شارۆچکەی تەقتەق
لەنێوان داواکەی دەستەی تیشک و بەڵێنەکەی #کۆسرەت ڕەسوڵ# و بڕیارەکەی #مەسرور بارزانی#یدا
نووسینی: #ئاراس ئیلنجاغی#
سەرنووسەری ڕۆژنامەی #تاک# بووم لە شارەدێی #تەقتەق#، لە ڕێکەوتی #10-07-2007# کۆمەڵێک گەنج دەستەیەکی مەدەنییان بەناوی (دەستەی تیشک) دامەزراند لە دیارترینی ئەو گەنجانە (قەیس قاسم هەمزە، هەڵبەست حسێن حەمەدەمین، ئیسماعیل سوارەی قادرئاغا، هەڵمەت محەمەد قادر خەیات) بوون، ئەو دەستەیە لە#25-07-2007# لە هۆڵی شەهید عەبدوڵڕەزاق بە ئامادەبوونی (#عوسمان بانیمارانی#) سەرۆکی فراکسیۆنی سەوزی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لە پەڕڵەمانی کوردستان و (کاکەخان نەسرەدین ئەمین) بەڕێوەبەری شارەدێی تەقتەق و کۆمەڵێک گەنج و لاوی سنوورەکە، خۆیان ڕاگەیاند و پەیڕەو و پڕۆگرامێکیان لە دوو توێی (5) مادە و خاڵدا خستە ڕوو، لە بەرچاوترین داواکاریی و ئامانجیان ئەوە بوو: گۆڕینی تەقتەق لە ناحییەوە بۆ قەزا، بۆ مێژوو ئەوەتان بیردەخەمەوە بیرۆکەی بەقەزابوونی تەقتەق یەکەمجار بۆ ئەو دەستەیە و کۆمەڵە گەنجە دەگەڕێتەوه.
لە دوای داواکاری ئەو کۆمەڵە گەنجە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ساڵی (2009)دا، لە ڕێکەوتی #15-07-2009#دا #کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی# جێگری سکرتێری گشتی #یەکێتی نیشتمانیی کوردستان# لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا لەناو ئەندامان و لایەنگران و هەوادارانی خۆیی و حزبەکەی لە شارەدێی تەقتەق بەڵێنی بە خەڵکی تەقتەقدا کە حکوومەتی داهاتوو گرنگی تایبەت بەناوچەکە بدات و وتی: من شەخسی خۆم شانازیتان پێوە دەکەم، دڵنیاتان دەکەم هەرچی لە توانادابێت بۆتانی جێبەجێبکەین و بە پشتیووانی خوا ئەم شارەدێیە دەکەینە شارۆچکە (شارۆچکە) و #ئیلنجاغی گەورە#ش دەکەینە شارەدێ (شارەدێ).
لەبەر ئەوەی لە هەڵبژاردنەکەدا کە یەکێتیی و پارتی هاوپەیمانبوون بە ناوی لیستی کوردستانی ژمارە (54) و بۆ سەرۆکایەتی هەرێمیش بەربژێریان #مەسعود بارزانی# سەرۆکی #پارتی دیموکراتی کوردستان# بوو بە ژمارە (12)، نیووەی دەنگی شارەدێیەکەیان بەدەست نەهێنا، لە کۆی (10936) دەنگدەر، (8509) دەنگدەر بەشداربوون و لیستی بزووتنەوەی گۆڕان (3635) دەنگ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (3832) دەنگی پێدرا، لە بەرانبەریشدا بۆ سەرۆکایەتی هەرێمیش #کەمال میراودەلی# (4446) دەنگ و مەسعود بارزانی (3361) دەنگی هێنا، دوای ئەو هەڵبژاردنە بێ دەنگی لە بە قەزابوونی تەقتەق کرا.
هەرچەندە لێرە و لەوێ گەنجان و خۆبەخشان و چالاکوانانی مەدەنی و کەسایەتییەکان و مامۆستایان و چین و توێژە جیاوازەکان لە #کۆیە# و تەقتەق لە ساڵی (2021)دا چەندین کاری پێکەوەیی و هاوبەشیان ئەنجامدا بۆ هێنانەکایەوەی ئیدارەی سەربەخۆی کۆیە و شارۆچکەی تەقتەق لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کە لێرەدا ناتوانین حەقی خۆیان پێ بدەین بۆیە داوا لەو گرووپ و ڕێکخراو و لایەنانە دەکەم کە بابەتێکی سەربەخۆ لەسەر ئەو چالاکییانە بنووسن.
ئەم بابەتە بەهۆی کۆمەڵێک قەیران و نائومیدی خەڵکی ناوچەکە لە دەسەڵاتی کوردی بێ دەنگی لێ کرا تاوەکوو لە ڕێکەوتی #25-09-2024# لەگەڵ زەنگی نوێی ساڵی خوێندنی 2024-2025 لە قوتابخانەی نەجیبەخانی بنەڕەتی تێکەڵاو دا لە باسکی عارەبیان لە #کۆیە#، #مەسرور بارزانی# سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا کە ئەویش لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەڕڵەمانی کوردستان بوو، بڕیارییدا دەست بە ڕێگای دوو سایدی هەولێر-کۆیە بکەن و شارەدێی تەقتەقیش بکرێتە قەزا.
هەر زوو بۆ هەمان ڕۆژ نووسینگەی پارێزگاری هەولێر بە نووسراوی ژمارە (2429) لە 25-09-2024دا لەسەر فەرمانی ڕێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە وەزارەتی ناوخۆ-نووسینگەی وەزیر کرد کە کار بۆ هێنایە کایەی شارۆچکەی تەقتەق بکەن، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە واژۆی #نێچیرڤان بارزانی# سەرۆکی هەرێم بە فەرمانی ژمارە (335)ی تایبەت بە هێنانەکایەوەی شارۆچکەی تەقتەقی لە ڕێکەوتی#13-10-2024# دەرکرد، بۆ ڕۆژی دواتر#14-10-2024# سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر بەقەزابوونی تەقتەق کرد و ڕێکەوتی (#24-10-2024#) لە دیوانی پارێزگای هەولێر بە ئامادەبوونی هێمن قادر جێگری پارێزگار و تاریق حەیدەری قایمقامی کۆیە، #ئومێد خۆشناو# پارێزگاری هەولێر فەرمانی دەستبەکاربوونی قایمقامی تەقتەقی بە وەکالەت بەخشییە ئاسۆ مستەفا، قایمقامی تەقتەق بەوەکالەتیش بە نووسراوی ژمارە (973) لە ڕێکەوتی (30-10-2024) داواکاری ئەنجوومەنی (موختاری) گوندی #ئیلنجاغی گەورە#ی بۆ پارێزگاری هەولێر بەرزکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە گوندەوە بکرێتە شارەدێ (شارەدێ).
خستنەڕووی ئەو بابەتە تەنیا بۆ تۆمارکردنی مێژووە وەکوو خۆی کە بیرۆکەی بە قەزابوونی تەقتەق بۆ دەستەی تیشک و ئەو کۆمەڵە گەنجە ئاماژە پێدراوە دەگەڕێتەوە کە لە 25-07-2007 خۆیان ڕاگەیاند و کە گرنگترین ئامانجەکانیان گۆڕینی یەکەی ئیداری تەقتەق لە شارەدێوە بۆ شارۆچکە و بەڵێنەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی بۆ خەڵکی تەقتەق و ئیلنجاغی گەورە لە 15-07-2009 و بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت مەسرور بارزانی بۆ بەقەزابوونی تەقتەق لە 25-09-2024دا.
سەرچاوەکان:
1-ڕۆژنامەی تاک، ژمارە (31)ی لە تەمموزی 2007زایینی.
2-ڕۆژنامەی تاک، ژمارە (54)ی لە تەمموزی 2007زایینی.
3-ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە (4924) لە 16-07-2009زایینی.
4-لاپەڕەی (ئارام شوان) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک.
5-لاپەڕەی (هاوینەواری تەقتەق) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک.[1]