ناونیشانی بابەت: لە گردێکی شوێنەواریی ئیدارەی سۆران پاشماوەی دوو کارگە دۆزرایەوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری #سۆران#، لە دیدارێکی (باسکورد) دەڵێت: شوێنەوارناسانی زانکۆی کیلی ئەڵمانی، لە نوێترین کنە و هەڵکۆڵینی ئەم وەرزەدا لە شوێنەواری (#گردەدەشت#) لە سنووری قەزای ناوەندی سۆران، توانییان پاشماوەی دوو کارگە بدۆزنەوە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر.“
د.#عەبدلوەهاب سلێمان#، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، زیاتر لە 1100 شوێنی شوێنەواری تۆمار کراون، یەکێک لەوانەش بریتییە لە شوێنەواری ( گردەدەشت) لە ناحیەی دیانا لە سنووری شارۆچکەی ناوەندی سۆران، کە بە یەکێک لە شوێنەوارە گرنگەکانی دەڤەرەکە و کوردستان دادەنرێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر، تائێستا چەندین جار لەلایەن شوێنەوارناسە ناوخۆیی و جیهانییەکان کنە و پشکنینی بۆ کراوە و دەئەنجامی باشی هەبووە.
ئاماژەی بەوەش دا: دوای سەردانی تیمێکی شوێنەوارناسانی زانکۆی کیلی ئەڵمانی، بۆ #بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان# و پێدانی ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردوویان، بۆ ئەنجامی کارکردنیان لە شوێنەواری گردەدەشت، لە ماوەی ڕابردوودا وەرزێکی نوێی کنە و پشکنین، بە هەماهەنگی شوێنەوارناسانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، لەم ناوچە شوێنەوارییە دەستی پێکرد، لە باکووری شوێنەواری گردەکە لە چینەکانی شارستانییەتی عبید، خۆشبەختانە توانییان شوێنەواری دوو کارگە لە گردەکە بدۆزنەوە.
ئاشکراشی کرد: یەکێک لەو کارگانە تایبەت بووە بە دروستکردنی چەقۆی بەردین، لەکاتێکدا ئەو جۆرە بەردە لە ناوچەکانی ئێمە نییە، بەڵکوو ئەو بەردانەیان لە دەریاچەکانی #ورمێ#یە و #وان# هێناوە، دیارە شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر خەڵکی ئەم ناوچەیە پەیوەندیی ئابوورییان هەبووە لەگەڵ دەوروبەر، هەروەها هونەری تایبەت بە خۆیان هەبووە لە دروستکردنی چەقۆی بەردین، کە بە شێوەیەک بووە، جگە لە پێداویستیی خۆیان بازرگانییان پێوە کردووە.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، گوتیشی: لە چینێکی دیکەی گردەکە، شوێنەوارێکی کارگەیەکی بچووکی تواندنەوەی کانزای مس دۆزرایەوە، دیارە لە کۆنەوە، واتە لەو سەردەمدا دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کەسی زانا و شارەزایان هەبووە، لە دروستکردنی کەلوپەل و پێداویستی لە کانزای مس. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=