ناونیشانی بابوت: وتووێژ لەگەڵ ڕەنگین عەبدوڵڵا لە بەجێماوانی بنەماڵەیەکی ئەنفالکراو
ئامادەکردن: #عادل قادری#
ڕەنگین دەڵێت من خەریکی گێڕانەوەی کارەسات و بەسەرهاتێکم کە لە کۆتایی ساڵی 1987 لە شاری #سلێمانی# بە سەر بنەماڵەی ئێمەدا هاتووە.
شەهید “عەبدوڵڵا محەمەد ساڵح” لە 29-09-1987 لەگەڵ هاوسەری و پێنج کچ و کوڕی لە هەیئەی #کەرکووک# سەری لە مل پەڕێنراوە، ئەم بنەماڵەیە نۆ کەس بوون و حەوت کەسیان ئەنفال بووە و بەشێوی هەڵکەوت و چانس دوو کەسیان کە منداڵ بوون (ڕەنگین و عومەر) لە هەڵمەتەکە دەربازیان دەبێت و لێرەدا وتووێژێک لەگەڵ ئەو منداڵە ڕزگارکراوە کە ئێستە 38 ساڵ تەمەنێتی لەبارەی ڕووداوەکە و وردەکاریی و چییەتی و چۆنێتی دەخەینە ڕوو لەگەڵ چەند نامەی ئەندامانی بنەماڵەکەی کە پێش کوشتنیان بەشێوەی نهێنی و لە ڕێگەی کڕینی پۆلیسەکانەوە لە زیندانەوە نێردراونەتە دەرەوە.
1- وەکوو کەسێکی ڕزگاربوو لە شاڵاوەکانی “ئەنفال” و بەجێماو لە بنەماڵەیەکی ئەنفالکراوی 9 کەسی دیکه، کە تەنیا دوو کەستان لێماوەتەوه، چۆن چیرۆکەکە دەگێڕنەوە؟
من خەریکی گێڕانەوەی کارەسات و بەسەرهاتێکم کە لە کۆتایی ساڵی 1987 لە شاری سلێمانی بە سەر بنەماڵەی ئێمەدا هاتووە، ڕاستە ڕووداوی بنەماڵەی ئێمە لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئەنفالدا ڕووی نەداوە بە دەقیقی، بەڵام دواجار وەک ئامانج و مەبەست هەمان تراژیدیایە. ئێمە خێزانێکی نۆ کەسی بووین، باوکم مامۆستا و هەم مەلا بوو، بۆ ماوەی سی (30) ساڵ وەک مامۆستا وانە وتۆتەوە، دایکم خانمێکی ڕووخۆشی میواندۆست، ئێمە حەوت خوشک و برا بووین. کارەساتی ماڵی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارەی کە برای گەورەم (جەلال ناسراو بە حاجی) بڕیاری وا دەرکرد لەناو ڕێکخستن و شانە نهێنییەکانی ناوشار کار بکات هەرچەند لاوێکی تازە هەڵکشاو بوو، بەڵام گەنجێکی چاوانەترس و بوێر بوو لەم ئەرکەدا، دایکم پشتیووانی و پاڵپشتی سەرەکی خۆی و هەڤاڵەکانی بوو، حاجی برام وەک فەرماندەی (مەفرەزەی تۆڵە) کارەکانی بەڕێوە دەبرد، دایکم ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە گواستنەوەی نامەی نهێنی و چەک لە شارەوە بۆ شاخ و ماڵی ئێمە لانکەی پلان و کۆبوونەوەی حاجی و هەڤاڵەکانی بوو هەر لە هەمان کاتدا مامۆستا نەسرین، خوشکی گەورەم کە لە #دەربەندیخان# مامۆستای ناوەندی بوو، بە هەمان شێوە لە ڕیزەکانی ڕێکخستن لە ڕێگەی ڕێکخراوی “شەهید لەیلا” کاری حیزبی بەڕێوە دەبرد و چەندین جار ماڵی پشکێنراوە و تاڵان کراوە لەلایەن هێزەکانی #بەعس#، بە گومانی کاری ڕێکخستن، براکەم، “عومەر” کە ئێستا ماوە ئەوکات لەبەر ئەوەی منداڵ بوو گومانی لێ نەدەکرا. بە خۆی و پاسکیلەکەی ئەرکی گواستنەوەی ڕمانە و فیشەکی هەبوو، من کە بچووکترین منداڵی خێزانەکەم بووم ئەرکی بانگکردنی هەڤاڵەکانی حاجیم هەبوو کە لە گەڕەکی خۆمان بوون (گەڕەکی خەبات) بە شێوەیەکی گشتی خێزانی ئێمە بە تەواوەتی کاری ڕێکخستنەکانیان بەڕێوە دەبرد هەتا ئەو کاتەی بەهۆی خەیانەتی یەکێک لە هەڤاڵەکانی حاجی بە ناوی (فەرەیدوون) خەبەر لە حاجی و هاوڕێکانی دەدا کە سەرقاڵی ئەنجامدانی چالاکییەکی ناوشار بوون، لە 23-08- 1987 حاجی و چوار هاوڕێی تری دەسگیر دەکرێن، دوای دەسگیرکردنی ئەوان لە 29-09-1987 لە نیوەی شەودا هێزەکانی بەعس هەڵئەکوتنە سەر ماڵی هەر پێنج پێشمەرگەکە، ماڵی ئێمە؛ دایک و باوکم و پێنج خوشک و برام دەسگیر دەکرێن. “عومەر” لە سەربان هەڵدێت، منیش ئەو شەوە بە سەردان لە ماڵ مامم بووم دوای ئەوە ماڵەکەمان بە تاڵان دەبرێت و بە شۆڤڵ خانووەکەمان دەڕووخێنرێت، ئیتر ئەوە دواماڵاوایی و دواڕۆشتن بوو، تا ئێستا کە هیچ خەبەرێک وەک دڵنیایی بۆ ئێمە نەبووە لەمەڕ چارەنووسیان هەتا لە زیندانی ئەمنە سوورەکەی سلێمانی بوون لە ڕێگەی کڕینی پۆلیس و بەخشیشدان چەند نامەیەکیان بە دەستمان گەیشتووە، دواجار دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 لە ناو ئەمنە سوورەکەدا و لە ئەرشیڤی کتابەکاندا ئەو نووسراوەمان دۆزییەوە کە تۆمار کراوە لە 12-12-1987 لە هەیئەی کەرکووک ئەم خێزانە بە شێوەیەکی لەسەرخۆ سەربڕاون.
2-لە ڕوانگەی کەسێک کە ئەو برینەی بەرکەوتووە، ئەنفال چۆن پێناسە دەکەن؟
ئەمەی سەرەوە تەنیا گێڕانەوەیەکی مێژوویی بوو وەک چۆنێتی ڕوودانی ڕووداو یان کارەساتێک، گێڕانەوەیەکی مادی، ئەگەر بمەوێت وەک کارەساتەکە وەک بەرکەوتن بەر هەستم بگێڕمەوە یان پێناسە بکەم، دەتوانم بڵێم؛ ئەنفالی خێزانەکەم وەرچەرخانێک بوو وە برووسکەیەک بوو تەواوی پێنج ساڵی یەکەمی ژیانمی سووتاند وەک کەسێک کە هیچ تێگەیشتنێکی نەبێت، دەستوپێ سپی نەمدەزانی چییە و و بۆچی ئەمە ڕوویداوە، پێناسەکردنی هەستی منداڵێکی پێنج ساڵان لە چوارچێوەی وشەدا جێی نابێتەوە، ڕاستە لەو کاتەدا تەنیا دایکم ئەویست، بەڵام لە ڕاستیدا بسکیت و نوقڵ و عانەی باوکمم ئەویست، یاری لەگەڵ شلێری خوشکم ئەویست، باوەشی نەسرین و پەروینی خوشکە گەورەم ئەویست، چاوشارکێی کۆڵانم ئەویست، بەڵام من بۆ دایکم ئەگریام، ئێستاش کە تەمەنم 38 ساڵە بە هەمان تاسەوە بیری منداڵییەکی دزراو، منداڵییەکی ناکامڵ دەکەم، ئەم جۆرە کارەساتانە بە تایبەت لە تەمەنێکی منداڵیدا هەندێک جار مرۆڤ وەک تەنێکی بێ گیان، هەندێک جاریش تەواوی بوونت دەبێ بە هەست، من هیچ کات وەک مرۆڤێکی ئاسایی ژیانم نەگوزەراندووە لە ناخی خۆمدا، بەڵام بۆ هیچ ئاستەنگێکی ژیانیش نەچەماومەتەوە. مرۆڤی دوای کارەساتە گەورەکان یان یەکجار دەڕووخێت یان یەکجار بەپێوە سەربڵند دەوەستێت.
3- بەڕای ئێوە پێوەندی وشیاریی مێژوویی و سیاسی ئەوانەی وا لە شاڵاوەکاندا ڕزگارییان بووە، لەگەڵ “ئەنفال” لە ئاستێکی وادا هەیە کە ئەنفال وەکوو برینێکی قووڵی ئینسانیی و نەتەوەیی ببیننەوە و بیگێڕنەوە؟
بە شێوەیەکی گشتی کۆمەڵگەی کوردی وشیارییەکی بەرچاوی نییە بۆ ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکان، جیاوازییەک نییە لەنێوان ئەوانەی لە ئەنفال ڕزگاریان بووە لەگەڵ ئەوانەی بینیویانە، کۆمەڵگەی ئێمە جارێ خەریکی دەسخستنی مافە سەرەتاییەکانی ژیانێتی. وەک تاک ئەمە سەرەڕای کێشە گەورەکانی تر وەک کێشەی سنوور و خاک و نەتەوە و ئەو ڕووداوانەی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ڕوویدا؛ وەک شەڕی ناوخۆ و ململانێی حیزبی و ناوخۆیی و جەنگی داعهش واته؛ بەردەوام تاکی ئێمە و کۆمەڵگەی ئێمە بەر ڕووداوی تازە کەوتووین کە نەمانتوانیوە وەکوو پێویست خەریک بین ڕووداوەکانی پێشوو دۆکیۆمێنت بکەین و کاری لەسەر بکەین، بەڵام ئەم ڕووداوانە پاساو نین بۆ توێژی نوخبە و ڕۆشنبیران کە ڕۆڵ بگێڕن لەسەر زیندوو هێشتنەوەی ڕووداوە مێژووییەکانەوە و تاک ناچار بکەن گرینگی بە مێژوو و کارەسات بدات، دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم ژیانکردن لەگەڵ ئازار لەگەڵ گێڕانەوە و نووسینەوەی ئازار دوو شتی جیاوازن، ڕەنگ بێ زۆر جار پێوەندی بە ئاستی وشیارییەوە نەبێت، مەرج نییە ئەو کەسەی ئازار دەچێژێت بتوانێت ئەو ئازارە بنووسێتەوە هەندێک لە ئازار پەل و پۆی مرۆڤ دەشکێنن بۆیە گێڕانەوە و نووسینەوە و دۆکیۆمێنتکردنی ئەرکێکی قوورسە لە بەر ئەم هۆکارە ئەم ڕۆڵە دەبێت چینی نوخبە و ڕۆشنبیران بە ئەمانەتی سەرشانی خۆیانی بزانن.
4- لەو نامانەی کە دوای ڕاپەڕین و لە ئەرشیڤەکانی ئەمنە سوورەکە دەستان کەوت چ خوێندنەوەیەکتان هەیە؟ کام نامە گرینگە و کاری زیاتری کردۆتە سەرتان؟
لە ڕاستیدا ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، گشت نامەکان کاریگەرییان لەسەر من وەک یەکە، ئەکرێت بڵێم؛ هەر یەکەیان بە جۆرێک، لە ڕووی هەست و سۆزەوە دڵم کونکونە بۆ نامەکەی شلێر، لە هەمان کاتدا کە وەک مرۆڤێکی گەورە نامەکەی نەسرین کە لە کۆتاییەکەیدا دەڵێت؛ مامەگیان هەواڵی پەڕتووکەکانی بابەم بنێرەوە ئاخۆ ماون؟ چوونکە هەندێکی ئەمانەتە، بابم زۆری خەمە بۆ ئەو پەڕتووکانە. چەندین جار نا بەڵکوو هەزاران جار لەم چەند دێڕە ڕاماوم، ئاخۆ جەنابی باوکم لەو دۆخەیا چۆن توانیویەتی ئەوەندە مرۆڤێکی پەڕتووکدۆست و ئەمانەتپارێز بێت!
5-داواکاریی بنەماڵەی ئەنفالکراوان چییە بە گشتی و چەندی جێبەجێ کراون؟
داواکاری بنەماڵەی ئەنفالکراوان لە پێش هەموو شتێک پێزانینە بە و قوربانییە گەورەیەی کە پێشکەشیان کردووە و ڕێزگرتنە لە هەست و سۆزی ئەوانەی بەجێ ماون، بەکار نەهێنانی ئەو توێژە وەک ئامراز و دەداتێک بۆ مەبەستی سیاسی، سزادانی تێوەگلاوانی ئەم تاوانەیە.
6-حکوومەتی هەرێم یان ئێراق چەندە ئەنفالی لا گرینگە وەکوو کارەساتێکی ئینسانی و تاکوو ئێستا چییان کردووە لە پێوەندی بەم بابەتەوە؟
بۆ تەواوی ڕووداوەکانی مێژووی کورد، حکوومەتی هەرێم و ئێراقیش کەمتەرخەمن لە خستنەڕووی ئەم تاوانانە لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا، لەبەر ئەوەی کورد گەلێکی بێ دەوڵەتە ناتوانێت کاریگەریی نێودەوڵەتیی بۆ ئەم تاوانانە هەبێت، قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان و خراپیی پێوەندییەکانی (هەرێم و بەغدا) جارێکی تر ئەم ڕووداوانەی کردۆتەوە بە قوربانی، لە ڕاستیدا بەرژەوەندییە سیاسی و حیزبییەکان بواری نەداوە ئەم کەیسە گەورانە بگەنە جێگەی خۆیان بەتایبەت دۆسییەی ئەنفال لەبەر ئەوەی چەند کەسایەتییەک تێیدا بەشدار بوون ئێستاکە داواکراون لەلایەن دادگاوە، هێشتا پشتیووانیان دەکرێت و کارئاسانی دەکرێت بۆ ڕزگاربوون و دەربازبوونیان لە بەر ئەم هۆکارانە. ئەم ڕووداوانە بەر غەدری گەورە کەوتوون لەلایەن سیاسییەکانەوە.
7- کێن ئەوانەی بەڕاستی ئەنفالیان بە لاوە گرینگە؟
دەبێت ئەنفاڵ بۆ تاک بە تاکی کۆمەڵگە گرینگ بێت، بەڵام بە داخەوە ئەوەی هەیە ئێستا تەنیا بۆ بنەماڵەکانیان و کەسوکاریان گرینگە لەگەڵ چەند ڕۆشنبیر و کەسایەتییەک کە ئەم دۆسییەیان بۆ گرینگە و بە ئەرکێکی نەتەوەیی و ویژدانیی خۆیانی دەزانن.
8- بەڕاتان ئەدەب و هونەر دەتوانێ ئەنفال بگێڕێتەوە و باسی بکات؟
ئەدەب و هونەر دەبێت ئاوێنە و زمانحاڵی نەتەوەکەی بێت، دەداتێک بێت بۆ گوزارشتکردن لەو ڕووداوانەی ڕوویانداوە، گێڕانەوەیان بە ئامانەتەوە جا لە ڕێگەی هەر جۆرێک لە ئەدەبەوە بێت، ڕووداوی تەنیا خێزانێک دەتوانێت سەرچاوەی دەیان چیرۆک، شیعر، فیلم و ڕۆمان بێت، ئەمە جگە لەوەی کە ئێمە مێژووەکەمان لێوانلێوە لە ڕووداو کە دەتوانێت سەرچاوەی دەوڵەمەندکردنی ئەدەبی ئێمە بێت و زۆر جار ئەدەب دەتوانێت زووتر ڕووداو بگەیەنێتە نێوەندە نێودەوڵەتییەکان، ئێمە دەبوو وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت ئەم ئەرکەمان بە ئەدەب بسپاردایە.
9- ئەو کارە هونەریی و ئەدەبییانەی لەمەڕ ئەنفالەوە تاکوو ئێستا سەرنجی ڕاکێشاون، کامانەن؟
وەک خۆم هیچ کارێک وەک نووسینەکانی (شێرکۆ بێکەس) ئازار و برینەکانی نەوەراندووم.
10- لە نامەکاندا؛ چەند جار لە ڕێگەی باوکتان یان نەسرینی خوشکتانەوە داوای بلووز و کەواو و ماکسی و… واته؛ بە گشتی جلوبەرگ وەکوو سەرەتاییترین مافی هەر زیندانی و بەندکراوێک کراوە، بۆچی بەعس جلوبەرگیشی پێ ڕەوا نەدەدین؟
شتێکی شاراوە نییە خودی بەعس دڕندەیەیی لە ئاستێکدا بووە کە هیچ پێوەرێکی بێ ویژدانی نایخوێنێتەوە، حیزبێک بە ئاگر و ئاسن حوکم بکات چاوەڕێی مامەڵەی ئینسانیی لێ ناکرێت، بە تایبەت بەرانبەر کەسانێک کە دژی حوکمڕانییەکەی کاریان کردووە، بۆیە نەک جلوبەرگی شایستە بە مرۆڤی نەداوە بە زیندانییەکان بەڵکوو هیچ جۆرێک ڕێزی مرۆڤبوونی نەگرتوون، چەندین جۆری ئەشکەنجەی زیندانیانی داوە کە دژ بە مرۆڤ بوون.
11- ئێمە کە ئەنفالمان وەکوو دۆکۆمێنت بینیوە و تەنیا لە وێنە و وشە و هەواڵدا بەر دەلالەتی ڕەنج و برینەکان دەکەوین، ئەرکمان چییە؟
ئێمە هەموومان ئەمەگدارین بەوەی مێژووی خوێناوی و ئازارە گەورەکانمان وەک ئەمانەتێک بگەیێنینە نەوەکانی داهاتوومان، ئەمە ئەرکێکی هەم پیرۆزە هەم مەزن چوونکە هەر گەلێک قەدری مێژووی نەگرێ و زانیاری درووستی لەبارەی مێژووی خۆی نەبێت گەیشتنە ئامانج کارێکی زەحمەت دەبێت.
12- وەکوو دوا وتەتان؛ هەرچییەک بە پێویستی دەزانن لەم ڕۆژانەدا کە دیسان گۆڕەبەکۆمەڵەکان هەڵدەدرێنەوە (سەماوە) و وێنە و یادەکان گیانی تازە دەگرنەوە، بیڵێن.
نەک لە سەماوە بەڵکوو لێرە لە “سلێمانی” لە هەر جێگایەک پێ دەنێمە سەر زەوی هەست ئەکەم ئێسک و پرووسکی خێزانەکەمی لەژێردایە ئەمە هەستی هەموو بەجێماوێکی کارەساتی ئەنفالە، هەر گۆڕێک هەڵدەدرێتەوە دڵی کەسوکاری ئەنفالکراوان دادەخورپێ ئەمە هەستێکە تەنیا ئێمە ئەتوانین بزانین چۆنە! [1]