ناونیشانی بابەت: یادەوەریی ئێسک ... نوێترین کاری هونەریی هونەرمەند ئەحمەد نەبەز
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
هونەرمەند #ئەحمەد نەبەز#، تازەترین کاری هونەریی خۆی بە ناوی (یادەوەریی ئێسک) کە پێکهاتووە لە تێکەڵەیەک لە چیرۆکی راستەقینەی دایکێکی کورد و چەند وێنەیەکی نمایشی لە ئێسک و پرووسک بڵاو کردووەتەوە.
لەم بەرهەمە هونەرییە، هونەرمەند بە بەکارهێنانی ئێسکی ساختە، باس لە چیرۆکی راستەقینەی دایکێکی کورد دەکات کە دوای چەندین ساڵ گەڕان و ململانێی سەخت، ئێسک و پرووسکی کوڕە تاقانەکەی کە لە لایەن رژێمی ئێرانەوە شەهید کراوە، دەدۆزێتەوە و کەللەسەری کوڕەکەی وەک تاجی شانازی لەسەر سەری خۆی دادەنێت و ئێسکەکانی لە باوەش دەگرێت.
ئەم هونەرمەندە سەبارەت بەم کارە هونەرییە تراژیدیایە دەڵێت:
لە ڕێگەی ئەم کردەیەوە (جەستە) چ زیندوو بێت یان مردوو، سڕینەوە ڕەتدەکاتەوە و جێگەی خۆی لەناو یادەوەریی نەتەوەیەکدا وەردەگرێتەوە.
ئەحمەد نەبەز زیاتر دەڵێت: ئێسک و کەللەسەر بوونەتە تاجی ڕەمزی و وەک ئامادەبوونێکی غیابی کار دەکەن. لەسەر جەستەیەکی زیندوو وەستاون کە نوێنەرایەتیی ساتەوەختی ئێستا دەکات، ڕووخساری بێدەنگ لەنێوان ئەوەی دەمێنێتەوە و ئەوەی لەدەست چووە وەستاوە. ئەوان قورسایی یادەوەریی بەرجەستە دەکەن کە ڕزگاربووان هەڵیدەگرن و بەردەوامیی ناسنامەن دوای هەوڵدان بۆ سڕینەوە.
ئێسکەکان ڕابردوو وەبیر دێننەوە، ژیانێک کە بە زیندوویی نێژراون پێش ئەوەی بتوانن بچنە ناو مێژووەوە. لەم بەریەککەوتنەدا جەستە دەبێتە خاڵی کۆبوونەوە کە کات و یادەوەری و چارەنووس تێیدا کۆدەبنەوە.
ئەم بەرهەمە چیرۆکی #سەلمە خەراجیانی#، دایکێکی خەمگینی کوردی خەڵکی گوندی پشتەو خەراجیانی نێوان #ڕەوانسەر# و #کامیاران# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان بیردەخاتەوە. تاقانە کوڕەکەی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کوژراوە و تەرمەکەی چەند ساڵێک لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە شاردراوەتەوە. سەلما دوای ململانێیەکی زۆر و قوربانیدانێکی گەورە، دواجار شوێنی ناشتنی کوڕەکەی لە #هەمەدان# دەدۆزێتەوە. پاشماوەی ئێسکەکانی وەک تاجی کەرامەت لەسەر سەری دادەنێ و بەسەر سنوورەکاندا دەیبا و بە ئیرادە و بوێرییەوە لە خاکی پیرۆزی نیشتمانەکەیدا بە خاکی دەسپێرێ.
هونەرمەند ئەحمەد نەبەز، لەدایکبووی ساڵی 1986ی شاری #هەولێر#ە و هەر لە هەمان شاریش نیشتەجێیە. دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر بەشی شێوەکارییە لە ساڵی 2008. دەرچووی زانکۆی سەڵاحەددین/ کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر، بەشی شێوەکارییە ساڵی 2012. فۆلۆشیپێکی هونەری بە ناونیشانی (کاریگەریی هونەرمەندانی پۆڵۆنی لەسەر هونەری هاوچەرخی عێراقی) لە سەنتەری کولتووری نێودەوڵەتیی شاری کراکۆڤ- پۆلۆنیا ساڵی 2019 بەڕێوە بردووە. بڕوانامەی ماستەری دەربارەی پێگە جەستە لە هونەری هاوچەرخدا، لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سەڵاحەدیندا بەدەستهێناوە لە ساڵی 2025.
ئەحمەد نەبەز، هونەرمەندێکی هاوچەرخە و وەک ڕێکخەری هونەری (curator art) کار دەکات و کارەکانی بە شێوەی نیگارکێشان، ئینستلەیشن، پێرفۆرمانس، ڤیدیۆ، فۆتۆ، هەروەها هونەری دیجیتاڵی جێبەجێ دەکات. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!