گردی لەیلان، یان گردی شێخنا، یاخود گردی شێبت ئێنلیل، لە گردە شوێنەوارییە گرنگەکانی ڕۆژاوای #کوردستان#ە و دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوچەی خابوور، نزیک دۆڵی سێرای دوورگەی سەرەوە. ئەم گردە بە دووری 28 کم لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری #قامیشلۆ# و 82 کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هاسێک هەڵکەوتووە.
ئەم شارە شوێنەوارییە بە چەندین ناو ناسراوە، کاتێک پایتەختی وڵاتی (ئەبووم) بووە ناوەکەی شێخنا بووە و بەڵگە بۆ ئەمەش لەو تابلێت و بەردەنووسراوانەی کە لە ئەرشیفی ماری (تەل ئەلحەریر) و ئەو لەوحە میسرییانەی لە گردی لەیلان دۆزراونەتەوە، وای پێ گوتراوە. لە سەدەی نۆزدەیەمی پێش زایین ئەم شارە لەلایەن ئاشوورییەکانەوە داگیرکراوە و ناوەکەی شێبیت ئێنلیل (شوێنی نیشتەجێبوونی خوداوەندی ئێنلیل) بووە. دوای کۆچی دوایی شا شەمشی ئادەد، ناوی پێشووی (شێخنا) گۆڕرا و بووەوە بە گردی لەیلان، کە یەکێکە لە گەورەترین گردەکانی ناوچەکە و یەکێکە لە کۆنترین گوند و شوێنە نیشتەجێبوونەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەم گردە مێژووییە یەکەم شوێنی نیشتەجێبوونە لەم دەڤەرە و مێژووەکەی بۆ کۆتایی هەزارەی شەشەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، هەروەها گردی لەیلان لە هەزارەی دووەم و سێیەمی پێش زایین یەکێک بووە لە گرنگترین شارەکانی باکووری #میزۆپۆتامیا#. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەم شوێنە لەسەر ڕێڕەوێکی بازرگانییە و ناوچەکانی باکووری دەریای ناوەڕاست و میزۆپۆتامیا و شاری (خاتی) بە یەکەوە دەبەستێتەوە.
ئەم گردە لە دوو بەش (ڕووبەر) پێکدێت: ڕووبەری سەرەوە کە پێی دەوترێت ئەکرۆپۆلیس و کۆنترین ناوچەیە، هەروا ڕووبەری خوارەوەش کە دەوری بەشی سەرەوەی داوە، پێی دەوترێت شارۆچکەی خوارەوە، کۆی ڕووبەری گردەکە 90 هێکتارە.
ئەم ناوچەیە لە ناوەڕاستی هەزارەی سێیەمی پێش زایین زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی دانیشتووانی بەخۆیەوە بینی، بۆیە ئەو گوندە بچووکە بە قەبارەی شارێک بوو تا ڕووبەرەکەی گەیشتە 90 هێکتار. لەو سەردەمە ئەم شارە لە ڕووی ڕێکخستنی سیاسی و ئابوورییەوە گەشەی کرد و بوو بە یەکێک لە ناوەندە گرنگ و ستراتیژییەکانی ناوچەی خابوور، کە لەو سەردەمەدا شارەکە ناوی شێخنا بوو.
لە ناوەڕاستی هەزارەی دووەمی زایینیدا شێخنا وەک هەموو ناوچەکانی خابوور بوو بە بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی #هوری# و #میتانی# و شوێنێکی ستراتیژی و گرنگ بووە. لە زۆر شوێنی جیاوازی شاری نزمی گرەوە، گۆڕی میر و سەرکردەکانی میتانی هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی باس کراو.
کەلوپەل و شوێنەوارە دۆزراوەکانی ئەم گردە ئاماژە بە سەلیقەی هونەریی و دەستڕەنگینیی خەڵکی ئەم سەردەمە دەکەن، کە لە ڕووی هونەر و دیزاینەوە چەند پێشکەوتوو و دەستڕەنگین بوونە.
ئەم گردەش هەروەک شوێنەوارەکانی تری ئەم ناوچەیە بووەتە قوربانی شەڕ و ئاژاوە یەک لە دوای یەکەکان، بە تایبەتیی لە سەردەمی سەرهەڵدانی تیرۆریستانی داعش و هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی سووریا، کە بەداخەوە یەکێک بوو لەو شوێنەوارانەی دوچاری ڕووخاندن و تێکدان بووەوە.[1]