ناونیشانی بابەت: نەخشەبەردێکی زەردەشتی لە دهۆک دەدۆزرێتەوە
نووسینی: #سارا سەردار#
لە ئەنجامی کنەکارییەکی شوێنەواریی هاوبەشی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری #دهۆک# و تیمێکی شوێنەوارناسی زانکۆی تۆبینگنی ئەڵمانی، نەخشەبەردێکی شوێنەواری دۆزراوەتەوە، کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی سێ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
ئەم نەخشەبەردە، کە لە کارێکی ڕووپێوی، لە درێژەی (پڕۆژەی ڕووپێوی شوێنەواری کەنارەکانی ڕووباری خاپوور (EHAS) ، لە گوندی گەرماڤای ناوچەی سێمێل لە ڕۆژاوای شاری دهۆک دۆزراوەتەوە، وێنەی پیاوێکی ئایینی، یان پاشایەک، کە لەسەر #ئایینی زەردەشتی# بووە، لەسەری هەڵکەنراوە.
ئەم بەردە مێژووییە، کە درێژییەکەی نزیکەی یەک مەتر و 9 سانتیمەتر دەبێت و پانییەکەی (54) سانتی مەترە و لە جۆری بەردی (کلس) ە، بە یەکێک لە دەگمەنترین شوێنەوارە دۆزراوەکان دادەنرێت، کە تا ئێستا شوێنەوارێکی لەم شێوەیە نەدۆزراوەتە.
بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک، دکتۆر حەسەن ئەحمەد قاسم، لە لێدوانێکی تایبەت بە (باسنیوز) وتی: ”ئەم بەردە لە ساڵی 2016، لە درێژەی چالاکییەکانمان لەگەڵ زانکۆی توبنگنی ئەڵمانی، لە کاتی ڕووپێوی، لە گوندی گەرماڤەی نزیک سمێل دۆزراوەتەوە و ئەمساڵ کاری پشکنین و توێژینەوەی بۆ کراوە، کە بەپێی خوێندنەوەکانمان، ئەم شوێنەوارە نەخشەبەردێکە، کە مێژووی بۆ هەزارەی یەکەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، وێنەی مۆغ یان پاشایەکی زەردەشتیی لەسەرە، ئەمەش بەهۆی جلوبەرگ و شێوازی ڕاوەستانییەوە دیارە، تایبەتە بە کاری ئایینیی مۆغێکی زەردەشتی“.
بەپێی گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک، ئەمە یەکەم جار نییە، کە شوێنەوارێکی تایبەت بە ئایینی زەردەشتی لەو ناوچەیە دەدۆزرێتەوە، بەڵکوو پێشتریش بەهۆی ئەنجامدانی کاری هەڵکۆڵین و کاری ڕووپێوی لە هەمان شوێن و شوێنەکانی دیکە، چەندین شوێنەواری دیکەی ئەم ئایینە لە ماڵەپەڕە شوێنەوارییەکانی پارێزگای دهۆک دۆزراونەتەوە و بە فەرمی لەناو لیستی شوێنەواری هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
د.حەسەن زیاتر وتی: ”هەبوون و بڵاوبوونەوەی ئایینی زەردەشتی لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای دهۆک، بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵگەش بۆ ئەم بابەتە، هەبوونی چەندین پەرستگە و ئاتەشکەدە و شوێنەواری تایبەت بەم ئایینە کوردییەیه. هەر بەپێی دوایین دۆزینەوەش، ئەگەری زۆرە شوێنی دۆزینەوەی ئەم نەخشەبەردە شوێنێکی ئایینیی وەک پەرستگە یان تەلارێک بێت، تایبەت بەم ئایینە“.
بە گوتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک: ”هەندێ جار بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان وەک خۆی دەبێتە هۆی درووستبوونی ناڕەزایی لەلایەن شوێنەوارناس و بەرپرسە شوێنەوارییەکانی عەرەب، چونکە ئەوان پێیان وایە، شوێنەوارە دۆزراوەکانی ناو هەرێمی کوردستان، دەبێت بە ناوی دەسەڵاتداری و سەردەمی پاشا ئاشوورییەکان بڵاو بکرێنەوە، بەڵام ئەمە بابەتێکە دوورە لە ڕاستی و کاتێک بەپێی توێژینە و لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت، کە شوێنەوارێک تایبەت بە دەسەڵاتداری کوردە، یان نەخشێکی کوردیی پێوەیە، پێویستە وەک خۆی، واتا وەک موڵکێکی مێژوویی یان شوێنەوارێکی کوردی بناسرێت. دۆزینەوەی شوێنەواری بەجێماوە لە نموونەی ئەم پارچە بەردە، نیشانەی فراوانی و بڵاوبوونەوەی ئایینی زەردەشتییە لەو سەردەمەدا لە هەموو ناوچەکانی کوردستان، کە بەڵگەی حاشاهەڵنەگری فرەئایینی و پێکەوەژیانە لە کوردستان.[1]