(هاوڕێم.. ئەی هاوڕێم..
من دەردەدارم..
زۆر دەردەدارم..
تەنانەت خۆیشم نازانم
لە چ گۆشەیەکی ناخمدا
ئەم دەردە دەنگ دەداتەوە.
وەکوو کاتێک، کە ڕەشەبا لە نێو خەرمانێکی چۆڵدا بزریکێنێت..
یا.. کاتێک کە (مەی) لە نێو مێشکمدا بڵاو دەبێتەوە..
وەهام لێ دەکات.. کە وەک خەرمانێک بم،
کە لەمانگی سیپتەمبەردا هەڵبوەرێت...
گوێچکەکانم له نێو مێشکمدا پەلەقاژەیانه...
وەک چۆن باڵەکانی بالندەیەک، کە هەوڵی فڕین دەدەن..
بەڵام بە قاچمەوە بەستراونەتەوە، و توانای فڕینیان نییه...)
مرۆڤێکی ڕەش..
ڕەش، ڕەش
مرۆڤێکی ڕەش.. لە بان پێخەڤەکەم دانیشتووە..
مرۆڤێکی ڕەش..
خەونی لێ قەدەغە کردووم..
مرۆڤێکی ڕەش..
پەنجەکانی بەسەر پەرتووکە ڕسواکەیدا دەجوڵاند و
لە گوێچکەمدا دەیچرپاند..
وەکوو چۆن قەشەکان، کە لە گوێچکەی مردووەکاندا دەخوێنن.....
ژیانی کەسێکم بۆ باس دەکات..
ژیانی ناپیاوێکی ڕسوا..
مرۆڤی ڕەش..
مرۆڤی ڕەش...
بێ تاقەتی و ترسی خستە گیانمەوە....
مرۆڤی ڕەش
مرۆڤی ڕەش..
گوێبگرە.. گوێبگرە
ئەو بە گوێچکەمدا دەیچرپاند..؛
لەم پەرتووکەدا.. بیرۆکە و پڵانی ژیانێکی پڕ خۆشی دەدۆزیتەوە...
ژیانی مرۆڤێک.. کە لە وڵاتی پڕ لە دێو و گیانەوەری مرۆڤخۆردا دەژیا..
لەو وڵاتەدا.. لە مانگی دیسەمبەردا
بەفرێکی ێجگار زۆر دەبارێت..
بەفرێکی سپی، ێجگار سپی..
لەو کاتەدا ڕەشەبایش بە هێمنی دەزریکێنێت...
وەکوو ئامێرێکی (تەشی ڕێسان)..
لەوێ مرۆڤێکی (سەربۆر) دەژیا...
بەڵام پیاوانەترین مرۆڤ بوو،
لەگەڵ ئەوەیشدا شاعیر بوو
مەزن نەبوو، بەڵام بەهێز بوو...
ئافرەتێکی سۆزانیش هەر لەوێ دەژیا
تەمەنی چل ساڵان دەبوو
ئافرەتێکی لەشفرۆش بوو
بەڵام زۆر ناسک بوو.....
ئەو پێی گوتم...
' شادی تەنها مەکربازی مێشک و دەسته...
ئەوەی خاوەنی گیانێکی مەکرباز نەبێت
هەر بە نابەختەوەر ناوبانگی دەبێت..
ئەو نابەختەوەرییەش هیچ زیانێکی وەهای نییه..
گشت چەرمەسەرییەکانی ژیان : ئازاریکی کاتی بە مرۆڤ دەگەێینن
لە کاتی ڕەهێڵە و ڕەشەبادا..
لە کاتی سەرما و سۆڵە دا
لە کاتی زیان و لە دەستچوونی سەرمایەی زۆردا..
یا کاتێک کە زۆر خەمبار و تەنها و بێ کەس دەبیت
با خەندەلیوێکی سادە لەسەر لیوەکانتا بە بەردەوامی بوونیان هەبێت..
مرڤی ڕەش...
تۆ ناتوانیت ئەوە بکەیت
خۆ تۆ کاری سیحر نازانیت، تا لە ناخمدا تێهەڵچیت و لێم تێبگەیت..
دەربارەی شاعیرەکەیشت..
بڕۆ بۆ کەسێکی تری بگێڕەوە..
مرۆڤی ڕەش.. تەماشای نێو چەوانم دەکات
چاوەکانی پەردەیەکی مەیلەوشین تەڵخی پڕ نەخۆشین...
پڕ بەدەم و بێ شەرم پێم دەڵێت : کە من جامباز و دزم...
(هاوڕێم.. ئەی هاوڕێم..
من دەردەدارم..
زۆر دەردەدارم..
تەنانەت خۆیشم نازانم
لە چ گۆشەیەکی ناخمدا
ئەم دەردە دەنگ دەداتەوە.
وەکوو کاتێک، کە ڕەشەبا لە نێو خەرمانێکی چۆڵدا بزریکێنێت..
یا.. کاتێک کە (مەی) لە نێو مێشکمدا بڵاو دەبێتەوە..
وەهام لێ دەکات.. کە وەک خەرمانێک بم،
کە لەمانگی سیپتەمبەردا هەڵ بوەرێت...
گوێچکەکانم لە نێو مێشکمدا پەلەقاژەیانه...
وەکوو چۆن باڵەکانی بالندەیەک، کە هەوڵی فڕین دەدەن..
بەڵام بە قاچمەوە بەستراونەتەوە، و توانای فڕینیان نییه...)..
شەو..
سەرما و سۆڵ..
ڕێگا..
بێ دەنگی و هێمنی..
من هەر لە تەنهاییدام.. لە بەر پەنجەرەی ژوورەکەمدا..
نە میوان، نە هاوڕێ
چاوەڕوانی کەس ناکەم..
گردەکەی بەردەم ماڵەکەم
لە جیاتی گیا، بە وردە بەرد داپۆشراوە..
درەختەکانیش وەکوو کۆمەڵێک ئەسپسوار
لە دەوری مالەکەمدا کۆ بونەتەوە..
لە شوێنێکدا
لە شەوێکی ێجگار تاریک
باڵندەیەکی ڕەشی پڕ شووم..دەگریا..و
ئەسپ سوارە لە تەختەدرووستکراوەکان..
شوێن قاچی ئەسپەکانیان تەییدەکرد...
جارێکی تریش، ئەم مرۆڤە ڕەشە..
لە بان پێخەڤتەکەم دانیشتبوو..
... کلاوە بەرزەکەی لەسەری لابرد...
چاکەتەکەی داکەند... و پێی گوتم :
گوێبگرە.. گوێبگرە
بە دەنگێکی هێمنی بە خورپەوە..
ڕووی کردە دەمووچاوم و بە هێواشی بەرەو دەمووچاوم نزیکبوویەوە و
پێی گوتم..
من هەرگیز نەمدیوە، تەنانەت لە نێوان گشت ناپیاو و خوێڕییەکانیشدا
مرۆڤێکی ئاوەها بێمێشک و پڕ ئازاری وەک تۆ...کە لە (بێ خەویی) دا تا بەیانی، بتلێتەوە..
ئاخ بەڵکوو من هەڵە بووبێتم.......
ئیمشەو مانگەشەوە
ئەم ئەفسووسە بچووکە چی دەوێت بۆ ئەوەی پڕ بێت لە خەوتن..؟
ئاخ..
من شاعیرانم زۆر خۆش دەوێت..
لەبەر ئەوەی خەڵکانێکی ڕووخۆشن..
هەموو کاتێک لەگەڵیاندا، شارەزایی بەشێک لە مێژوو دەبم..
جێرۆکی خۆش و نزیک لە دڵەوەم..بۆ باسدەکەن...
من نازانم..
لە بیرم نایەت..
لە چ گوندێک
لەوانەیە گوندی(کالوگا).. یا (ریازان) بێت..
منداڵێک دەژیا..
لە ماڵێکی بچووکی (جوتیارانەی)گوندیی سادەدا..
منداڵێکی قژ زەرد و چاوشین بوو..
ئەو ئێستا گەورە بووە
و بووتە شاعیر..
مەزن نییه، بەڵام بەهێزە...
ئافرەتێکی سۆزانیش هەر لەوێ دەژیا
تەمەنی چل ساڵان دەبوو
ئافرەتێکی لەشفرۆش بوو
بەڵام زۆر ناسک بوو.....
ئەی مرۆڤی ڕەش..
چەند میوانێکی قورسیت..
وەهای لێ کردم کە زۆر تووڕە بم
داردەستەکەم بە دەمووچاویادا بشکێنم...
مانگ مرد..
سپیدەی بەرەبەیانیش،
لە پەنجەرەی ژوورەکەمدا، شین و مۆر هەڵدەگیرسا..
ئا خ ئەی شەو..
بۆچی وەهات لێکردم..؟
دەوەستم لە نێو کڵاوە بەرزەکەدا..
تەنهام...و کەسیشم لەگەڵدا نییه...
تەنها خۆم و ئاوێنە شکاوەکەم......
.هۆنراوەی : (مرۆڤی ڕەش)
سیرگی ئەلیکساندروڤیچ یەسینین(28.12.1925 - - 03.10.1895)
وەرگێڕانی لە ڕوسییەوە : ڕاپەر عوسمان عوزێری[1]