زەینەب خان (کچە کورد)
1900-1963
ناوی تەواوی (زەینەب مەلا ڕەئوف مەلا مەحمود مەلا سەعدی خادم سوجادە) یە نازناوی هۆنراوەی (کچە کورد) ە، خوشکی دڵداری شاعیرە، خاوەنی سرودی ئەی ڕەقیب، دایکی ناوی (زەهوەی کچی خورشیدە فەندی) گوندی (کانی لەلە) ی تەقتەق-ە، ساڵی (1900) لە گەڕەکی (بەفریقەندی) شاری کۆیە لەدایکبووە، بنەماڵەکەیان نازناوی (خادم سوجادە) یان لە بەرماڵێکی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) کە بەدیاری دراوەتە جێنشین (عوسمانی کوڕی عەففان) لەباوک و باپیریانەوە بە دەستیان کەوتووە، لە سەردەمی سوڵتان عەبدوڵحەمیدی دووەمی سوڵتانی عوسمانی لە شاری کەرکووک تەکییەیان کردووەتەوە، باپیرەی زەینەب خانیش (مەلا سەعدی خادم سوجادە) لە شاری کۆیە نیشتەجێبووه.
باوکی زینەب خان (مەلا ڕەئوفی خادم سوجادە) ڕووناکبیر و ڕۆشنفرێکی گەورە و شاعیریش بووه، بۆیە لە تەمەنی (6) ساڵیدا کچەگەورەکەی (زەینەب خان) دەباتە شاری (بەغدا) بۆ ئەوەی بیخاتە بەرخوێندن لە ماڵی خاڵی (عەبدوڵڵا خورشیدە فەندی کانی لەلەیی) دەمێنێتەوە و دەچێتە قوتابخانەی (ڕوشدییەی کچان) و لە ماوەی (6) شەش ساڵدا لەو قوتابخانەیە دەخوێنێت و کاریگەریی تەواوی لەسەر درووست دەکات و دەبێتە بناغەیەک بۆ ژیان و چالاکییەکانی ئاییندەیی و بووە بە یەکەم ژنە کورد کە لە ساڵی (1906) دا لە شاری (کۆیە) وە دەچێتە بەغدا بۆ خوێندن.
دواتر لە بەغداوە دەگەڕێتەوە شاری کۆیە، دووبارە لە قوتابخانە ئایینییەکانی کۆیە وانەکانی (ئایینی ئیسلام و زانستەکان و ئەدەبیات) بەتایبەتیی وانەکانی (فەرمودە و تەفسیر و ئوسوڵ و زمانی فارسی بوستان و گوڵستانی سەعدی شیرازی و غەزەڵەکانی حافزی) خوێندووە.
زەینەب خان بەهۆی ئەوەی ماڵە جوولەکەیەکی کۆیی هاوسێیان بووە زمانی (عیبری) یش فێربووە، هەر بۆیە لەتەمەنێکی بچوکەوە زمانەکانی (فارسی و عەرەبی و عیبری) فێربووە، خانەوادەکەی پاش جەنگی جیهانی یەکەم بە بارودۆخێکی سەختیان گوزەراندووە، لە تەمەنی (23) ساڵیدا ساڵی (1923) شوو دەکات بە (سەعید ئاغای ئال سەید ئەحمەد) هەولێری دەکات و بەیەکجاری ماڵی دەچێتە (قەڵای هەولێر) لەو شارەدا فێری زمانی تورکیش دەبێت چونکە زمانی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی ئەوکاتی عوسمانییەکان بووە لەشارەکەدا، بەهۆی باوک و براکانی (مەلا ڕەئوف وئاسەف و دڵدار) دەبێتە ئەندامی حزبی (دارکەر و هیوا) و دواتریش لەگەڵ باوک و براکانی و هاوسەرەکەی دەبنە دامەزرێنەرانی (حزبی خۆییبوون) .
زەینەب خان پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە ڕووناکبیریی و ئەدەبییەکانی شاری سلێمانی هەبووە نموونەی وەک (پیرەمێردی شاعیر و حەمدی و تاهیر بەگ و ئەحمەد موختار جاف و فایەق بێکەس) ، زینەب خان هەر شاعیر نەبووە بەڵکوو سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیری سەردەمەکەی خۆی بووە، ساڵی (1963) پاش ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە لە تەمەنی (63) ساڵیدا لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی (ئیمام محەمەد) باپیرە گەورەی سەعید ئاغای هاوسەری لە شاری هەولێر بەخاک سپێردراوە، لە دوای خۆی سێ کوڕی بەناوەکانی (فازیل و ڕەمزی و غازی) بەجێهێشتوە ئەوانیش (فازیل و ڕەمزی) کەسایەتی و سیاسی و کۆمەڵایەتی شاری هەولێر بوون.
بەرهەمەکانی:
1-دیوانی هۆنراوەی زەینەب خان (کچەکورد)
2-کۆمەڵێک هۆنراوەی فۆڵکلۆری
3-مەولود نامەی پێغەمبەر (د.خ)
4-دیوانی هۆنراوەی عەرەبی
5-بەرهەمی دیکە و کەشکۆڵ
د.کەمال مەزهەر لە بارەی زەینەب خانمەوە دەڵێت؛ لە سەفەرێکدا پێکەوە بوین، بە قسەکردنی و بیرکردنەوەیدا وا دەردەکەوت ئەو فەیلەسوفێکە کە پێویستە ماستەرو دکتۆرای لە بارەوە ئەنجام بدرێت.
مام جەلال تاڵەبانی لە ساڵی 1992 چووە سەر گۆڕەکەی کە لە شاری هەولێرە، لە ئاپۆرایەکی جەماوەریدا وتی: زەینەب خانمی خادم سوجادە، هێندە گەورەیە کە دەتوانین شانازی پێوە بکەین و بە (جەمیلە بوحیرد) ناوی برد، جەمیلەی بوحیرد ژنە ڕووناکبیرو شۆڕشگێڕی گەورەی عەرەب و جەزائیرە کە ڕەمزی ئازایەتی و شۆڕشگێڕییە.
سەرچاوە:
ژیاننامەی زەینەب خان لە هۆنراوەکانیدا، لێکۆڵینەوە و ساغکردنەوە وهەموارکردنەوەی ڕێنووسەکەی، د.کەمال غەمبار، 2021ز.[1]