مەلا موحسین گۆمەشینی
ناو: موحسین
ناوی باوک: حەسەن سەید برایم
ناوی تەواوی (موحسین سەید حەسەن سەید برایم سەید محەمەد بەرزنجی)ە، لە دایکبووی (01-07-1957)ی گوندی (#گۆمەشین شێخان#)ی شارەدێی (#دێگەڵە#-شۆڕش)ی #کۆیە#ی پارێزگای #هەولێر#ە، لە خانەوادەیەکی ئایینی و نیشتمانپەروەری، خاوەن دەیان شەهیدی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد گۆش و پەروەردە کراوە، قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی گۆمەشینی شێخان تەواو دەکات و بۆ خوێندنی ناوەندی ئیسلامی دەچێتە شاری کۆیە و دواتر لە شاری هەولێر دواناوەندی (پەیمانگای ئیسلامی) تەواو دەکات، ساڵی (1983) کۆلیژی شەریعەی زانکۆی #بەغدا# تەواو دەکات.
ساڵی (1974) تا نسکۆی شۆڕشی ئەیلول پێشمەرگایەتی کردووە لە ڕیزەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، ساڵی (1976) پەیوەندی دەکات بە ڕێکخستنەکانی خوێندکاران لە شاخ لە ڕێگەی شەهید (فەقێ گۆمەشینی) لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری ئەو سەردەم کاریانکردووە ئەوانیش (دکتۆر جەواد چۆمحەیدەری و مەلا ئەکرەم گۆمەشینی و حیکمەت مەحمود و ئەمیر عوسمان و نەوزاد سەمەد و حاتەم سەید حەمەد)، ساڵی (1985-1988) لە کەرتی شەهید عەلی #دیبەگە# لە تیپی87ی قەرەچوغ دەبێتە پێشمەرگەی (#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#)، هەر لە خەباتی پێشمەرگایەتیدا لە (14-11-1986)دا لە شەڕی (سیاو شێخەروان) بریندار دەبێت بەرانبەر سوپای ئێراق، ساڵی (1989) بۆ ماوەی (6) مانگ زیندانی کراوە لە دەزگای (ئەمنی هەولێر).
ساڵی (1994) لە گوندی گۆمەشینی زێدەکەی خۆی دەبێتە وتارخوێن و پێش نوێژی مزگەوتی گۆمەشینی شێخان، لە ساڵی (1995)ەوە نوێنەری ساداتی شارۆچکەی کۆیەی شێخانی بەرزنجی بووە، لەنێوان ساڵانی (1999-2011) مامۆستا و بەڕێوەبەری خوێندنگەی ناوەندی گۆمەشینی شێخان بووە لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کۆیە، لە ساڵی (2013)ەوە گواستراوەتەوە بۆ میلاکی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کۆیە لە مزگەوتی (شێخ ئەدیب تاڵەبانی) دەبێتە وتاربێژ و پێش نوێژ خوێن، تا ئێستا لەو مزگەوتەدا خزمەت دەکات.
چاوپێکەوتن لەگەڵ (مەلا موحسین گۆمەشینی) وتارخوێنی مزگەوتی شێخ ئەدیب تاڵەبانی لە شاری کۆیە، تایبەت بۆ کوردیپێدیا لە ڕێکەوتی (01-07-2022). [1]