ناونیشانی بابەت: لە کۆنەوە زیو و جۆرە کانزایەک کراوەتە ئەڵقە و وەک مووچە بە سەربازەکان دراوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، لە کۆنەوە دابەشکردنی مووچە بە چەندین جۆر پارە بووە، لەوانە لیرە، دراو، سکە، ئەڵقەی کەنزایی... تد. بەڕێوەبەری شوێنەوار و کە لەپووری سۆرانیش دەڵێت: کاتی خۆی، کە سوپا دەیویست مووچەی سەربازەکانی بدات، زیو و جۆرە کانزایەک تێکەڵ دەکرا، وەک ئەڵقەیەکی سپرینگ پارچەپارچە دەکرا و لەجێی مووچە وەک پارە بە سەربازەکان دەدرا.
#عەبدولوەهاب سولەیمان#، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری #سۆران#، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: لە کاتی کنە و پشکنین لە گۆڕستانی پیروالی لە گوندی خەلان لە سنووری شارەدێی خەلیفان، کە بریتی بوو لە سەربازگەیەکی سەردەمی ئاشووری، چەند گۆزەیەکی بچووک بچووکمان دۆزییەوە، کە دوو ئەڵقەیان تێدا بوو، دواتر شتی زیاتری کانزاییمان دۆزییە، بەڵام ئەڵقەی زۆرتریان پێوەبوو، تەنانەت لەسەرەتاوە شوێنەوارناسە جیهانییەکانیش نەیاندەزانی هۆکاری ئەم ئەڵقانە لەناو گۆزەکان چییە، چونکە بابەتی شوێنەوار ئەوەندە فراوانە، ناتوانی لەسەرەتاوە بڕیاری لەسەر بدەی، بەڵام بەردەوام سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بووم، بۆ وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بەم ئەڵقانە.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، گوتیشی: دوای قووڵبوونەوەم لە بابەتەکە، بەتایبەت لە خوێندنی دکتۆرامدا، چووم لەسەر دراوەکان بخوێنم، دەرکەوت سەرەتا کاتێک سوپا ویستوویەتی مووچەی سەربازەکانی بدات، زیو و جۆرە کانزایەکیان بۆ تێکەڵ دەکرا و وەک ئەڵقەیەکی سپرینگ پارچەپارچە دەکرا و لەجێی مووچە وەک پارە بە سەربازەکان دەدرا، بەتایبەتیش مووچەی سوپای ئاشووری بەم شێوە بووە، بەمەش دەردەکەوێ، ئەو ئەڵقانەی لەناو گۆزەی گۆڕستانەکە دۆزیمانەتەوە، مووچەی سەربازەکان بووە و بەم شێوەیە دابەش کراوە.
ئاماژەی بەوەش دا: لە کاتی کنە و پشکنینەکان لە شوێنەواری گۆڕستانی پیروالیی سەربازگەی ئاشوورییەکان، جگە لەو ئەڵقە و پارچە شوێنەوارانەی لەناو گۆزەکاندا دۆزیمانەوە، هەندێ لە گۆزەکانی دیکەش، ئەو سەربازە، یان ئەو کەسەی کە گیانی لەدەست دابوو، لە کاتی ناشتنی، ئەو شتانەی هەیبووە لەگەڵیان ناشتووە، چونکە نەتەوە و ئایینەکان لە کاتی ناشتنی تەرمی مردووەکانیان شێواز و بیروڕای جیاوازیان هەبووە.“
جەختیشی کردەوە، کە کاری کنە و پشکنین لەو سەربازگەی ئاشووری لە سنووری شارەدێی خەلیفان بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی بگەن بە ئەنجامی زیاتر. [1]