جلوبەرگی ژنانی موکریان؛ بەشی 03
لەیلا نوورانی
=KTML_Bold=کراسی ئاگرباران=KTML_End=
کراسێکە لە جۆرە پارچەیەکی بەوەزن و ناسک کە تەختەکەی وەک سانتین وایە گوڵی ئاوریشمی لە ڕەنگی تەختەکە و لە خۆی تێدایه. سوورەکەی تایبەتیی بووک بووە.
کراسێکە تەختی لە تۆڕێکی وردی وەک هیچە کە تەواوی بە دەڕژێی دانەدانە داپۆشراوه؛ ڕەنگی دەڕژێکانی بە عام زەرد یان سپییه. بۆ تارا و دەسماڵیش دەبێت.
=KTML_Bold=کراسی ئافتانیشان/ کراسی گوڵ مانگ=KTML_End=
کراسێکە تەختی لە پارچەیەکی لە حەریر ئەستوورتر، گوڵەکانی بە وێنەی مانگن و بە سیم و پووڵەکە لێی چندراوه. تایبەتیی جلی بووک بووه.
=KTML_Bold=کراسی ئاڵقە / قامک پڕلەئەنگوستیلە=KTML_End=
کراسێکە تەخنی لە پارچەیەکی لە حەریر ناسکتر و ئاڵقەی چندراوی تێدایە. ئاڵقەکان بەقەد ئاڵقەی دەستی بووکن و لەپەنای یەکترین، یەکیان دەورەی بە نەخ گیراوە و ئەویتریان بە زەڕییە. ڕەنگی ئاڵقەکان لە تەختی کراسەکە جیاوازە. تایبەتیی جلەبووک بووه.
=KTML_Bold=کراسی ئاوریشم=KTML_End=
کراسێکە لە پارچەیەکی تەخت حەریر، زۆرتری بە ئاوریشم وێنەی جۆراوجۆری لەسەر چندراوە و شوێن شوێنی باریکی زەڕیی پێدا هاتووه. بۆ جحێڵ و پیر دەکار کراوه.
=KTML_Bold=کراسی ئەبروباد=KTML_End=
کراسێکە لە پارچەیەکی تەخت حەریر، دوو یان سێ ڕەنگی پەڵەپەڵەی جیاوازی تێدایه. جۆری باوی بە مەلیلە و مرواری و پووڵەکە و سەنگ ڕازاوەتەوە و تایبەتیی جلەبووکه.
=KTML_Bold=کراسی ئەتڵەس=KTML_End=
کراسێکە لە پارچەیەکی تەخت ئەستوور، گوڵی زەڕی و ئاوریشمی لەسەره. هێندێک شەق ڕادەوەستێت و ڕەنگی جۆراوجۆری هەیە و پێشتر تایبەتیی جلەبووک بووه.
=KTML_Bold=کراسی ئەشک=KTML_End=
کراسێکە لە پارچەیەکی حەریری زۆر ناسک و لەخت، گوڵێکی وردی هێندێک درێژووکە یان خڕی -هەر لە ڕەنگی تەختەکە -لە سەرە و ئەولا و ئەولای گوڵەکە دەڵێی دەرکێشراوە و بە تەختەکەیەوە نەنووساوه. گوڵەکەی ورد و درشتی هەیە و نەخ یان زەڕیی یان تێکەڵاوێک لەو دووانەیه. ڕەنگی جۆراوجۆری هەیە و پیر و جحێڵ کەڵکی لێ وەردەگرن. ئێستاکەش باوە و جۆرێکی هەیە سەری گوڵەکەی سەنگی لەسەرە و پارچەکەی بەوەزنتره.
=KTML_Bold=کراسی ئەمیرغازی=KTML_End=
هاتەخوار لە میرقازی
بە کراسی ئەمیرغازی
سەد سۆفی پێنسەت قازی
پاکی چوونە پێشوازی
تەگبیریان لە نوقڵێ کرد
مەمکی بگرن بە گازی
=KTML_Bold=کراسی ئیسڕائیل=KTML_End=
کراسێکە تەختی لە پارچەیەکی لووسی بروقەداری هێندێک زوور، کە گوڵی لە خۆی لە ڕەنگی تر تێدایە؛ نایلێکس. ئەو پارچەیە بۆ کەواش دەکار کراوە.
=KTML_Bold=کراسی بشۆربپۆش/ کراسی پووش=KTML_End=
کراسێکە تەختی لە پارچەیەکی ناسک و ساکار و زۆر سووک و هەموو جۆرە ڕەنگێکی هەبووه. جۆری ساکار و گوڵداری هەیه. ئەوانەی دەستنەڕۆیو بوون دەیانکردە کراس، بەهۆی تەنک بوون، زۆر زوو ئیشک دەبووەوە هەر بۆیە پێیان دەگوت: بشۆربپۆش. ئەم کراسە کەمبایەخە ڕەنگ دەداتەوە، ئایشێ خانمی ئەحمەدیان دەیووت: بە بووکی کراسەکەم پۆشی سوور بوو، چارەکەکەم سپی بوو، تا گەیشتمە جێ، تەواوی ڕەنگی کراسەکە لە چارەکەکەم هاڵابوو.
ئێستاکەش هەر باوە بەڵام ڕەنگ ناداتەوە و زۆرتر بۆ بن کراس و ئاواڵ کراس کەڵکی لێ وەردەگیرێ.
=KTML_Bold=کراسی پووڵەکچەسپی=KTML_End=
1) کراسێکە تەختی لە پارچەیەکی لە جۆری چیمەن بەڵام زۆر ناسکتر لە ئەو. پووڵەکەکانی بە چەسپ بە دوای یەکدا پێوەنووساون و لە دیوی جوانێی تەختی کراسەکە دیاره. بۆ جلەبووک بووه. ئەم پارچەیە بۆ سیخمە و کەواش کەڵکی لێ وەرگیراوه.
2) کراسێکە لە پارچەیەکی مەخمەری ناسک کە دەنکدەنک پووڵەکەی چکۆڵەی لە ڕەنگی دی لەسەر چەسپ کراوه.
=KTML_Bold=کراسی پووڵەکماهی=KTML_End=
کراسێکە تەختی لە پارچەیەکی لە جۆری چیمەن بەڵام زۆر ناسکتر لە ئەو و بە وەزن سووکه. سەراسەر پووڵەکەی تەختی حەوت ڕەنگی تەنکی لێ دراوە و دیوی جوانێی، وەک ماسی، بە هەر بارەیدا ڕەنگێک دەنوێنێ و ڕەنگەکانی بە عام کاڵ بوون. بۆ سیخمە کەواش کەڵکی لێ وەرگیراوە و تایبەتیی جلەبووک بووه.
=KTML_Bold=کراسی پووڵەکەدۆزی=KTML_End=
کراسێکە لە پارچەیەکی تۆڕی ناسک، پووڵەکەی لێ چندراوە و دەکرێت بە دەستیش لێیبندرێ. ڕەنگی جۆراوجۆری هەبووە و پووڵەکەکانی لە ڕەنگی تەختەکەی یا جیاواز بوون. بۆ جلەبووک و کەوا و سیخمەش دەکار کراوە.
کراسێکە لە پارچەیەکی تۆڕی کونوردی نەرم یان حەریر کە بە شێوەی جۆراوجۆر گوڵی لە پووڵەکە تێدایه، گوڵەکان یان لە تەختی کراسەکە یان جیاوازن. تایبەتیی جحێڵان بووە. ئەم پارچەیە بۆ سیخمە کەواش کەڵکی لێ وەرگیراوە. ئێستاکەش هەر باوه.[1]