میرانی کوردی دۆنبۆلی لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایانی هەوشار و پاشایانی زەنددا
پاش کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی سەفەوییە لە زنجیرە پاشایەتییەکانی ئێران دا تورکەمەنە ئەفشارەکان کە خۆیان لە تیرەی قزڵباشەکان و یاریدەدەرانی دەسەڵاتی سەفەوی بوون، دێنە سەر کار و (نادر قولی ئەفشار) دەبێتە یەکەم دامەزرێنەری دەسەڵاتی (ئەفشار) یان بە ڕاوێژی کوردی (هەوشار) ، کە لە وڵاتی خۆراسانەوە ڕادەسێ و وەچەکانی سەفەوی مەفح دەکاتەوە.
نادر شا پاش ساغ کردنەوەی پازێلی ویلایەتە لە دەس چووکانی ئێرانی سەردەمی سەفەوی، کە یان کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی لە ڕۆژاوا و یان دەسەڵاتی (گەوریکانی) وڵاتی هێند، دەبێتە شای ئیران و بۆ ماوەی سی ساڵ هەوشارەکان دەسەڵاتداریی ئێران بە دەستەوە دەگرن و پاشان (کەریم خانی زەند) دەسەڵاتی هەوشارەکان لە مێژوودا بزر دەکات و پاش هەندێک تێکهەڵچوون لەگەڵ ئەوانەی (ئیددییعای) سەروەریی ئێرانیان دەکرد، بۆی دەلوێ دەسەڵاتی خۆی بێچم ببەخشێ و زەندەکانیش بۆ ماوەی سی ساڵ دەبنە خاوەن حکومەت و دەسەڵاتی ئێران.
بەڵام دۆنبۆلییەکان لە ماوەی ئەو نزیک شەست ساڵەدا، ناوی سیاسییان لە جاران بەرزتر دەبێتەوە و زۆر بە پوختی گەشە دەکەن. دەسەڵاتی دۆنبۆلییەکان لەو ماوەیە دا زۆر لە جاران پتەوتر و ڕێک و پیکتر بووە و دەکرێت بوترێ وەک نیوە پاشایەتییەک لە جوگرافیای ژێر دەستی خۆیاندا نێودار بوون و ناسێنراون، هەڵبەت بەهۆی دەسەڵاتیانەوە لە سەراسەری ئێرانیشدا وەک هێزێکی بەتوانا و کاریگەر حیسابیان بۆ کراوە.
نادر شای هەوشار، پاش سڕینەوەی شوێنەواری دەسەڵاتی عوسمانی لە ئازەربایجان، سەرلەنوێ (موڕتەزا قولی خانی دۆنبۆلی) کوڕی شاباز خانی گۆرین کە باسمان کرد، وەک دەسەڵاتداری ناوچەی میراتی خۆی هەڵدەبژێرێ و شکۆی میراتی خۆی پێ دەبەخشێتەوە. تەنانەت موڕتەزا قولی بەیگ لە جێژنی تاج لەسەردانانی نادر شادا، لە ساڵی 1148ی کۆچی، بەرانبەر بە 1735ی زایینی، بەشداری دەکات و لە شەڕی قەوقاز فەرماندەی بەشێکی دیار لە لەشکری نادر شای هەوشار بووە.
=KTML_Bold=سنووری دەسەڵاتی نادرشای ئەفشار=KTML_End=
بەوتەی (کازم مەروی) مێژوونووسی دیوەخانی نادر شا، موڕتەزا قولی بەگ، لە ڕیزی گەورەمیر و خانە مەزنەکانی دەزگای دەسەڵاتی هەوشاردا بووە؛ بەڵام ئەو پەیوەندییە هێندە پتەو نامێنێ، ئەویش هۆکارەکەی ئەوە بوو کە نادر شا داوای ماڵیات و باجێکی زۆر لە دەسەڵاتی دۆنبۆلی دەکات و موڕتەزا قولی بەگیش لێی هەڵدەگەڕێتەوە و نامە بۆ دەسەڵاتی عوسمانی دەنێرێ و خەڵکی ناوچەی دۆنبۆلی شۆڕشێکی نوێ دژی نادر شا ڕێک دەخەن.
هەرچەندە موڕتەزا قولی بەیگ هەوڵ دەدا لەگەڵ لەشکری هەناردەی دەسەڵاتی هەوشار دەستەویەخە نەبێ، بەڵام سەرەڕای پشتیووانیی عوسمانی لەشەڕ دا دەکووژرێ، هەر چەند مێژوونووسی بە ڕەچەڵەک دۆنبۆلی کە پێشتر باسمان کرد، عەبدولرەزاق بەیگ، ڕای وایە کە باپیرە گەورەی، یانی موڕتەزا قولی بەیگ، لەسەر ئەمری نادر دەچێتە خۆراسان و لەوێ نادر بە پێی یاسای تاکەکەسیی خۆی حوکم بە کوشتنی دەدا. ئەگەرچی ڕای عەبدولرەزاق بەیگیش لەگەڵ خۆوخدەی توندی نادر دەیخوێنێتەوە و ناکۆک نیە؛ بەڵام بەهەرحاڵ موڕتەزا قولی بەیگ لە ئاکامی شۆڕشی دۆنبۆلییەکاندا دەکووژرێ و نادر شا-ش ئینجا لە کردەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە و سەرلەنوێ شاباز خانی دۆنبۆلی، باپیری عەبدولرەزاقی مێژوونووس وەک خاوەن دەسەڵاتی ناوچەی دۆنبۆلی هەڵدەبژێرێتەوە.
شاباز خان هاوڕێی دەسەڵاتی هەوشار دەمێنێتەوە و پاش نادریش یاریدەی برایم خانی برازای نادر شا کە لە جێی مامی دانیشتبوو، دەدات. بەڵام پاش ئاڵۆزییە درێژخایەنەکەی کە پاش مەرگی نادر لەنێوان فەتح عەلی خانی هەوشار، ئازاد خانی ئەفغان، کەریم خانی زەند و حەمەحەسەن خانی قەجەر لەسەر دەسەڵاتداریی ئێران ڕوودەدا، شاباز خان لەگەڵ ئازاد خان و جاری واشە حەمەحەسەن خانی قەجەر دەکەوێ کە هەرتک ئەوانە لە هەمبەر کەریم خاندا لایەنی دۆڕاوی کایەی سیاسی و شەڕ بوون و لە کۆتاییدا کەریم خان لایەنی براوە بوو.
کەریم خان بۆ وست کردنی خوازیارانی دەسەڵات پیشەی وابوو کە کەسێکی گرینگی بنەماڵەی ئەو خوازیارانەی بە بارمتە دەگرت، وەک چۆن ئاغا محەمەد خانی لە قەجەر و شاباز خانی لە دۆنبۆلی بەبارمتە گرت و بردنی بۆ شیرازی پایتەختی ئەوکاتی خۆی.
هەڵبەت بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە، نەوەک هەر شاباز خان بەڵکوو دوو کەسی گەورەی دیکەش لە خانەدانی دۆنبۆلی بە بارمتە دەگیرێن.
=KTML_Bold=سنووری دەسەڵاتی کەریم خانی زەند=KTML_End=
لەلایەکی دیکەوە کەریم خان دەسەڵاتی خۆی و ئازەربایجان دەداتەوە بە نەجەف قولی بەیگ کە کەسێکی بە ئەزموون بووە و هەر لە زەمانی نادر شاوە کاربەدەست و لێوەشاوە بووە و بە گوێرەی مێژوو بۆ ماوەی چل ساڵان دەسەڵاتداری ناوچەی میراتی بووە. پاش ئەویش نۆبەی دەسەڵاتداریی خاندانی دۆنبۆلی دەگاتە ئەحمەدخانی دۆنبۆلی کە ناودارترین دەسەڵاتداری زنجیرەی میرانی دۆنبۆلیە و تا ئێستاش ناوی لە مێژووی وڵاتی خۆی و یادەوەریی خەڵکی ناوچە دا پارێزراوە.
ئەحمەد خان زیاتر لە پەنجا ساڵ دەسەڵاتداری ناوچە دەبێت و لە ململانێی کێشەی لوتف عەلی خانی زەند و ئاغا محەمەد خانی قەجەر کە پاش مەرگی کەریم خان بۆ پاوان کردنی (عینوانی) پاشایەتی بۆخۆیان دەکەونە شەڕەوە، دەسەڵاتی ئەحمەد خان پتەوتر لە هەمیشە بەردەوامە.[1]