ناونیشانی بابەت: ئایینی #یارسان# (#کاکەیی#) و شوێنەوارەکانی لە کوردستان بەشی یەکەم
ئامادەکردنی: سارا سەردار
مێژووی درووستبوون و بڵاوبوونەی ئەم ئایینە بەتەواوی و بە وردی دیار نییە، واتە مێژوونووسان و ئایینناسان لەسەر مێژوویەکی دیاریکراو بۆ ئەم بابەتە هاودەنگ نین، بەڵام لە زۆربەی سەرچاوەکاندا ئەوە دێتە بەرچاومان، کە ئەم ئایینە یەکێکە لە ئایینە کۆنەکان و مێژوویەکی کۆنی هەیە لە کوردستان و پەیڕەوانی تایبەت بە خۆی هەیە.
کۆمەڵێک لە زانا موسڵمان و شیعەکان بۆچوونێکی وەها (بەمەبەست) دەخەنە ڕوو، گوایە ئەم ئایینە بەشێکی تایبەتە لە ئایینی ئیسلام و مەزهەبی شیعە، ئەویش بە هۆکاری ئەوەی، کە ئەم گرووپە خۆشەویستییەکی تایبەتیان بۆ عەلی کوڕی ئەبی تالیب، کە پێشەوا و ئیمامی یەکەمی شیعەکانە، هەیە.
هەروەها کۆمەڵێکی تر لە زانایان ڕایان وایە، کە ئەم ئایینە کۆکراوەیەک لە شتە باشەکانی #ئایینی زەردەشتی# و #مانەوی#یە، کە بەسوودوەرگرتن لە ئایینی ئیسلام و کریستیان، پەرەیان پێداوە و بووە بە ئایینێکی جیاواز.
بەڵام لە حەقیقەتدا یارسان ئایینێکی جودا و سەربەخۆیە، کە پێش ئیسلام سەری هەڵداوە و بڵاو بووەتەوە، بەڵام لە سەدەی حەوتی کۆچییەوە گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە.
هەرچەند ئەوە بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە، کە هەندێ لە بڕوا و کردەوە ئایینییەکانی پەیڕەوانی ئەم ئایینە بە کردەوە و بڕوای ئایینی زەردەشتی و ئیسلام دەچێ، بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت، کە کار و کردەوەی باش، پەیڕەو و پڕۆگرامی هەموو ئایینەکانە، چونکە کاری ئایین و بڕواداری ئەوەیە، کە مرۆڤایەتی بە کاری باش و خێر بانگهێشت و ڕێنموێنی بکات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە (#سەرەنجام# - پەڕتووکی پیرۆزی یارسانەکان)دا هاتووە، ئایینی یارسان لە سەرەتای ئەفراندنی مرۆڤایەتیدا هەبووە و فێرکارییەکانی بە شێوازی ڕاز و نهێنی لای پەیامبەران و هەڵبژاردەکانی خوا هەبووە و لە هەر سەردەمێکدا گوازراوەتەوە بە کۆمەڵێک کەسانی هەڵبژێردراو و باوەڕپێکراو، هەتا لە سەدەی حەوتی کۆچی، #سوڵتان سەهاک#، نهینییەکان بە شێوازی یاسا بە بڕوادارەکانی یارسان بڵاو دەکاتەوە، بۆیەش سوڵتان سەهاک بە ڕێکخەری ڕێکخستنەکانی ئەم ئایینە و کەسایەتیی یەکەم ئەژمار دەکرێ.
$وشەی یارسان و چەمکی کاکەیی لە کوێوە هاتووە؟$
یارسان لە دوو وشەی (یار) و (سان) پێکهاتووە، یار کە وشەیەکی کوردییە بە مانای هاوەڵ و هاوڕێ دێت و سانیش هەروەها لە هەر دوو زمانی کوردی و فارسیدا هەیە، کە بە کوردیی هەورامی واتای خوا و خولقینەری کائینات دێت و لە زمانی فارسیشدا وشەی سان بە واتای هاوتا و لێکچوو دێت.
وشەی کاکەیی لە وشەی (کاکە)ی کوردی واتە برا هاتووە و بە گوتەی چەندین سەرچاوە، چیرۆکەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دەڵێن یەکێک لە گەورەکانی ئەم ئایینە لە کاتی درووستکردنی بینایەک، کۆڵەکەی کورت بووە و گوتوویەتی: کاکە درێژی کە. ئیتر بەپێی تێپەڕینی کات، ئەم وشەیە لەسەریان ماوەتەوە و خەڵکی دیکە پێیان گوتووە کاکەیی.
$ئەهلی حەق، کاکەیی:$
پەیڕەوانی ئەم ئایینە، کە ئەهلی حەق و کاکەییشیان پێ دەگوترێت و لە هەندێ ناوچەش بە سارلی و تایفە و تایفەسان ناو دەهێندرێن، لە هەردوو باشوور و #ڕۆژهەڵاتی کوردستان# نیشتەجێین، کە زیاتر سنوورێکی جیۆگرافیی دەستکرد و سیاسی لە یەک جودایان دەکاتەوە.
$سارلی$
سارلی بە کۆمەڵێک لە یارسانەکان دەگوترێت، کە لە #مووسڵ# نیشتەجێن، ئەم ناوەش لەوەوە هاتووە، کە کاتێک بەشێک لە یارسانەکان لە ناوچەی #شارەزوور# بەرەو ناوچەی مووسڵ دەڕۆن و لەوێ نیشتەجێ دەبن، خانی مووسڵ بۆ ئەوەی سەرانە و باجی زیاتریان لێ وەرنەگرن، بە سارلی بانگیان دەکات واتە: لە خۆمانن.
بێجگە لەم ناو و ناسناوانەی، کە ئاماژەمان پێ دا، وشەیەکی دیکە هەیە، کە بۆ پێڕەوانی ئایینی یارسان بەکار دێت، ئەویش وشەی (ئەهلی حەق)ە. مەبەست لە بەکارهێنانی ئەم ناسناوە ئەوەیە، کە پێڕەوانی ئەم ئایینە زۆربەی قۆناغەکانی شەریعەت و تەریقەتیان بەسەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و گەیشتوونەتەوە دوا قۆناغی سلووک، واتە حەقیقەت، هەر بۆیەش بە بڕوادارانی ئەم ئایینە دەگوترێت ئەهلی حەق.
[1]