گوندی (#بێستانە سوور#) ، دەکەوێتە شارۆچکەی (#عەربەت#) لە ناوچەی شارەزوور، بەدووریی 25کم لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی.
تیمێکی شوێنەواری زانکۆی (ریدینک) ی بەریتانی، بە سەرۆکایەتیی پڕۆفیسۆر (رۆجەر ماتیۆس) ، لە ئەنجامی هەڵکۆڵینی شوێنەواری لە گوندی (بێستانە سوور) ، پاشماوەی شارستانییەتی کشتوکاڵییان دۆزییەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 9 هەزار ساڵ پێش زایین. ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی، شارستانییەتی ناوچەی (بێستانە سوور) بە دوو هەزار ساڵ کۆنترە لە شارستانییەتی #چەرمۆ#. ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت، کە گوندی (بێستانە سۆر) کۆنترین گوندە لە کوردستان و جیهان، کە شارستانییەتی مرۆڤایەتی تێیدا سەری هەڵداوە.
مێژووی (بێستانە سۆر) دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم گواستنەوەی ژیانی مرۆڤەکان، کە لە ئەشکەوتەکان نیشتەجێ ببوون و بۆ دەستکەوتنی خواردن پشتیان بە ڕاوکردن دەبەست، بە هاتنەخوارەوە لە ئەشکەوتەکان بەرەو نزماییەکان و نیشتەجێبوون و درووستکردنی خانوو و دەستپێکردنی کشتوکاڵ.
دانیشتووانە سەرەتاییەکانی ئەو گوندە بەشێک بوون لە نیشتەجێبووانی چیای زاگرۆس، 9 ساڵ پێش زایین لە ئەشکەوتەکانی چیاکانی زاگرۆسەوە هاتوونەتە ناوچەی شارەزوور و خانوویان لە بەرد و قوڕ درووست کردووە، کشتوکاڵیان کردووە و لە ئەنجامی ئەم کردارەدا گوندی (بێستانە سوور) بووە بە کۆنترین گوند لە کوردستان و هەموو جیهان. ئەمەش خۆی لەخۆیدا گرنگییەکی مێژوویی و شوێنەواریی هەیە، نەک تەنیا بۆ کوردستان، بەڵکوو بۆ ناوچەکە و هەموو جیهان.
لە ئەنجامی هەڵکۆڵینە شوێنەوارییەکان لەو ناوچەیە، هەندێ پارچەی شوێنەواریی لە بەرد درووستکراوی گرنگ دۆزراونەتەوە، کە لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکار هێنراون، وەک ئامرازی پارچەپارچەکردن، هەروەها پاشماوەی بیناسازی دۆزراونەتەوە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ 7 هەزار و 700 ساڵ پێش زایین.
ئەو هەڵکۆڵینانەی لەو ناوچەیەدا کراون، لەژێر سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری پارێزگای سلێمانی بوونە، هەڵکۆڵینەکان بەردەوام دەبن و سەرجەم کەلوپەلە دۆزراوەکانیش لە #مۆزەخانەی سلێمانی# دەپارێزرێن.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]