میدیا کامەران فوئاد مەستی، ناسراو بە میدیا مەستی
میدیا مەستی بووە یەکەمین کچی کورد کە لە ئەکادیمیای 'ساندهێرستی' سەربازیی شاهانەی بەریتانیا خولی سەربازی تەواو بکات و دەربچێت.
میدیا کامەران فوئاد مەستی تەمەنی 30 ساڵە و لە شاری #سلێمانی# لە دایکبووە، هەمو قوناغەکانی قوتابخانەی لە سلێمانی تەواو کردووە. کولێژی پزیشکی لە #کەرکووک# تەواو کردووە و لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پێشمەرگە وەک پزیشک لە خۆشخانەیەکی تایبەتی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان کاریکردووە. ئەو کچە کوردە بە شانازییەوە باس لە تەواوکردنی خولەکە دەکات و دەڵێت، کە گەڕایەوە کوردستان دەچێتە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە. هەروەها باس لە ئەزموونی خۆی دەکات و دەڵێت:
لە بنەڕەتدا من خۆم بۆ خولێکی ئاسایی ناونووسکردبوو. ژمارەیەک دیمانەم ئەنجامدا تاوەکو هەڵبژێردرام و دواتر ئێمە تەنیا دوو کەس ماینەوە، من و کچێکی دیکە. تیمی 'ساندهێرست' منیان بەدڵ بوو و پێشنیازیان بۆ کردم کە لە بری ئەوە خولی سەربازی وەربگرم، منیش ئەوەم زۆر بەدڵ بوو. کاتێک کە بە خێزانەکەم گوت شوێنەکە ئەکادیمیای ساندهێرستە، پێیان گوتم پێویستە بڕۆی.
لەبارەی ئەزموونی خۆی لەو خولەدا، میدیا باس لەوە دەکات کە پێش دەستپێکردنی خولەکە، هەموو زانیارییەکانیان لەبارەی ڕاهێنانەکانەوە پێیداوە و تیمەکە پێی گوتووە کە هەموو ئەوانەی لە خولەکەدا بەشدارن پزیشک و پارێزەرن، بۆیە دەڵێت وامزانی خولەکە زۆر ئاسان دەبێت، بەڵام وانەبوو. دوو هەفتەی یەکەم زۆر زەحمەت بوو، بە تایبەتیش ڕاهێنانەکان، نووستن لەو کەشە ساردەدا و بەکارنەهێنانی ڕووناکی و گڵۆپ. هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە بتوانێم خولێکی لەو جۆرە تەواوبکەم.[1][2]