موسل و دەشتی هەولێر لە پەڕتووکی:
ڕحلة الفرنسي تافرنييه الی العراق في قرن السابع عشر
تافرنییە گەشتیارێکی فەرەنسی بووە لە ساڵی 1605 لە پاریس لەدایک بووە، زۆربەی تەمەنی لە گەشتکردن بۆ وڵاتان بردۆتە سەر، شەش گەشتی کردووە، هەر گەشتەی چەندیین ساڵی خایاندووە، پەڕتووکێکی نووسیوە بەناوی (شەش گەشتەکە) لەگەشتی دووەم کە لەساڵی 1643 - 1642 ی خایاندووە، لە حەلەبەوە هاتۆتە میزۆپۆتامیا و دوایی چۆتە هیندستان.
لەگەشتی چوارەمیش کە لەساڵی 1656 - 1652 ی خایاندووە، دیسان هاتۆتە موسڵ و دەشتی هەولێر و دوایی چۆتە بەغدا.
لەگەشتی دووەم دەڵێ : لە 5 ی نیسان گەیشتینە موسڵ کە تەنها پەڕینەوەیەک(ڕۆیشتنەک) لە شاری نەینەوا دوورە، مووسڵ مەبەستی لای ڕۆژئاوای دیجلەیە ئەوکات زیاتر مەسیحیەکان تێیدا نیشتەجێ بوون، دەڵێت چوار کۆمەڵە خەڵکی مەسیحی تێدا دەژایا ئەوانیش ڕۆم و ئەرمەن و نەستووریەکان و موارنە بوون. بازاڕی تێدابووە کە بە بازاڕی مەیدان بەناوبانگ بووە (سوق المیدان)، دووخانی تێدابووە بۆ گەشتیاران.
دەڵێ : دوای لە پردێکی بەردین پەڕینەوە بۆ دیوی نەینەوا گردێکی گەورەی تێدابووە، گۆڕی پێغەمنبەر یونسی (یونان)ی تێدابووە. دەڵێ لەوێ کوردێکمان وەک سەرقافلە بەکرێگرت بۆ ڕۆیشتن، نووسیویەتی کوردێکی وڵاتی ئاشوور، کە ئێستا پێی دەڵێن کوردستان، دەڵێ لەڕووبارێک پەڕینەوە پێیان دەگوت ڕووباری بەهرۆز (مەبەستی خازرە) دوایی هاتوونە بۆ سەر زێی زابی گەورە کە پردێکی بەردینی هەبووە بۆ پەڕینەوە لە 9 کەوانە پێکهاتووە، دەڵێ خەڵکەکە دەیانگوت ئەو پردە ئەسکەندەری مەکدۆنی دروستی کردووە، پاش پەڕینەوەمان لەزابی گەورە، خەڵکەکە دەیانگوت ئێرە وڵاتی شارەزوورە، مەبەستی لەدەو زێی گەورەیە نزیک ئاسکی کەلەکی ئێستا، دەڵێ دوایی ڕۆژی یەکەم کەوتینە ناو چیایەکی بێ ئاو، لەوانەیە مەبەستی قەرەچوغ بێت، ڕۆژی دووەم گەیشتینە دەشتەک پێیان دەگوت (دەشتی ئەربل) دەشتی هەولێر، درەختی بەبەری زۆر تێدابوو، کە لێرە ئەسکەندەر بەسەر دارا دا زاڵ بوو، واتە شەڕی گوگملا لەساڵی 331 پ.ز. دەڵێ دوایی گەیشتینە ئاوی (ئاڵتون سو) واتە زێی پردێ.
لە گەشتی چوارەم لە 1651/11/13 دەڵێ ڕوومان بەرەو نەینەوا بوو، لە 02.02.1652 گەیشتینە موسڵ لە 15.02 لەموسڵ دەرچووین بەرەو وڵاتی بابل (بەغدا) دەڵێ لەو ڕێگایە واتە لەدیوی ڕۆژئاوای دیجلە زۆر کانی و سەرچاوەی ئاوی گەرممان دیت، کە بۆنێکی کبریتی لێ دەهات، دەڵێ لەو ڕۆخ و لەو ڕۆخی ڕووباری کورد و عەرەبمان دەدیت، کورد لەلای ڕۆژهەڵاتی دیجلەبوو، عەرەبیش لەلای ئاشوور بوو (رۆژئاوا) هەردووکیان لە حالەتی شەڕ بوون لەگەڵ یەک، هەردوو تیپ بە ڕێک و پێکی بەرۆخی ڕووباردا دەرۆیشتن، گەنجەکان تیر و تفەنگ و چەکی شەڕییان پێ بوو لە پێشەوە دەڕۆیشتن، لەدوای خۆیان ئافرەت و منداڵ و مەڕوماڵاتیان دەرۆیشت، لەدوایێ پیرەکان دەڕۆیشتن، هەر یەکە لە کورد و عەرەبەکان لە پێش خۆیان ئەسپ سوارییان دەناردە سەر گردەکان بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی بەرانبەرەکەیان، ئنجا وەک کاروان دەڕۆیشتن.[1]