ناوی شوێنەوار: پردی بن پەیزا
پردی (بن پەیزا) بە پردی پاشای گەورەی #ڕواندز# ناسراوە، چەندین سەدە لەمەوبەر لەسەر ڕووباری گوندی باڵەکیان درووست کراوە و تا ئێستا شوێنەواری پردەکە ماوە. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، ئەم پردە درێژییەکەی نزیکەی 100 مەتر بووە و پانییەکەشی 2 مەتر و زیاتر لە 10 ستوونی هەبووە.
لەمبارەوە، حەسەن هاشم، لێکۆڵەر و دانیشتووی سنووری گوندی باڵەکیان لە ئیدارەی سۆران، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند، بەهۆی کۆنی و هەڵکەوتەی ناوچەکەمان، چەندین شوێنی شوێنەواریی هەن، کە مێژووەکەیان بۆ چەند سەدەیەک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، یەکێک لەوانەش بریتییە لە شوێنەواری (بن پەیزا) ، کە بە پردی پاشای گەورەی ڕواندز، یا پردی کۆنی باڵەکیان ناودەبرێت، ئەم پردە چەند سەدەیەک لەمەوبەر لەسەر ڕووباری گوندی باڵەکیان درووست کراوە، بەپێی لێکۆڵینەوە مێژووییەکان لە ساڵی 1815ز، میر محەمەد پاشای میرنشینی سۆران، بڕیاری داوە بە درووستکردنی 9 پرد لە سنووری دەستەڵاتەکەی، یەکێک لەو پردانەش لەسەر ڕووباری گوندی باڵەکیان درووست کراوە، بە مەبەستی ئاسانکاریی پەڕینەوە و هاتوچۆ لە گردەدەشتەوە بۆ گەلی عەلی بەگ و دەوروبەری، دوای چەند سەدەیەک بەسەر ڕووخانی میرنشینەکە، تا ئێستا شوێنەواری ئەو پردەیە لەناو ڕووبارەکەدا ماوە، پێدەچێت ستوونەکانی پردەکە لە بەرد و قسڵ و گەچی پتەو درووست کرابن.
ئاماژەی بەوەش دا: ئەم پردە مێژووییەی باڵەکیان بەهۆی لافاو و جەنگەکان ڕووخاوە، هەرچەندە پێشتر چەند جارێک نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام دواتر وازی لێهێنراوە، ئێستا تەنیا ستوونەکانی دیواری پردەکە لەناو ڕووبارەکەدا ماون، لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بە پردی بن پەیزا ناودەبرێت و ناسراوە. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان ئەم پردە درێژیەکەی نزیکەی 100 مەتر بووە و پانییەکەشی 2 مەتر و زیاتر لە 10 ستوونی هەبووە.
ئومێد قادر، مامۆستای مێژوو، بە (باسکورد) ی گوت: ”میر (محەمەد کوڕی مستەفا بەگ) بووە، بە میری گەورەی ڕواندز، یاخود بە پاشای گەورە ناسراوە، لە ساڵی (1826ز) بووە بە میری میرنشینی سۆران و پایتەختەکەی ڕواندز بووە، کە تا سەردەمی ئەو میرە، پاشای وا بەهێزی بەخۆیەوە نەدیوە، کە ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەریی هەبووە لە بنیاتنانی قەڵا و قوللە و پرد و شوورا و... هتد، کە دوای چەند سەدەیەک بەسەر نەمان و ڕووخانی میرنشینەکە، تا ئێستا لە زۆربەی ناوچە و شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان، شوێنەواری قەڵا و قوللە و پرد و شووراکان وەک ناسنامەیەکی ئەو میرنشینە ماونەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەرکە پارێزگاری لەو جۆرە شوێنەوارانە بکرێت و سەرجەمیان تۆمار بکرێن و بخرێنە لیستی شوێنەوارەکان، بۆ ئەوەی لەداهاتوودا بخرێنە پلان و بەرنامە و بە جۆرێک لە جۆرەکان سوودیان لێوەربگیرێت، لە ڕووی ڕاکێشانی گەشتیاری و شوێنەوارناسانی جیهانی و ناوخۆیی بۆ ناوچەکە، هەروەها بە نەوەی داهاتوو ئاشنا بکرێن، بۆ ئەوەی مێژووی ناوچەکەیان بناسن.[1]