دوایی سەرکەوتنە بەرچاوەکانی لە پاڵەوانێتی کاراتێی یانەکانی ئێراق #هەریاد هەردی# یاریزانی تازەپێگەیشتووی تیمی کاراتێی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# توانی بگاتە ڕیزی هەڵبژاردەی ئێراق و بەشداری دەکات لە پاڵەوانێتی کاراتێی وڵاتانی ئاسیا.
ئەمە و دوای بەشداری لە کەمپە ئامادەکارییەکان هەریاد هەردی پاڵەوان هاوشاند لەگەڵ هەڵبژاردەی کاراتێی ئێراق لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە گەیشتنە وڵاتی فلپین، سەبارەت بە بەشداری ئەو یاریزانەیان #ئەرسەلان موڕادی# ڕاهێنەری گشتی تیمی کاراتێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، دەمەوێت مێژووی پڕ سەروەری هەریادی تازەپێگەیشتووی پاڵەوان لەبەرچاو بگرم بەو پێگەیەی ئەم یاریزانە توانیویەتی لەنێو گۆڕەپانی کاراتێ دا جێگەی خۆی بکاتەوە و ئەنجامەکانی بوونەتە شاهیدی سەرکەوتنەکانی، موڕادی ئەوەشی وت کە ئەم پاڵەوانەیان لە تەمەنێکی کەمدا ئەنجامی بەرچاو پلەکانی یەکەمی لەسەر ئاستی شاری سلێمانی و ئێراق بەدەست هێناوە و توانیویەتی بەو ئەنجامانەی ببێتە یەکێک لە یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێراق بۆ بەشداری لە پاڵەوانێتی کاراتێی وڵاتانی ئاسیادا کە لە وڵاتی فلپین بەڕێوە دەچێت.
ئەرسەلان وتیشی هەریاد لە یاری کۆمێتە (قیتال) و بۆ تەمەنی 16 و 17 ساڵ دەچێتە نێو ڕکابەرییەکانی وڵاتانی ئاسیا و لە کێشی-68 کغم یاری دەکات.
ئەرسەلان موڕادی ڕۆڵی #شڤان عوسمان#ی کاپتنی تیمی کاراتێی یانەکەیانی بەرز نرخاند لە گەیشتنی هەریاد بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی ئێراق کە لە وادەی پاڵاوتن کە لە شاری بەغدا بەڕێوەچووە ئەو یاریزانە تازەپێگەیشتووە بەهۆی جێگیر نەبوونی باری تەندرووستی جەستەی نەیتوانیووە بەشداری بکات بەڵام بە پاڵپشتییەکانی کاپتنی تیمەکەیان سەرکەوتنەکانی هەریاد بەردەوام بوو تا گەیشتە ڕیزی هەڵبژاردەی ئێراق، هەروەک ئاماژەی بەوەشکرد کە لە کۆی 17 یاریزانی خاوەن پلەی یەکەم یەکێتی کاراتێی ئێراق پێنج یاریزانی دیاری کردووە و یەکێک لە باشترینەکانی یانەی پێشمەرگەش کە (ڕێباز حەکیم)ە و ماوەی پێنج ساڵە خاوەن پلەکانی یەکەمە بێ بەش کراوە لەو پاڵەوانێتییە کە ئەوەشی بە هەڵەی یەکێتی کاراتێی ئێراق زانی وتی، دەبوو وردتر کاری لەسەر باشترینەکان بکردایە و بۆ پاڵەوانێتییە دەرەکییەکان بانگێشتی بکردنایە.
دواجار ئەرسەلان موڕادی ڕاهێنەری گشتی تیمی کاراتێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە ڕۆڵی ڕاهێنەرانی کاراتێی یانەی پێشمەرگەی بەرز نرخاند کە بوونەتە پاڵپشت بۆ سەرکەوتنەکانی ئەم یاریزانەیان و هەر بۆیە سوپاسی هەریەک لە (بەختیار ئەحمەد، شاخەوان ئەحمەد، شاهێن تەها و توانا سەعید) دەکات کە هەمیشە پاڵپشتی بوون بۆ سەرکەوتنەکان.
جێگەی باسە بڕیارە یارییەکانی پاڵەوانێتی کاراتێی وڵاتانی ئاسیا لە ڕێکەوتی #22-08-2024# و لە وڵاتی فلپین یارییەکانی دەست پێبکات و ماوەی هەفتەیەک بەردەوام بێت.[1]