ناو: کەریم
نازناو: کەریم شینه
ناوی باوک: شینه
ساڵی لەدایکبوون: #1944#
ڕۆژی کۆچی دوایی: #11-8-2012#
شوێنی لەدایکبوون: #شەقڵاوە#
شوێنی کۆچی دوایی: #هەولێر#
$ژیاننامە$
مامۆستا کەریم شینە، ئەگەر هەموو کەسێک پێی ئاشنا نەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە هەموو منداڵانی بێ سەرپەرشت (بێ دایک و باوک) و خاوەن پێداویستییەکان و بەساڵاچووان و بێوەژنان، چاک پێی ئاشنان. کاتێک ئەو وەک یەکەم توێژەری کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسی لە دامەزراوە بەراییەکانی بەشی چاودێری کۆمەڵایەتی دەست بەکاربوو، کە ئەوسا لە کۆتایی شەستەکاندا بە (هێتیمخانە) ناوزەندکرابوو لەو بینایەی ساڵی 1960 کان (کۆلبەنگیان) لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر درووستکرابوو..
کەریم شینەخۆشناو لە بنەماڵەیەکی جوتیار ی گوندی (قەڵاسنجی خواروو) ی دۆڵی خۆشناوەتی لە دایکبووە، بەداخەوە بەهۆی کێشەی کوشتنکاری پێش بوونی ئەو (شینە شینە) ی باوکی کۆچ دەکات، دواتر دێنە دەشتی هەولێر لە گوندی (عەوێنە) لەگەڵ خانەوادەکەیاندا نیشتەجێ دەبن.
دوای ئەوەی باوکی کۆچی دوایی کردووە و دایکی و کەریمی تەمەن (5) ساڵان دێنە هەولێر لە گەڕەکی (خانەقا) نیشتەجێ دەبن.. دوای ماوەیەک لە قوتابخانەی (ئەربیل ئولا) داخڵی پۆلی خوێندن دەکرێت و قۆناغی سەرەتای و دواناوەندی تەواو دەکات، لەگەڵ ئەوەی بەهەژاری ژیاوە بەڵام کۆڵی نەداوە و دواجار لە ئامادەیی دەردەچێ و لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی دانیشتگای بەغدا (جامعة بغداد) وەرگیراوە، لە کۆتای 1960 بڕوانامەی بەکالۆریۆس وەردەگرێ..
لە بەشی چاودێری کۆمەڵایەتی (دارالایتام - بێ باوخانە) دادەمەزرێ و دیارە ئەو کاتەش توێژەری کۆمەڵایەتی وەک پێویست خەڵک بایەخی نەداوەتی و بە مامۆستا دامەزرابوو، سەرەڕای کەمی ڕێژەی ئەو پسپۆڕییە، بەڵام وەک حەزێکی ئەو کاتەی خۆی وەک منداڵێکی بێ باوک گەورەبوو، ئەو کارەی لا خۆش بووە.
کەریم بەهەوڵی خۆی و ئەوەی لە زانکۆ فێری بوو، خۆی ڕاهێنا و دواجار تا خانەنشینی پیاوێکی سەرکەوتوو بوو لە ئەدا کردنی کارەکانی و کەسایەتییەکەی، پیاوێکی نەرم و قسەخۆش و ورد و دەست و داوێن پاک بوو و هەڵسوکەوتی لەگەڵ منداڵانی بێ باو و دایک و کەمئەندامان و پیر و بەساڵاچوان و بێوەژنان، ڕەفتاری درووست و پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی میهرەبان و بەهێزی هەبوو.
لە میانەی کارکردنی لەگەڵ خاتوو ڕزقیە عیزەت ئامێدی توێژەری کۆمەڵایەتی دێرین ماوەیەک ڕێبەری بەشی چاودێری کۆمەڵایەتی بوو، بە یەکەوە کاری زۆریان پێشکەش بە کۆمەڵگە کردووە..
وێڕای ئەوەی ئەو منداڵی خانەوادەی ناو چیا و خۆشی منداڵی دەشتبووە و دوای دەرچوی زانکۆ و شارستان بوو پڕۆسەی هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی خانەوادەی دیاری حەمامچیەکانی هەولێر بەناوی (نەسرین خان) کردووە و کوڕ و کچێکیان بوو. [1]