ناونیشانی بابەت: بە فیلمێکی #سەهیم عومەر خەلیفە#، گرنگترین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی بەلجیکا دەست پێ دەکات.
بەڵگەفیلمێکی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد، لەبارەی لەتیف ئەلعانی، فۆتۆگرافەری ئێراقی، وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی دوکڤێلا هەڵبژێردراوە و لە بەشی فیلمە بەلجیکییەکانیش لە کێبڕکێدایە.
بەڵگەفیلمەکە بە ناوی جوانیی شاراوەی ئێراقە، تێیدا باس لە لەتیف ئەلعانی و بەرهەمەکانی دەکات کە وێنەی زۆری لە #باشووری کوردستان# گرتووە، بە تایبەتیش سەرکردەکانی کورد، لەوانە #مەلا مستەفا بارزانی# (بارزانیی نەمر) ، #سەرۆک بارزانی# و #ئیدریس بارزانی#.
فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی دوکڤێلا بە گرنگترین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلم لە بەلجیکا دەناسرێت و لە شاری لۆڤین لە 22-30ی ئازاری 2023 بەڕێوەدەچێت و یەکێک لەو فێستیڤاڵانەیە کە براوەی فیلمی لیژنەی دادوەری، دەچێتە لیستی درێژی بەربژێرکراون بۆ خەڵاتی ئۆسکار.
باوکی هونەری فۆتۆگرافی ئێراقی نازناوێکە خەڵک بە لەتیف ئەلعانیان داوە کە بە کامێراکەی ژیانی ڕۆژانەی لە ئێراق و باشووری کوردستان تۆمار کردووە. فیلمەکە لە 2020 لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان وێنەگیراوە و ساڵێک دوای وێنەگرتنی، ئەو فۆتۆگرافەرە کۆچی دوایی کردووە و بە گشتی بەرهەمهێنانی پێنج ساڵی خایاندووە.
لەم بەرهەمەدا تیشک خراوەتە سەر ژیانی ئەو هونەرمەندە و وێستگە گرنگەکانی ژیانی و لە بەشێکیدا باس لە پەیوەندی لەگەڵ کورد و تێڕوانینی بۆ کوردستان کراوە.
لەم بەرهەمەدا لاس بێلگاس بەرهەمهێنەری سەرکییە و لە نووسین و دەرهێنانی فیلمەکەدا هاوکاری خەلیفە بووە، هەروەها سۆمەریان بۆ بەرهەمهێنانی دراما لە ئێراق و Faitesunvoeu لە فەرەنسا بەرهەمهێنەرینە، جگە لە کەناڵی ARTی فەرەنسی و 12 کەناڵی دیکە بەرهەمهێنەری هاوبەشی فیلمەکەن.
لەتیف ئەلعانی، لە 18 تشرینی دووەمی 2021 لە تەمەنی 89 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە لە بەغدا کۆچی دوایی کرد.[1]