=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: جزیرێ لەپێشوازی سەرۆکدا=KTML_End=
نووسینی: #کارزان گلی#
جزیرێی باکووریی کوردستان، هەمیشە جێگەی خەبات و شۆڕش و بەرخودان بووە، خاکێکە چەندین کەسایەتی گەورەی وەکوو مەلای جزیرێی پێگەیاندووە و چیرۆکی خۆشەویستیی مەم و زینیش هەر لەو شوێنەدا بووە و گۆڕی ئەو دوو عاشقە بەتەنیشت یەکەوەیە و ساڵانە خەڵک بۆ بینینیان سەردانی دەکەن. چوونی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداریکردنی لە سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی مەلای جەزیرێ، قورساییەکی گەورە و بەهایەکی گەورەی بە مەڕاسیمەکەدا.
جزیرێ، لە شەڕی خەندەقدا لە 2014، بەشێکی زۆری وێران ببوو و بەسەدان لە خانەوادەی ئەو شارە جوانە بوونە قوربانی و سەدان هەزاریش ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت و ئاوارەی شارەکانی تری باکووری کوردستان بوون. بیرمە ئەوکاتەی سەربازی تورکیا چوونە ناو جزیرێ بۆ شەڕکردن لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکەدا، لەسەر دیوارەکانی جزیرێ نووسیبویان ”بەداخەوە کە ئێمە هاتین ئێوە لێرە نەمابوون، ئەی کچە جوانەکانی کورد“، دیارە ئەمەیان وەکوو سووکایەتی نووسیبوو و میدیای تورکیا باسیان کرد و سەرزەنشتی ئەو کردەوەیان کرد.
مەبەستمە بڵێم، جزیرێ هەمیشە قوربانی شەڕ بووە، ئەو شارەی چەندین هونەرمەند و زانا و شاعیری گەورەی پێگەیاندووە، دەبوایە لەپێشەنگی شارەکانی باکووری کوردستان بێت لەڕووی خزمەتگوزاریەوە، بەداخەوە پشتگوێ خراوە و بەهۆی هەوڵ و خەباتە سیاسییەکەی بۆ دۆزی کورد، بەردەوام قوربانییە و بەردەوام پەلامار دراوە، لێرەوەیە سەرۆک بارزانی بەپەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیان دەچێتە جزیرێ و دەڵێت خودا لە قورئانی پیرۆزدا ناوی ئێرەی هێناوە، بۆیە دەبێت شانازی بەخۆتانەوە بکەن خەڵکی ئێرەن و هەروەها بۆ هەموو کوردێکیش شانازین.
بڕوا ناکەم لە پروپاگندەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاش، سەرۆکی پارت و کەسایەتییە گرنگەکان سەردانی جزیرێیان کردبێت، جاروبار #هەدەپە#ی پێشوو و دەم پارتی ئێستا، بەرگرییان لەو شارە کردووە، بەتایبەت ئەوکاتەی شەڕی خەندەق بوو، بۆ چەندین رۆژ گەمارۆ درابوو و چەندین منداڵ و ژن لە برساندا مردن، هەدەپە رۆڵی گەورەی هەبوو بۆ شکاندنی گەمارۆیەکە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، جزیرێ لەلایەن سەرکردەکانی تورکیا و باکووریی کوردستان، وەکوو پێویست گرنگی پێنەدراوە و خزمەت نەکراوە.
چوونی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ، سەرەکیترین پەیامی ئەوەبووە، پێیان بڵێت ئێوە گرنگن، ئێوە بەبایەخن لەلای کورد، ئێوە لە دڵی ئێمەدان و ئێوە لەبیر ناکرێن. بەهۆی ئەوەی سەرۆک، کەسایەتییەکی گەورەی ناوچەکە و جیهانیشە، بۆیە کاتێک دەچێتە جزیرێ، چاوی میدیاکانی جیهانی لەسەرە، بەتایبەت میدیای تورکیا، ئەمە مارکێتینگێکی گەورەیە بۆ جزیرێ و دەرگا دەکاتەوە تا سەرکردەکانی تری تورکیاش سەردانی بکەن و گرنگی پێ بدەن.
سەرکردەی نەتەوەیی، گرنگی بەبچووکترین لایەنی نەتەوە دەدات و بەبەهایەکی گەورە سەیری دەکات، رێز لە زمان و کەسایەتییە ئەدەبی و سیاسی و زاناکانی دەگرێت و لەبەر چاوی میللەت گەورەیان دەکات. سەرکردەی نەتەوەیی، دڵسۆزی خاک و راستگۆییە، پەیوەندیی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی وڵات دەبەستێت و بە یەک چاو سەیری هەموو خاک دەکات، ئەم تایبەتمەندییانە لە سەرۆک بارزانیدا هەیە، بۆیە چووەتە ناو روحی باکووری کوردستان و کەسایەتییەکی سیاسی گرنگی وەکوو ئاڵتان تان، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە دەڵێت ”بارزانی گرنگترین کەسایەتی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بەلای کوردیش سەرۆکێکی گەورە و گرنگە“
سەرۆک بەجامانەیەکی سوور و جلی کوردییەوە، دەچێتە ناو روحی باکووری کوردستان و لەوێ باس لە کورد و کوردستان دەکات، سوپاسی ئۆجەلان و ئەردۆغان و پەرلەمانی تورکیا دەکات، دەستپێشخەربوون بۆ پرسی چارەسەریی کورد، ئەمەش ئەو هەستە دەدات بە گەلی کورد و تورکیا، پرسی چارەسەریی لە خاڵێکی گرنگدایە و پێویستە دەستبەرداری نەبین، لە هەمان کاتدا بە رای گشتی تورکیای گوت، کورد نەتەوەیەکی جیاوازە لە تورک، کورد خاوەنی خاک و زمان و کلتووری تایبەت بەخۆیەتی، بۆیە نابێت لە تورکیای تازەدا مافەکانی پشتگوێ بخرێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=