ناونیشانی بابەت: گۆڕێکی شوێنەواریی سەردەمی کۆتایی ئیمپراتۆری ئەشکانی لە سنووری شارۆچکەی چۆمان دۆزرایەوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بۆ یەکەمین جار لە گوندی ماوانی شارەدێی سمیلان، سەربە شارۆچکەی #چۆمان#، گۆڕێکی سەردەمی کۆتایی ئیمپراتۆری ئەشکانییەکان دۆزرایەوە و تیمەکانی شوێنەواریی جیهان و سۆران، دەستیان کردووە بە کاری کنە و پشکنین لە گۆڕە شوێنەوارییەکەدا.
عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: بۆ یەکەم جارە لە گوندی ماوانی سەربە شارەدێی سمیلان، لە سنووری شارۆچکەی چۆمان، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران، گۆڕێکی لەو شێوەیە بدۆزرێتەوە، کە بریتییە لە گۆڕێکی گڵێنەیی، کە لەسەر شێوەی بەلەم درووست کراوە و ڕەمزی خاچێک لەسەر گۆڕەکە هەیە، کە خاچێکە پێدەچێت لە سەرەتای هاتنی ئایینی کریستیانەت بێت و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەردەمی ئەشکانی، واتە 1800 ساڵ بەر لە ئێستا.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپوری سۆران، گوتیشی: شوێنەوارناسانی زانکۆی بارسێلۆنا و تیمێکی شوێنەواری سۆران، کاری پشکنینی تێدا دەکەن و بە شوێنەوارێکی گرنگی دەزانین و دواتر زانیاریی زیاتر لەبارەی ئەو گۆڕە شوێنەوارییە بڵاو دەکەینەوە.“[1]