ویلایەتی #وان# ناوی ویلایەتێکی کوردییە له باکووری کوردستان هەڵکەوتووە و یەکێکە له حەوت ویلایەتە کوردییەکەی له چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا بوون و چوارەیەمین ویلایەتی کوردستانه لەڕووی ڕووبەرەوه که لە باکوورەوە بە ویلایەتی (#ئەرزەڕۆم#) و لە ڕۆژئاواوە به ویلایەتی (#بتلیس#) و لە باشوورەوە بە ویلایەتی (#مووسڵ#) و لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان که بەشێکه له وڵاتی ئێران دەورە دراوه.
ویلایەتی وان له ساڵی (#1864#ز) دامەزراوە، واتا شوێنی ئیالەتی وانی گرتووه که له بیست سنجەق پێک هاتبوو، ئەم ویلایەته تاوەکوو ساڵی (#1922#ز) به ویلایەت مایەوە، که له و ساڵدا کرایه دوو پارێزگا کە هەر به شێوەی دوو سەنجەقی جاران مایەوە و ئەوانیش پارێزگای وان و پارێزگای هەکاری (جۆلەمێرگ-حەکاری)ین، که ئێستا تەواوی خاکی ویلایەتەکە سەر بە کۆماری تورکیایە. ڕووبەری ویلایەتی وان نزیکەی (47.700) کیلۆ مەتر چوارگۆشەیە، بەڵام هەندێک سەرچاوەی تری تورکی ڕووبەری ئەم ویلایەتە بە نزیکەی (39.000) کیلۆ مەتر چوارگۆشە دادەنێن، بەڵام سەرچاوە ئەوروپییەکان ناکۆک بوون لەسەر ڕووبەرەکەی که هەندێکیان ڕووبەری ئەم ویلایەتە بە نزیکەی (39.000) کیلۆ مەتر چوارگۆشە دادەنێن و هەندێکی تریان ڕووبەری ئەم ویلایەتە بە نزیکەیی (40.000) کیلۆ مەتر چوارگۆشە دادەنێن. ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی (430.000) کەسە کە زۆرینەی هەرە زۆریان له نەتەوەی کوردن و باقیەکەی تر له نەتەوەکانی تورک و ئەرمەن و کلد و ئاشوور پێک هاتووه که به و جۆرە دابەش بووە به سەر سنجەقەکاندا؛ سنجەقی وان 230.000 کەس و سنجەقی هەکاری (جۆلەمێرگ-حەکاری) 200.000 کەس. لە ڕووی ئاینییەوە بەوە جۆرەیە که 241.000 کەسیان موسڵمانانن و 178.000 کەسیان مەسیحی و 5.400 کەسیان ئێزدی و 5.000 کەسیان یەهوودی (جوولەکە) بوون. ویلایەتی وان لە ڕووی دابەشی کارگێڕی (ئیدار)ییەوە دابەش کراوە بەسەر دوو سنجەقدا که ئەوانیش سنجەقی وان و سنجەقی هەکاری (جۆلەمێرگ-حەکاری)ین، که بەم شێوەیه:
یەکەم، سنجەقی وان کە ناوەندی ویلایەتی وانە، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 230.000 کەسە، له ڕووی کارگێڕییەوە دابەش کراوە بەسەر هەشت شارۆچکە (قەزا) و پەنجا و یەک شارەدێ (ناحیە) و هەشت سەد و پەنجا و نۆ گوند بەم شێوەیە دابەش بووه:
یەکەم، سنجەقی وان کە ناوەندی ویلایەتی وانە، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 230.000 کەسه، لەڕووی کارگێڕییەوە دابەش کراوە بەسەر هەشت شارۆچکە (قەزا) و پەنجا و یەک شارەدێ (ناحیە) و هەشت سەد و پەنجا و نۆ گونددا:
1- شارۆچکە (قەزا)ی ناوەندی وان، دانیشتوانەکەی 79.736 کەسە و پێک هاتووە لە حەڤده شارەدێ (ناحیە) و سەد و پەنجا و چوار گوند.
2- شارۆچکە (قەزا)ی #قارچکان# (فندراپخ)، دانیشتوانەکەی 25.230 کەسە و پێک هاتووە له پێنج شارەدێ (ناحیە) و حەفتا و نۆ گوند.
3- شارۆچکە (قەزا)ی #شتاک# (طاغ)، دانیشتوانەکەی 16.647 کەسە و پێک هاتووە له شەش شارەدێ (ناحیە) و سەد و شەست و حەوت گوند.
4- شارۆچکە (قەزا)ی #کەواش# (واستان)، دانیشتوانەکەی 28.643 کەسە و پێک هاتووە له پێنج شارەدێ (ناحیە) و پەنجا و نۆ گوند.
5- شارۆچکە (قەزا)ی #عادلجەواز# (ئارچیقە)، دانیشتوانەکەی 15.669 کەسە و پێک هاتووە له پێنج شارەدێ (ناحیە) و چل و چوار گوند.
6- شارۆچکە (قەزا)ی ئارجیش (ئاغانچ)، دانیشتوانەکەی 35.406 کەسە و پێک هاتووە لە شەش شارەدێ (ناحیە) و سەد و بیست و دوو گوند.
7- شارۆچکە (قەزا)ی #بارگرێ#، دانیشتوانەکەی 14.155 کەسە و پێک هاتووە له چوار شارەدێ (ناحیە) و سەد و بیست و یەک گوند.
8- شارۆچکە (قەزا)ی #موکس#، دانیشتوانەکەی 14.514 کەسە و پێک هاتووە له سێ شارەدێ (ناحیە) و هەشتا و سێ گوند.
دووەم- سنجەقی هەکاری (جۆلەمێرگ-حەکاری)، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 200.000 کەسه و لەڕووی کارگێڕییەوە دابەش کراوە بەسەر یانزدە شارۆچکە (قەزا) و چل و نۆ شارەدێ (ناحیە) و هەزار و پێنج سەد و سی و شەش گوند و بەم شێوەیە دابەش بووە:
1- شارۆچکە (قەزا)ی ناوەندی هەکاری (حەکاری_جۆلەمێرگ) (ئاغانچ)، دانیشتوانەکەی 27.680 کەسە و پێک هاتووە لە سێ شارەدێ (ناحیە) و سێ سەد و شەست و شەش گوند.
2- شارۆچکە (قەزا)ی ئا لبان (باش قەڵا)، دانیشتوانەکەی 38.000 کەسە و پێک هاتووە له هەشت شارەدێ (ناحیە) و سەد و هەشتا گوند.
3- شارۆچکە (قەزا)ی کور (دیزە)، دانیشتوانەکەی 26.200 کەسە و پێک هاتووە لە پێنج شارەدێ (ناحیە) و دوو سەد و شەست گوند.
4- شارۆچکە (قەزا)ی شەمدنیان (شەمزینان_نەهری)، دانیشتوانەکەی 18.470 کەسە و پێک هاتووە لە چوار شارەدێ (ناحیە) و سەد و بیست و نۆ گوند.
5- شارۆچکە (قەزا)ی مەحموودیه (سەرای)، دانیشتوانەکەی 31.680 کەسە و پێک هاتووە لە پێنج شارەدێ (ناحیە) و هەشتا و سێ گوند.
6- شارۆچکە (قەزا)ی مەعمورەتولحەمید (خۆشاب)، دانیشتوانەکەی 8.706 کەسە و پێک هاتووە لە دوو شارەدێ (ناحیە) و حەفتا گوند.
7- شارۆچکە (قەزا)ی بەیتولشەباب (ئالکی)، دانیشتوانەکەی 6.300 کەسە و پێک هاتووە له حەوت شارەدێ (ناحیە) و هەشتا گوند.
8- شارۆچکە (قەزا)ی ئامێدی، دانیشتوانەکەی 9.004 کەسە و پێک هاتووە له پێنج شارەدێ (ناحیە) و سەد و بیست گوند.
9- شارۆچکە (قەزا)ی چاڵ، دانیشتوانەکەی 10.180 کەسە و پێک هاتووە لە شەش شارەدێ (ناحیە) و سەد و سی و شەش گوند.
10- شارۆچکە (قەزا)ی ئورامار، دانیشتوانەکەی 6.180 کەسە و پێک هاتووە لە دوو شارەدێ (ناحیە) و سی و دوو گوند.
11- شارۆچکە (قەزا)ی نوردوز (مارانە)، دانیشتوانەکەی 17.600 کەسە و پێک هاتووە لە دوو شارەدێ (ناحیە) و هەشتا گوند.
سەرچاوەکان
1- د. عەبدوڵڵا غەفوور: جوگرافیای کوردستان.
2- یاسین سابر ساڵح: ئینسایکلۆپیدیای گشتی.
3- وریا ڕەحمانی: کورد و کوردستان لە ڕوانگەی نەخشەوانییەوە.
4- فەرید ئەسەسەرد: ئەتڵەسی سیاسی هەرێمی کوردستان 1914-2005ز-ئامادەکردنی: سەردار مەحمەد عەبدولرەحمان و هۆشیار مەحمەد ئەمین خۆشناو.
5- فەیسەڵ دەباغ: کوردستان لە چاپکراوە عوسمانلییەکاندا-که نووسەر له زمانی تورکی عوسمانلییەوە کردوویەتی به کوردی.
6- سەنتەری برایەتی: ویلایەتەکانی کوردستانی تورکیا له سەردەمی حوکمڕانی عوسمانییەکاندا-لە زمانی عوسمانییەوە کردوویەتی به کوردی-فەیسەڵ دەباغ.
7- شەمسەدین سامی: کورد و کوردستان له قامووسولئەعلامدا-وەرگێڕانی بۆ کوردی: ئەحمەد تاقانە.
8- ئینتەرنێت-ویکیپیدیا
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]