابلۆ و دەفتەر نفوس و مامەڵەکاندا (صدامیە حلبجە)ی دەنوسی، واتە هەڵەبجەی سەددام حسێن. بەڵام لەسەر زاری خەڵک هەڵەبجەی تازە بوو، وەک هەر ناو و جێگایەکی نوێ کەپێشتر هەبوبێت و دوایی هاوشێوەی دروست بکرێتەوە ئەوا بە (تازە) ناو دەبرێت، وەکوو (بغداد الجدیدە، هەواری تازە).
ناوی هەڵەبجە لە دێر زەمانەوە بەچەند شێوەیەک لێکدانەوەی بۆ کراوە، هەندێ بۆچون دەڵێن: ئەم جێگایە کەسێک ئاوەدانی کردووەتەوە ناوی (هەڵۆبەگ) بووە و دواتر بە تێپەڕ بوونی کات بووە بە هەڵەبجە. بۆچونێکی تر دەوترێت لەم جێگایەدا بەچکە هەڵۆیەک ڕاوکراوە و وتراوە جێگای (هەڵۆ بەچە)کە واتە جێگای بەچکە هەڵۆکە و دواتر بووە بە هەڵەبجە. بۆچونێکی تر پێی وایە ئەم ناوە لە ناوی (حەلەب)ی سوریاوە هاتووە و بە هەڵەبجەیان وتووە (حەلەبە بچکۆلە) و دواتر بووە بە (حەلەب چە) و دواتر پشتوێنی کوردی بەستووە و بووە بە هەڵەبجە. وە بۆچونێکی تریش هەیە کە نزیکە لە ڕاستییەوە، ئەوەش باخی هەڵوژە بووە لەم ناوچەیەدا بە زۆری و دواتر هەڵوژە بووە بە هەڵەوجە و هەڵەبجە.
ناوی هەڵەبجە کە ئێستا پارێزگایە بەو شێوەیە هاتووە و هەمان ناویشە بۆ هەڵەبجەی تازە بەڵام لەسەر ڕووبەری جوگرافیایەکی نوێ. واتە ناوەکە کۆنە و پەیوەندی بەم جوگرافیا تازەوە نییە کە دەشتی بەپیتی شارەزوورە و تەنها خەڵکەکەی هەمان خەڵک و دانیشتوانی هەڵەبجە و قەزاو ناحیە و گوندەکانی بوون کە لە ساڵی 1988 ئاوارەی ناوچەکانی تری هەرێم بوون. دوای ئەوەی ڕژێم ڕوخاو گۆڕ بەگۆڕ بوو لە ساڵی 1992 ناوی هەڵەبجەی تازە کرا بە ناحیەی (پێشەوا)، بەڵام لەبەر ئەوەی کەس بەو ناوە نەیدەناسی و ناوی نەدەبرد، وە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە لە فراوان بووندا بوو حکومەت لە ساڵی 1995 ناو و ناونیشانە ئیدارییەکەی گۆڕی بە قەزای شارەزوور. کە ئەم ناوەش پێشتر بە ناحیەی سەیدسادق درابوو. لەمەشدا زوڵم لە خەڵکی سەیدسادق کرا و ناوی شارۆچەکەیان کە ئێستا قەزایەکی گەورەیە لێ زەوت کرا.
هەرچەندە لە ناوەندە فەرمییەکاندا ناوی قەزای شارەزوور دراوە بەم قەزایە بەڵام لە هیچ شوێنێکدا ناوترێت شارەزوور، بەڵکو لەهەموو شوێنێک دەوترێت هەڵەبجەی تازە و هیچ ناوێکی تر ناتوانێت جێگای بگرێتەوە. واتە هەڵەبجەی تازە ناوەندی قەزای شارەزوورە کە ناحیەی وارماواو چەندین گوند لەخۆ دەگرێت.
ئەم شارۆچکەیە پێش دروستبوون و بنیاتنانی دەشتێکی کشتوکاڵی بووە و گەنم و جۆ و گەنمەشامی و مەرەزە و توتن و گوڵەبەڕۆژەو لۆکەو کونجی و تەماتە و بامیە و کاڵەک و شوتی و خەیار و ترۆزی و باینجان وجۆرەها کشتوکاڵی تری تێدا داچێنراوە. جێگا خانووە کۆنەکەی ئێمە کە ژمارەکەی 1279 یە و دەکەوێتە گەڕەکی سیروانی دوو (شارەوانی ئێستا)، بامیە بوو. ئەم شارۆچکەیە بەردەوام لە زیادبوندایە و چەند ساڵ جارێکیش زەوی ئیفراز کراوە و بەسەر خەڵکیدا دابەش کراوە. لە دوای ڕوخانی ڕژێمەوە لە 2003 دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری ڕووی تێکردووە و چەندین قوتابخانەو فەرمانگەی حکومی و پارک و نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانی بۆ کراوە.
قەزای شارەزوور لە تەمەنی بوون بە قەزایدا ئەم قایمقامانەی تێدا دەست بەکار بوون:
1. فەرهاد محەمەد ڕەسول، دەرچوی خانەی مامۆستایان لە 15/6/1995 تا 31/8/1995.
2. ماجید محەمەد شەریف، دەرچووی ئامادەیی پیشەسازی لە 20/12/1996 تا 1/7/1997.
3. بێرون عومەر فەتاح، دەرچووی ئامادەیی لە 31/12/1997 تا 1/1/2000
4. ئەحمەد حەمە نوری مەحمود، دەرچووی ناوەندی لە #01-01-2000# تا 29/4/2006
5. فازیل عومەر عەبدولرەحمان دەرچووی کۆلیژی یاسا لە 30/4/2006 تا 2007 بەوەکالەت. خۆی بەڕێوەبەری ناحیەی وارماوا بوو.
6. سۆران عەلی ڕەباتی، دەرچووی کۆلیژی یاسا لە 25/6/2007 تا 21/ 12/2015
7. ڕزگار غەفور، دەرچووی کۆلیژی یاسا لە 21/ 12/2015 بەردەوامە لەسەر پۆستەکەی.
لە ساڵی 2007 دا ژمارەی گەڕەکەکانی هەڵەبجەی تازە 8 گەڕەک بوون، بەڵام ئێستا کۆتایی ساڵی 2016 ئەو ژمارەیە زیادی کردووە و ژمارەی دانیشتوانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە زیاد بوندایە. لە ئاماری 2007 دا ژمارەی خێزانەکانی گەیشتبووە 6759 خێزان، واتە 36698 کەس. لە ساڵی 2016 دا ئەو ژمارەیە بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 47000 کەس.
هەڵەبجەی تازە سەرجەم شەقام و کۆڵانەکانی قیرتاو و کۆنکرێت کراون و نێوان شەقامە دوو سایدەکان بەدار سەوز کراون. وە پڕۆژەی ئاو بۆ ماڵان تەنها یەک گەڕەک ماوە ئاوی خواردنەوەی پێ بگات ئەویش گەڕەکی (هەواری شار)ە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانرا ئەو پڕۆژەیە بگات بەو گەڕەکە. بەڵام سەرجەم گەڕەکەکان ئاوەڕۆی تەواو بووە و کێشەی نەماوە.
هەڵەبجەی تازە تەنها یەک کۆلیژی تێدایە، ئەویش کۆلیژی پەروەردە بەشی کورد سەر بە زانکۆی هەڵەبجەیە. ئەم قەزایە لە سەرەتای دروست بونیەوە دادگای تێدا بووە و بە درێژایی دەیان ساڵیش ئیش و کاری قەزاکانی هەڵەبجەی شەهید و سەیدسادق و پێنجوێنی کردووە بە ناحیەو گوندەکانیانەوە و سەرجەم کێشەو مامەڵەکان لە دادگای شارەزوور ڕایی کراون، تا ئەو کاتەی دادگا و فەرمانگەی دادنوس و جێبەجێکردن لەو جێگایانەدا کراوەتەوە.
هەڵەبجەی تازە شارۆچکەیەکی نیمچە شارستانی و خێلەکییە، زیاتر هەژموونی خێڵ بەسەریدا زاڵە و زۆربەی عەشیرەت و هۆزەکانی جافی لێ نیشتەجێن لەوانە: گڵاڵی، هارونی، کەڵهوڕی، تەرخانی، ڕۆغزایی، شەمێرانی، مامۆیی، باشکی، میکایەڵی، شاتری، وەڵی، وەڵەدبەگی، ئێناخی، ئیمامی، نەورۆڵی، عەمەڵە، کڵاشی... هتد.
زۆربەی دانیشتوانی ئەم قەزایە موچەخۆری دەوڵەت و حزبەکانن و لەهەمان کاتیشدا خەریکی کشتوکاڵ کردن دەبن و زەوی و زاری خۆیان دادەچێنن. چینێک لە خەڵکەکەشی خەریکی ئاژەڵداری و ڕاوەماسی و دوکانداری و پیشەی دەستی و کرێکارین و داهاتی خۆیان و ماڵومناڵیان بەو شێوەیەپەیدا دەکەن.
هەڵەبجەی تازە هەر لەسەرەتاوە دوو بازاڕی تێدابووە یەکێک لە سیروانییەکان و ئەوی تر لە هەڵەبجەییەکان، بەتاک تاک لە گەڕەک و شەقامە گشتییەکانی تریش دوکان و شوێنی کار دەبینرێت. [1]