ناونیشانی پەرتووک: لە ئەمەریکاوە؛ بینین، مەعریفە، شیکردنەوە - بەشی یەکەم
ناوی نووسەر: #غازی حەسەن#
شوێنی چاپ: ئەمەریکا
ساڵی چاپ: 2024
ئەم پەرتووکە، دەتوانم بڵێم بریتییە لەبینین و دۆزینەوە و ناسین و ئاشنایەتی و فکر و تێڕوانینی بیرەوەریی ئاسا نووسینی ڕۆژانە و هەفتانەی خودی خۆم، لەبارەی ڕووداوە گەورەکانی جیهان و نێوەخۆی ئەمەریکا. زانیارییەکانم بە گشتی لە میدیا و دەزگا ڕاگەیاندنە جیهانییە مەزنەکان دونیا و بەتایبەتیی ئەمەریکییەکانەوە وەرگرتووە. واتە بەشێکە لە پشکنین و چاودێریی و خوێندنەوەی ڕۆژانەی ڕووداوەکان. ئەو بابەت و شت و بیرۆکانەن کە ڕۆژانە بینراون و بوونەتە سەرەتایەکی بۆ زانین و ناسین و لێکدانەوەی ئەمەریکا و لە ئەمەریکاوە بە دیدێکی جیاواز.
بۆ ناوم ناوە (لە ئەمەریکاوە)، بە کورتی و پوختی چونکە زانیارییەکانم بەگشتی دەربارەی سیاسەت و دۆخ و ژیان و ململانێ و پێکهاتەی بیرکردنەوەی نێو خودی ئەمەریکایە و دەمەوێت وتارێک بێت هەقیقەتی هەنووکەی ئەمەریکا وەکوو خۆی، دوور لە جووینەوە و وەسفی ئەوانی دیکە نەبێت.
دەمەوێت زانیارییەک بە کەسانێک بدەم، کە تێڕوانیان بۆ ئەمەریکا، تێڕوانینە بۆ بەهەشتێکی گەورەی بەهێزی گەشەکردوو.
ئەم پەرتووکە لە چەند بەرگێک پێکدێت، هەر بەرگەش لە چەند بەشێک پێکهاتووە، بەشێکیانم لە کاتی نووسین و سەردەمی ڕووداوەکان بڵاوکردووەتەوە، لێرەدا بێ دەستکاریی و گۆڕانکاری وەکوو خۆیان ئەو کات چۆنم نووسین بۆ مێژوو، بڵاویان دەکەمەوە.
من لە ڕوانگەیەکی جیاواز لەوانی دیکە باسی نێوەخۆی ئەمەریکا دەکەم، لە دیدگایەکی جیاوازی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی شیکاری هەلومەرجی نێوەخۆی ئەمەریکا دەکەم. نازانم چەند توانیوومە واقیع و هەقیقەتی ئەم وڵاتە مەزنە، ئەم کۆمەڵەگەیە گەشەسەندووە، سیاسەتێکی بەهێز، خودانی وتارێکی هەمەلایەنی زیندووە و لە هەمان کاتدا پڕە لە کێشە وتاری ڕاگەیاندن لێرە ئازاد و ڕەخنەگرانەیە و جیاواز لەوانی دیکە هێز و دەوڵەت و دەسەڵات بەرهەم دەهێنێت و قەتیش خۆی لەسەرووی یاسا نابینێت. باسی دیموکراسییەت و ناکۆکییەکانی ئەم سیستەمە هێندە کۆن و کاریگەر و بەلەزەتە، سەرکوتکردەکان و ڕەگەزپەرستی و بەپاشکۆکردنەکانیشیان جۆریکە لەناسنامەیەکی بەهێزی هەستکردن بە سەربەخۆیی، بەڵام پێم وایە ئەمەریکای مەزن، پڕە لە کێشەی مەزن، ئەم کێشانەش سرووشتین و بابەتگەلێکی ئاسایی هەر کۆمەڵەگەیەکن، کە ژیان و ناکۆکی و گەشەکردن تێیاندا زیندووە.[1]