ناونیشان: گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا و کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی خۆراک
نووسەر: #سەردار عەبدولڕەحمان#
کوردستانی نوێ، ژمارە (8721)، #06-08-2022#
توێژەران کۆکن لەسەر ئەوەی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا یەکێکن لە گرنگترین ئەو کارەساتە سروشتییانەی کاریگەریەکی زۆری هەیە لەسەر چالاکییە جۆر بە جۆرەکانی مرۆڤ لە دنیای ئەمڕۆماندا بەتایبەتی چالاکی کشتوکاڵی، چونکە زۆرجار چالاکییە جۆر بە جۆرە نا بەرپرسەکانی مرۆڤیش ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە زەمینە سازکردنی ئەم دۆخە، چونکە مرۆڤ بە درێژایی مێژوو بێ بەزەییانە کەوتۆتە وێزەی سروشت بێ گوێدانە ئەوەی ئایا پاشەڕۆژی ژینگەیی هەسارەی زەوی چ هەڕەشەیەک بۆ نەوەی دواڕۆژ ساز دەکات، گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا زیاتر کاریگەریی دەبێت لە ناوچە یەکسانەکانی زەوی، چونکە ڕووبەرە سەوزاییەکانی ناوچەکە ڕووبەڕوی کەمبوونەوە دەبێتەوە بەهۆی کەمی ڕێژەی باران بارین و زۆربوون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بڵاوبوونەوەی مێژوو مەگەزە زیان بەخشە کشتوکاڵییەکان.
دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە لە هەرناوچەیەکی ئەم هەسارەیەدا دەبێتە هۆی پاشەکشەی بەرهەمی کشتوکاڵی، لەبەرئەوەی گۆڕانی ئاووهەوا دەبێتە هۆی دورستبوونی دیاردەی وشکەساڵی یان بارانی بەخوڕ و سەرهەڵدانی لافاو لە وەرزی هاویندا بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە هەردوو دیاردەکە زیان بە زەوییە کشتوکاڵییەکان دەگەیەنن.
کاریگەرییەکان لەم ڕوانگانەوە دەبن
1- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە هەرێمەکانی ناوچەی بازنەی پانی ناوەڕاست بەتایبەتی لە ناوەراستی کیشوەرەکاندا هۆکارێکە بۆ تێکچوونی سیستمی ژینگەی کشتوکاڵی.
2- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەبێتە هۆی وێرانبوونی کەرتی کشتوکاڵ (دانەوێڵەو ئاژەڵ) بەخێوکردن.
3- نزم بوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان دەشێ لە هەندێک ناوچەدا ببێتە هۆی نەمانی ئاسایشی خۆراکی
تایبەتی لە ناوچەکانی کیشوەری ئەفریقا.
4- زۆربوونی تێکڕای بەهەڵمبوون دەرەنجامی بەرزی پلەی گەرمی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی شێی خاک.
زۆربوونی باران بەشێوەیەکی بە لێزمەو بەخوڕ دەبێتە هۆی ڕاماڵینی خاک بە لێشاو.
5- بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئەو شارانەی نزیک دەریاکانن.
6- زەویە کشتوکاڵیەکان لە ناوەندی کیشوەرەکان دەکەونە ناوچە خولگەی بارانە زۆرەکان بەهۆی دابەزینی بڕی باران بارین توانای بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی کەمتر دەبێت وەک کیشوەرەکانی (ئەفریقا و ئاسیا)
7- بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیاتر توشی نەخۆشییە ڕووەکییەکان دەبن.
بە پێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بە ڕێژەی (1.5) پلەی سەدی دەبێتە هۆی لە ناوبردنی یەک لەسەر سێی ئاژەڵ و ڕووەک.
8- سووتاندن و لەناوچوونی ڕووبەرە دارستانە سروشتییەکان.
$بەبیابانبوون:-$
یەکێکە لەو کێشە جیهانیانەی ڕووبەڕوی زۆرێک لە شارەکان بۆتەوە لە سەرتاپای جیهان، وا پێناسە دەکرێت بریتییە لە (کەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنانی بایەلۆجی زەوی و لەناوچوون و وێرانبوونی بەپیتی زەوییە کشتوکاڵە بەرهەم هێندراوەکان کە سەرەنجام ناوچەیەکی سەوزایی دەگۆڕێت بۆ ناوچەیەکی بێبەرهەم، هەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی بارودۆخی ئاووهەوای بیابانی لە ناوچەکەدا)
دیاردەی بەبیابانبوون دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ژیانی ڕووەکیی، کۆی گشتی ڕووبەری بە بیابانوون لە جیهاندا (46) ملیۆن مەتر دووجایە، لەم بەشەدا نیشتیمانی عەرەبی (13) ملیۆن مەتر دووجای بەردەکەوێت، کە دەکاتە لە
(28%) کۆی گشتی بیابانەکانی جیهان. سیستەمی لاوازی ژینگە بەهۆی کردارەکانی مرۆڤ و هۆکارە سروشتییەکانی تر هۆکارێکی تری بێ پیتی خاکە، ئەو بەشەی هەموو جیهان خۆراکی خۆی لێ بەدەست دەکەوێت لەسەر ڕووی زەوی بریتییە لە (خاک- التربە-soil) هەروەها لێرەدا جیاوازیەکی گرنگ هەیە لە نێوان زەوی و خاک، (خاک) بریتییە لە چینێکی نەرمی سەرڕووی زەوی کە ڕووەک تیایدا خۆراکی خۆی بەدەست دێنێت و دوای وشکبوون و نەمانی ڕووەک یاخود شیبوونەوەی پاشماوەی ڕووەک دووبارە ئەم پاشماوانە دەبنە ماددەی ئەندامیی بۆ خاک وەکو ماددەی (دووبال)، خاک لە بنچینەدا بوونێکی گرنگە بۆ چالاکی کشتوکاڵی و ژیانی ئاژەڵی، دروستبوونی خاک بریتییە لە پڕۆسەیەکی درێژخایەن کە چەندین ملیۆن ساڵە لە پرۆسەی دروستبوونی خۆیدا نەوەستاوە، ئەو هۆکارانەی کە ڕۆڵێکی گرنگیشیان گێڕاوە بۆ $دروستبوونی خاک بە شێوەیەکی گشتی بریتیین لە:$
1- ئاووهەوا.
2- پلەی گەرمی.
3- شێ.
4- مرۆڤ.
5- کات.
ئاشکرایە زیادبوونی خێرایی با و بوونی بارانی بەخوڕ هۆکارێکە بۆ ڕووتانەوە و ڕاماڵینی خاک، ساڵانە چەندان ڕووبەری زەوییە چێندراوەکانی خاک ڕووبەڕووی پرۆسەی ڕاماڵین دەبنەوە، سەرەنجام دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بڕو ڕێژەی ماددەی ئەندامی وەک نایترۆجین و فسفۆر و پۆتاسیۆم و کالسیۆم و کبریت و.....هتد، واتا بەهۆی کرداری باوە ڕێژەی لەدەستچوون زیاتر دەبێت لە دروستبوونی پەینی کیمیاوی لە خاکدا.
راماڵینی خاک یەکێکە لە دیاردە ترسێنەرەکانی لەناو چوونی ژیانی ڕووەکی و ئاژەڵی لەسەرتاپای جیهان، دروستبوونی پرۆسەی خاک بە شێوەیەکی زۆر هێواش و لەسەرخۆیە، بۆ دروستبوونی چینێکی خاک بە ئەستووری (18)سم، پێویستیمان بە (1400-7000) ساڵ هەیە، چەندیەتی ئەو زەویانەی ڕووبەڕووی لەناو چوون و وێرانبوون دەبنەوە لە سەرتاپای جیهان لەم چەند ساڵەی دوایدا بەتایبەتی بۆتە هۆی لەناو چوونی (23%) ی زەویە کشتوکاڵە چێندراوەکان.
راماڵینی خاک دیاردەیەکی سروشتییە بە درێژای کات ئەم دیاردەیە بوونی هەبووە، بەڵام چالاکییە جۆر بە جۆرەکانی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە بە شێوەیەکی بێ بەرنامەیی و ناهۆشیارانە و ناتەندروست بۆتە هۆی:-
1- لەناوچوونی ڕووپۆشی ڕووەکی سروشتی.
2- لەوەڕاندنی زیاد لە پێویست بەتایبەتی لە ماوە وشکەکاندا.
3- ڕاپەراندنی کاروباری کشتوکاڵ و کێڵانی زەوی بە شێوەیەکی ناهۆشیارانە و ناتەندروست لە کاتە وشکەکاندا دەبێتە هۆی لەبەریەک هەڵوەشانی چینی سەرەوەی خاک.
$مەترسی گۆڕانکارییەکان لەسەر ئاسایشی خۆراک$
1- کەمبوونەوەی خۆراک لە ڕوانگەی چەندایەتی و چۆنیایەتی.
2- توانەوەی ناوچە سەهۆڵبەندانەکانی ناوچە جەمسەرییەکان بەهۆی دیاردەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی.
3- کەمبوونەوەی ئاوی پاکی خواردنەوە.
4- دیاردەی خۆڵبارین (sand strom).
5- کەمبوونەوەی ڕووبەری ناوچە دارستانەکان لە جیهاندا.
6- پیسبوونی جۆرەکانی ژینگە.
7- سەرهەڵدانی دیاردەی لافاو.
8-فراوان بوون و گەشەکردنی دیاردەی شارنشینی بەهۆی دیاردەی کۆچ کردنەوە.
9- تێکچوونی ئاسایشی نەتەوەیی.
10- بڵاوبوونەوەی نەخۆشیە درێژخایەن و هەستییارەکان.
11- سەرهەڵدانی دیاردەی کۆچ. [1]