بەڵێن بدە:
کە تاریکیم بۆ ڕاناخەی.
بەڵێن بده:
کە شەختەبەند ناکەی بەرپێم.
منیش بەڵێنت پێ دەدەم،
دان بە ڕابردووما بنێم:
پێش چاوی تۆ
لە پەرداخی وەنەوشەییی
چاوی ترم پێک هەڵداوە.
پێش نامەی تۆ
قژی گەلێک نامەی ترم داهێناوە
پێش سنگی تۆ
زۆر سنگی تر
چەپکەگوڵی تەزووی سووریان بۆ چنیوم
پێش ژوانی تۆ،
زۆر ژوانی تر
ڕێگەی دووریان پێ بڕیوم...
***
شاعیرێک بووم...
گەرووی وشکم
بە دوای قومێک ئاودا وێڵ بوو،
بۆ بارانی هەر ئاسمانێک نووشتامەوە
ئاوی لێڵ بوو!
***
گەر دەتەوێ خوێنی دەماری شیعرم بیت
داستانێک بیت بێ کۆتایی،
گەر دەتەوێ
خۆشەویستیت بەدویدا نێت
ماچی ساردی ماڵئاوایی:
بەڵێن بدە، ئاسمانم بیت،
بەڵێن بدە،
هەناسەم بیت، سێبەرم بیت، بارانم بیت
تاکوو منیش شانۆی کۆنم جێ بهێڵم
دەمامکی ڕووم فڕێ بدەم
دوو باڵی پڕ خۆشەویستیم
لە گەردنت گرێ بدەم...
(1971 - کوردستان)[1]
هۆنەر: #عەبدوڵڵا پەشێو#
پەرتووکی: #شەونامەی شاعیرێکی تینوو#
وتنی: #مەرزییە فەریقی#
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=572015&document=0001.MP4=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ بیستنی گۆرانی بەڵێن بدە بە دەنگی مەرزییە فەریقی=KTML_Link_External_End=