خۆزگە ڕواندزم هەر نەدیایە.. کاشکی ناویشیم نەبیستایە..
ئاه چەند خۆشە مرۆڤ بتوانێ خۆشەویستی و دڵداری دەرنەخا و بە نهێنی بیهێڵێتەوە!
گەڵاڕێزانە
دوانامەی شەهید محەمەد قودسی بۆ نەجیبەی جوانەمەرگی
بەغداد، 1943
خۆشەویستەکەم.. تاقە گوڵەکەم..
نەجیبە گیان! ئازاد گیان!
کاتژمێر سانیە و دەقیقە و سەعاتی ژمارد.. مانگی خۆشەویست هەڵهات و ئاوا بوو. ڕۆژی ژمارد، چەرخەی زەوییش دەستی مانگ ژماردنی درێژ کرد و مانگ ڕابورد.. بەڵێ فەسڵ گەیشتە گەڵاڕێزان، درەختی جوان و پیرۆز نوخشەی ئاڵوواڵای لە خۆی داماڵی.. ئەو بەرگە سەوزە جوانەی کەوتە زەردبوون و پەیتا پەیتا کەوتە خوارێ...
گیانە.. سێ ساڵ لەمەوبەر دەستی کردگار خۆی بۆ درێژ کردم، بەرەو نیشتمانی پیرۆزتی ڕاکێشام..
تەنها سێ ساڵ لەمەوبەر هاتمە ڕواندز، لە ماڵی پیرێکی دڵسۆزی قاڵبوو لە ئیشی دنیایی دابەزیم.. هاوخوێنەکەم! ئەو ڕۆژەم لە بیرە؛ زۆر باش لە بیرمە کە لەگەڵ دایکە دڵسۆزەکەتا هاتیتە ئەو ماڵە.. تۆم دی بەڵام چۆن، بە هەزار شەڕەشەق منت دی، بەڵام بە ڕێکەوت.. هەر لەو ڕۆژەوە، وا ئەزانم هەر لەو ڕۆژەوە بوو کە هەر یەکە لە ئێمە وای بە بیردا ئەهات کە هەردووکمان بۆ یەکتری هاتووینەتە ئەم دنیایە.. دڵسۆزەکەم!
وا ئەزانم هەر ئەو هێزە بوو وای لێ کردم کە لێت نزیک بمەوە و هەمیشە چاوم لێت بێت..! ئاه چەند خۆشە مرۆڤ بتوانێ خۆشەویستی و دڵداری دەرنەخا و بە نهێنی بیهێڵێتەوە! نەونەمامەکەم، دوای ئەوە بە پێنج مانگ بە هۆی دڵسۆزێکمەوە توانیم ئەوەی لە دڵمایە دەریبڕم؛ دەرکەوت، هەروەها جگەرگۆشەکەم، له لایەن تۆشەوە خۆشەویستی و هاوڕێیی گیانی بە گیانیت دەر کەوت.. هەر لە دوای ئەوە بە سێ مانگ بە ئاهەنگی خۆشی کوردانەوە بە یەک گەیشتین.. خۆزگە ڕواندزم هەر نەدیایە.. کاشکی ناویشیم نەبیستایە... ئێستا، ئا ئێستا فیکرم ئەحەسایەوە.. گڕی دەروونم هەمیشە لە بڵێسەدا نەئەبوو.. هاوپەیمانەکەم!
تەنها! تەنها ساڵێکمان ژیانی خێزانی و کامەرانیمان بەسەر برد.. هەر لەو ڕۆژەدا کە بە یەک گەیشتین هەر لەو ڕۆژەدا لە دوای ساڵێک، بەرەبەیان بوو، ئەستێرەکان لەگەڵ مانگی لە ئاوابووندا چاوبڕکێیان بوو.. سەرت نا بە سەرمەوە و وتت، هەست بەوە ئەکەم کە کۆرپەکەمان ئەیەوێ بێتە ژیانەوە.. دیسان ئەو لێوە ئاڵە جوانەت کردەوە و وتت، هەست بە ئازار ئەکەم.. منیش، منی نەگبەت، گورجوگۆڵ هەڵسام هەردوو دایکە دڵسۆزەکەمانم لە خەوی خۆشیان ڕاپەڕان.. خۆم هاتمەوە سەر جێگاکەم؛ هەر بیر لەوە ئەکەمەوە کەی.. کەی گریانی ژیانی کۆرپەکەمم دێتە گوێ... دنیا ڕووناک بووەوە، هێشتا هیچ دیار نییە.. هەڵسام چوومە دەرەوە.. گەڕامەوە.. ئەوا ئەبیەم کۆمەڵە ژنێک ڕاوەستاون: ئای فەقیرە.. ئای دەستم شکێ.. کوڕێکی چەند جوانی بە مردوویی بوو.. خۆی خۆش بێت! وەک شتێک لە دڵم چەسپی کە باسی کۆرپە خۆشەویستەکەمە، باسی ئازاد گیانە.. خۆم کرد بە ماڵا.. چیم دی؟ کاشکی نەمدیایە... ئەوا ئازاد گیانی ناسک و نازداریان لە کفنێکی سپییەوە پێچاوەتەوە بەرەو گۆڕستانی گەردەگەردی ئەبەن.. هەر کە چاوم بەو وێنەیە کەوت دوو دڵۆپ فرمێسکی گەرم لە چاومەوە سەری کرد، کەوتە سەر ئەو لاشە پیرۆزە.. ئیتر کە وا بوو گەڵاڕێزانە، ڕاستە.. بەڵام گیانەکەم، دڵخۆشیی خۆم بەوە ئەدایەوە کە تۆ، تۆی خۆشەویست، ڕزگارت بوو.. بەڵام هەر لە دوای ئەوە بە دوو ڕۆژ ئەوا بەرەو ماڵەوە دێمەوە کە هەر وەکوو ڕۆژان پێکەوە دانیشین بە قسەی خۆش وەقت ببەینە سەر، کەچی کە خۆم کرد بە ژوورا چی ببینم؟ نازانم.. نا... زا... نم.. ڕەنگێکی زەردهەڵگەڕاو.. چاوێکی سیس.. جووڵانەوەیەکی بێئەندازە.. ئەمە چییە؟! هاوارت کرد: مەڕۆ، وەرە.. وەرە تەنیشتمەوە.. دەستێ بکەرە ملم وا ئەڕۆم.. گوێت لێیە؟ ئەها.. ئا ئەوەتا ئازاد، ئازاد گیان بانگم ئەکا... لەم قسانە ڕاچڵەکیم! بەبێ شعوور نزیک بوومەوە و خۆم دایە زەویا.. هاوارم کرد، دکتۆر، ڕاکەن دکتۆر بانگ کەن.. بەڵام دیسان ئەو چاوە سیسە جوانانەت کردەوە و وتت، ئەوا ڕۆح گەیشتۆتە ئێرەم.. دەستە لاوازە بێهێزەکەت خستە سەر قوڕگت. دیسان وتت، برام.. برام.. ب... ڕا... م.. ب... ڕا... ب... لێوی پیرۆزت و چاوی نازدارت پێکەوە لێک نا، لە ژیان جیا بوویتەوە... منی قوڕبەسەریش لەوە زیاترم بۆ نەماوەتەوە کە غەمگین بم.. وێڵ بم، بەڵێ خۆشەویستەکەم، چووی بە هاواری ئازاد گیانەکەمەوە.. منیش هیچم بۆ نەماوەتەوە ئەوە نەبێ کە هەمیشە گەلاوێژی خۆشەویست بگرم بە دەستەوە؛ تەماشای ئەو واتە شیرینانەت بکەم کە لە باسی ئاوڕێکی پاشەودا گەلاوێژ وێنەی کردووە.. هیچم بۆ نەماوەتەوە ئەوە نەبێ کە هەمیشە وتەکانی کانیی خۆشەویست بڵێمەوە کە ئەڵێت:
ئاه! ئەی چەرخی دەنی، ئاه لە دەستت سەد ئاه
کەلەنی خستە دڵم چوونی لەیلام، ئەی واه
مەعشووقەی موفتەخیرم، یاری عەزیزم ڕۆیی
حەیفە بۆ جیسمی وەها، شین بێ لە سەرقەبری گیاه!
وەکوو دڕکی بێغەشی بوو لە چاو ئینس و مەلەک
نەبوو عەینی هیچ ئیبن خاڵیس و بێ جورم و گوناه
خۆشەویستەکەم!
تۆ ڕۆیشتیت خەم و خەفەتت بۆ منی قوڕبەسەر بەجێ هێشت.. ئاه لەم ساڵە چەند شوومە.. چەند ناخۆشە.. کە وا بوو گەڵاڕێزانە.. کە وا بوو، بنوو گیانەکەم، بنوو بە نووستنێکی ئەبەدی بنوو..
هێنانە سەر ڕێنووسی ئەمڕۆ: زیاد ئەسعەد. [1]