مرۆڤێکی گردەی سەر ماشوبرنجی گورج و گۆڵ بوو، قسەخۆش و دەم بەپێکەنین و سادە و ساکار و کوردپەروەر بوو، خەمخۆری مێژوو و کەلەپوور و فۆلکلۆر بوو. بە ماوەیەکی کوورت وەکوو کارەکتەرێکی مەزن لەسەر شانۆ کوردەوار دەرکەوت، بۆ فراوانکردنی ئاسۆی بیری نەتەوەکەمان چاوساغ بوو، بەدەر لەوە قەڵەمێکی ڕەسەن بوو، لە هەمانکاتدا ئەندازیارێکی بەتوانا بوو، بۆ ئاوەدانکردنەوەی نیشتمانەکەی.
#جەلال تەقی#: لە ڕۆژی 25-11-1939 لە شاری #سلێمانی# لەدایکبووە، لە ساڵی 1945 چووەتە حوجرەی مزگەوتی (موفتی) ، دوای دوو ساڵ چووەتە قوتانخانەی (گۆیژە) ی سەرەتایی، لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی باوکی کۆچی دوایی کردووە، مامۆستا ئەحمەد تەقی پورزای دەیگرێتەخۆی، بەجوانی پەردەردەی دەکات تا خوێندی ئامادەیی لە ساڵی 1958 تەواودەکات. لە 1960 بۆ خوێندنی باڵا دەچێتە (مۆسکۆ) لە 1967 کۆلێژی ئەندازیاریی بیناسازی تەواودەکات، هەرلەوێش ژنێکی ڕووسی بە ناوی (خاتوو) نینا دەخوازێ، کچێکی دەبێت بەناوی (ئاڵا) .
لە 1968 دەگەڕێتەوە ئێراق و دەچێتە فەرمانگەی ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی و دەبێتە بەڕێوەبەر و تا کۆتایی تەمەنی لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە.
وابەستەبوونی بە دنیای نووسینەوە:
جەلال تەقی لەبەر ئەوەی پەروەرودەی دەستی مامۆستا ئەحمەد تەقی بوو، زۆر زوو وابەستەی خوێندنەوە و نووسین بوو، سەرەتا نازناوی (پەرێشان) ی هەڵبژارد، لە گۆڤارەکانی (هیوا، شەفەق، #پێشکەوتن#) دا بەرهەمی بڵاودەکردەوە، کۆچی مامۆستا ئەحمەد تەقی لە 1960دا وایکرد کە نازناوی (پەرێشان) بگۆڕێ بۆ (تەقی) .
جەلال تەقی کوردێکی نیشتمانپەروەر بوو، یەکێک بوو لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری (کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان) کە لە 1970دا دامەزرا، وەک خۆی دەڵێت: لەگەڵ (شەهاب و جەعفەر) دا لەیەک شانەدا کارماندەکرد.
چیرۆکی بوون بە ئەندامی جەلال تەقی لە یەکێتی نووسەرانی کورد لە بەغدا لە زاری کاکە مەم بۆتانییەوە بەم جۆرەیە:
دەڵێت: ڕۆژێک لە یەکێتی نووسەرانی کورد لە بەغدا دانیشتبوون، جەلال تەقی هات و داوای کرد ببێتە ئەندامی یەکێتی نووسەران، پێمان وت: برا تۆ ئەندازیاری، چ هەقت بە نووسەرانەوە هەیە! جەلال تەقی وتی: بۆ نابێ ئەندازیار نووسەر بێت؟ ئێوە نووسەر بەچی دەدەنە قەڵەم؟ وتمان: دەبێت بەرهەمی هەبێت. دوای چەند ڕۆژێک بینیمان کۆڵهەڵگرێک بەدوای جەلال تەقییەوەیە و بەرەو بارەگای یەکێتی نووسەران دێت، ئێمەش بەپیریەوە چوون، پێمان وت: مامۆستا ئەوە خێرە، ئەو بارە چییە، وتی: ئەوە هەموو بەرهەمی منە، بەڵکوو بمکەنە ئەندام، ئێمەش دامانە قاقای پێکەنین و وتمان تۆ ئەندامی، بۆیە لە ڕۆژی یەکشەممە 14-06-1970دا مافی ئەندامێتی یەکێتی نووسەرانی کورد بە جەلال تەقی درا.
ڕۆڵی (خاتوو نیعمەت) لە ژیانی جەلال تەقی دا:
خاتوو نیعمەت ئەحمەد محەمەد، لە 1976 بووە بە خێزانی دووەمی جەلال تەقی، خەڵکی گەڕکی مەڵکەنییە و بنەماڵەیەکی دیاری شاری سلێمانییە، کچێکی لێی هەیە بەناوی لانە، پ.د. سوکریە ڕەسوڵ دەڵێت: بەراستی خاتوو نیعمەت نیعمەتێکبوو خودا بە جەلال تەقی بەخشی، زووربەی دەستنووسی نووسینەکانی بە پێنووسی نیعمەت خان بووە. خاتوو نیعمەت لەسەرتای ژیانی هاوسەرگیرییەوە کۆڵەکەیەکی گرنگ بوو لە بوواری نووسین و بەرهەمەکانی جەلال تەقیدا، خۆشی دەڵێت: بە دڵخۆشییەوە یارمەتیم دەدا، بۆ نووسینەوە و وەرگێڕانی بابەتەکانی.
دەست ڕەنگینی و شارەزایی جەلال تەقی:
شارەزایەکی زۆر باشی گیا و دەرمانی کوردەواریی بووە، بە دەستی خۆی چەندین دەرمانی درووستکردووە، هەروەها ئەستێرەناس و شارەزایی لە هەڵگرتنی میوەدا هەبووە، لەگەڵ ئەوەدا دەست ڕەنگین بووە لە پیشەکانی (دارتاشیی، ئاسنگەریی، فیتەریی، بەرگدووریی و ڕازاندنەوەی باخچە) دا. لەگەڵ ئەمانەدا فۆلکلۆرکارێکی بەتوانابووە.
بوون بە ئەندامی لە کۆمەڵەی کەلەپووری کورد:
دوا شوێنی کارکردنی بواری فۆلکلۆریی جەلال تەقی بوو، لە 11/3/1992 بوو ئەندام، ڕۆژانی چوارشەممە لەگەڵ هاوکارەکانیدا دەچوونە کۆمەڵەی کەلەپوور، لەوێ ڕاوێژکاری گۆڤاری (کەلەپووری کورد) بووە.
کۆچی دوایی مامۆستا جەلال تەقی:
جێگەی داخە مۆتەکەی مەرگ بواری بە جەلال تەقی نەدا و لە ڕۆژی یەکشەممە 5/9/1993 بەیەکجاری بەجێی ه�