یاداشتێکی کورت دەربارەی ڕۆمانی #بەندەر فەیلی# #بەختیار عەلی#
نووسینی: #ڕەوا زەیدان#
(لێرەدا هەوڵمداوە دوور بم لە گێڕانەوەی ڕووداوە سەرەکییەکانی ناو ڕۆمانەکە)
کارەکتەر وەکوو توخمێکی سەرەکی ڕۆمان، جووڵێنەری ڕووداوەکانە. کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمان دەژین، دەمرن، دەخۆن، دەخۆنەوە و تووڕە دەبن، بەردەوام لە ڕێی پەیڤەکانیانەوە دەیانەوێت خۆیان نمایش بکەن. تەکنیکی پەیڤینی کارەکتەر دیالۆگە. دیالۆگیش بە هەموو جۆرەکانییەوە، چ ڕاستەوخۆ، چ ناڕاستەوخۆ، یان خۆدواندن و تەنانەت مەنەلۆگیش، زمان خولقێنەری هەموو ئەمانەیە. دەبێت کارەکتەرەکە بەپێی شوێنی ژیان و پێگەی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی خۆی قسە بکا. دەبێت هەر کارەکتەرێک بە وشەیەک، یان شێوە قسەکردنێک لە کارەکتەرێکی دیکە جودا بکرێتەوە. ئەگەر نا، خوێنەر چۆن کارەکتەرەکانی لە زەیندا دەمێنێتەوە. ئەوەی لەم ڕۆمانەدا تێبینم کرد، نەمدەتوانی زمانی کارەکتەرەکان لەیەک جیابکەمەوە، قورسە جیاوازی لەنێوان کارەکتەرەکان بکەیت. جگە لەوەش قورسە جیاوازی لەنێوان کارەکتەری ئەم ڕۆمانە نوێیە و ڕۆمانەکانی تری نووسەردا بکەیت. هەر زوو بۆت دەردەکەوێت جیاوازی کارەکتەری ناو ڕۆمانەکانی نووسەر تەنیا ناوە. لەم ڕۆمانە نوێیەدا، نووسەر دەیەوێت ژیانی بەندەر فەیلی بۆ ئێمەی خوێنەر بگێرێتەوە، ژیانێک کە لە منداڵییەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە گەورەبوون. منداڵیک نە دونیا دەبینێت و نە هیچ دونیابینییەکی بۆ دەوروبەری هەیە، نە هیچ دەزانێت و نە پەرۆشی زانینیشە. منداڵێک کە هەر کارەکتەرێک دەیەوێت بە جۆرێک حەز و خولیاکانی خۆی بەسەردا بسەپێنێت، هەر کەسە و بە جۆرێک دەیەوێت درووستی بکات، بیکاتە ئەو کەسەی خۆی دەیەوێت. یەکێک دەیەوێت بیکاتە جەللاد، یەکێک فێری عەشق و یەکێکی تریش فێری ئازادی دەکات، یەکێک دەیەوێت سواڵکەر بێ، هەر یەک بە جۆرێک دەیەوێت فکر و بیرکردنەوەیەک بەسەر ئەم منداڵەدا بسەپێنێت.
لە ڕووی چیرۆکەوە، دەتوانم بڵێم ئەم ڕۆمانە تا ڕادەیەک هاوشێوەی ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکیییە، بە هەندێک جیاوازییەوە. ئەم چیرۆکە نوێیە، چیرۆکی ئازاری کوردبوون دەگێرێتەوە، ڕەنگە تا ڕادەیەک چیرۆکێکی فەرامۆشکراو و لەبیرکراو بێ، چیرۆکی کوردانی فەیلی. ئاوڕدانەوەیەک لە هەموو ئەو ئازار و نەهامەتییانەی کوردانی فەیلی لە ڕابردوودا بینیویانە، بەندەر فەیلی لەم ڕۆمانەدا تەنیا ناوێک نییە، بەڵکوو میتافۆڕێکە بۆ میللەتێک کە هەردەم لە دۆخی زیندان و نامۆبووندا دەژی، هەڵچوونە دەرونییە کتوپڕەکانی کەسێک دەگێڕێتەوە، کە لە زیندانە هەمیشەییەکەی خۆیدا کەمترین دەرفەتی هەیە دونیا ببینێت و تێی بگات. بەندەر لە جیهانێکدا دەژی بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە، بەرەی فەرمانبەرانی زیندان لەگەڵ بەرەی زیندانییان و مەحکومەکان، بەرەی ئەوانەی کاروباری مەرگ ڕێک دەخەن لەگەڵ بەرەی ئەوانەی بەرەو مەرگ بەڕێ دەکرێن. بەندەر لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی قوربانیی ئەو هێزە گەورانەیە کە بە مێژووی وڵاتەکەدا تێدەپەڕن، بێ ئەوەی ئەو هیچیان دەربارە بزانێت یاخود بیانناسێت یان تێیانبگات، ئەو منداڵێکە دەرکراوەتە دەرەوەی ژیان و مێژوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە تێپەڕینی هەموو گەردەلوول و ڕەشەبا توند و وێرانکەرەکان دەکات لەسەر جەستەی خۆی. ڕۆمانەکە نیشاندانی ئەو فشارە ترسناکەیە کە ژینگەی سیاسی لەسەر مرۆڤەکان درووستی دەکات تا بیانکات بە بەشێک لە خۆی، بەڵام ئەوە تەنیا دیوێکی ئەم کارەیە، وەک گێڕەرەوەی کتێبەکە لە سەرەتادا دەڵێت: ئیشەکە تێڕامان و قووڵبوونەوەیە لە دەروونی سادە و ساکاری مەخلوقێک کە جیهانی بە جۆرێک بۆ بچووککراوەتەوە، دواتر هەموو شتێکی بێبایەخ، لای ئەو بەرتەقای دابەزین لەسەر ڕووی ئەستێرەیەکی نامۆ، گەورە و گرنگ دەردەکەوێت. یەکەم دیمەنی بردنە دەرەوەی بەندەر و بینینی پردی جمهوری، یادەوەری بینینی ئەو پردەی بۆ یەکەم جار بیر هێنامەوە، هەستم دەکرد تا ساڵانی پێش ئێستایش خەونم ئەوە بوو ئەو پردە بەو شێوازە جوانە ببینمەوە. دەتوانم بڵێم ئەو ڕووداوە، تاکە ڕووداوی ناو ڕۆمانەکە بوو کە سەرنجی ڕاکێشام ئەویش تەنیا لەبەر ئەوەی پەیوەندی بە یادەوەرییەکی منداڵیمەوە هەبوو.
لەبارەی گێڕانەوە وە، ئەم ڕۆمانە یەک ئاڕاستە و تاک گێرەرەوەیە، ڕیتمێکی هێواشی هەیە، پڕ لە مەنەلۆگ و دیالۆگە، زمانێکی سادەیە و تەکنیکەکانی هیچ جیاوازییەکی لەتەکنیکەکانی پێشوو نییە، گەر ورد بیت لە خوێندنەوە زوو تێدەگەیت چی ڕوو دەدات، ڕووداوەکان لە زاری کەسی سێیەمی تاک و باس دەکرێن، لێرەدا چیرۆکخوان هیچ بەژدارییەکی لەناو ڕووداوەکانی چیرۆکەکەدا نییە، چیرۆکخوان شاراوەیە، گێڕانەوە بە کەسی سێیەمی تاک شێوازێکە بۆ گێڕانەوەی چیرۆک کە تیایدا چیرۆکخوان ئاگاداری هەست و سۆز و بیرکردنەوەی هەموو کارەکتەرەکانی ناو چیرۆکەکەیە، دەکرێت لە چەند گۆشە نیگایەکی جیاوازەوە چیرۆکەکە بگێردرێتەوە، بەڵام لەم ڕۆمانەدا هەست بەو گۆشە نیگا جیاوازانە ناکرێت، زیاتر وا هەست دەکەیت گیرەرەوە یەک کەسە و خودی چیرۆکخوان خۆیەتی نەک کەسی دی. گێرەرەوەی بەشدار لە زۆر شوێندا زانیاری لە کارەکتەر زیاترە، تارمایی گێرەرەوە باڵی بەسەر ڕۆمانەکەدا کێشاوە، هەندێک بیرەوەری و زانیاری هەن کە قورس کارەکتەری سەرەکی کە بەندەر فەیلییە، دوای ئەو هەموو بارودۆخە دەروونی و لەبیرچونەوەیە، توانیبێتی بەو شێوە ورد و درشت بۆ کەسێکی باس بکات، کە لە چەندین شوێندا لە زاری خۆیەوە دەڵێیت کە تەنانەت ناوی شتەکانیشی لەبیر چووەتەوە، چ بگات بەوەی وردەکاری ڕووداوێک بەو شێوە بیر مابێت و بگێرێتەوە. لەم ڕۆمانەدا کارەکتەر مردووە، من وەک خوێنەر هیچ کام لە کارەکتەرەکانم نەخۆشویست نە ڕقیش لێ بووە، جیاواز لە ڕۆمانەکانی پێشوو پێم وایە کەم کەس هەبێت.کارەکتەری سەوسەن گوڵدانچی و غەزەلنووس لەبیر بکات، بەڵام بەندەر فەیلی و هەموو کارەکتەرەکانی تری ناو ئەم ڕۆمانە و ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکیش کارەکتەرێک نین لە فکر و بیری خوێنەردا بمێننەوە. لە هەندێک شوێندا ڕووداوەکان خۆیان دووبارە دەکەنەوە، بەندەر دوو جار دەخرێتە بەر فێرکردن، دوو جار مامۆستای بۆ دەگیرێت، دوو جار ڕا دەکات، دوو جار جیا دەکرێتەوە لەوانی تر، ئەوەی منی خوێنەر دەیبینم ئەوەیە نووسەر ڕووداوەکانی دووبارە کردووەتەوە بە جیاوازییەکی کەمەوە، کە دەکرا زۆر شتی جیاوازتر باس بکات. ڕەنگە ئەم ڕستەیە لەسەرم قورس بێت کە دەیڵێم، بەڵام هەندێک چاپتەر دەتوانیت جێی بهێڵیت و نەیخوێنیتەوە بێ ئەوەی هیچ کاریگەریی لەسەر چیرۆکەکە هەبێت.، من هەمیشە کێشەم لەگەڵ ئەم جۆرە لە زیاد وتنەی کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی هەبووە، ناکرێت ئەوەی دەکرێت لە یەک لاپەڕەدا جێی بکەیتەوە دە لاپەڕەی بۆ تەرخان بکەیت. ئەوەی دەیڵێم، لە دژایەتی و ڕقلێبوونەوە نییە، بەڵکوو لە خەمخۆری و خۆشەویستی کەسێکە کە کۆی کارەکانیم خوێندۆتەوە هەمیشەچاوەڕێی کاری باشتر و باشتری لێ دەکەم. ئەوەی من دەمەوێت لەبارەی تەکنیکی ئەم ڕۆمانەوە بیڵێم زۆر کورت و پوختە، هەست بە جیاوازیی لە داڕشتنی تەکنیکی نووسینی ئەم ڕۆمانە و هیچ کام لە ڕۆمانەکانی تری نووسەردا ناکەم. لە سەرەتاوە ئاماژەم بە کێشەی هاوزمانی کارەکتەرەکان دا، کارەکتەرەکان هەموویان وەک یەک دەپەیڤن. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ڕۆماننووس هێندەی خەمی گەیاندنی تێمەکەیەتی، هێندە لە خەمی ئێستاتیکای کارەکتەرسازی و زمانی ڕۆمانەکەدا نییە. ئاخر تا ئێستایش جاوازی لەنێوان شێوە قسەکردنی “نەوفەل خەلیفە سەفوان” و “شادی ڕەزوان حەمدان” و “نەدا بوستانی” ناکەم. هیچ قسەیەک نییە، یەکیان پێ بناسمەوە. ئەم کێشەیە لە دوایەمین هەناری دونیاشدا بەدی کردووە بە هەمان شێوە جیاوازی لەنێوان شێوە قسەکردنی “محەمەدی دڵشووشە” و “یاقووبی سنەوبەر” و “سەریاسی سوبحدەم” لە ڕۆمانی (دوایەمین هەناری دونیا)ی “بەختیار عەلی”دا ناکەم. کارەکتەرەکان وەک یەک قسە دەکەن، بەدرێژای ڕۆمانەکەش هیچ شێوازێکی تایبەت بە کارەکتەرەکان بوونی نییە. ئاخر ناکرێت دوو کارەکتەر لە ڕۆمانێکدا هەمان شێوەژیان و شێوەئاخاوتنیان هەبێت.
هەموومان دەتوانین بگێڕینەوە، بەڵام هەموومان ناتوانین بە شێوازی جیاواز بگێڕینەوە، نووسین بۆ خۆی دۆزینەوەی شێوازە جیاوازەکانی گێڕانەوەیە. من پێم وایە هەموو خولقاندنی دنیایەک پێویستی بە شێوازێکی تایبەت بە خۆی هەیە، وەک چۆن هەموو قەڵایەک ڕێگەی نهێنی خۆی هەیە بۆچوونە ژوورەوەی، ئاوهاش هەموو ڕۆمانێک ڕێگەی تایبەتیی و ڕاستەقەنەی خۆیی هەیە بۆ گێڕانەوە. جیاوازی ڕۆمانە لە جیاوازی دەستنیشانکردنی شوێن و کولتوور و کەسایەتییەکانییەوەیەتی. هەروەها بە کۆنکرێتکردنی زمان لە گوزارشتکردن و فرەبێژی نەکردن لە ئاوەڵناو و درێژنەکردنەوەی ڕستەدا، هەروەها خۆدزینەوە لەو داڕشتنە باوەی کە لەناو زمانی کوردیدا هەیە بۆ گێڕانەوە. دەتوانم دانی پێدابنێم، بەختیار عەلی یەکێکە لە نووسەرە گەورەکانی ئێمە و شایەنی ڕێز و پێزانینە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، هەرشتێکی نووسی لامان پەسەند بێت. توانەیەکی گەورە و داهێنەرانەی هەیە لە هۆنینەوەی چیرۆک و داڕشتندا، بەڵام لە ڕووی تەکنیک، زمانی کارەکتەرەکانەوە بەندەر فەیلی لە لاوازترین ڕۆمانەکانی نووسەرە.
ئەم یاداشتە کورتەی سەرەوە، دەکرێت وەک نائومێدبوونێکی سادە و ڕوونی من بۆ دوا ڕۆمانی نووسەر سەیربکرێت نەک هیچی دی، وەک خوێنەرێکی بەردەوامی بەرهەمەکانی و ڕۆمانیش. [1]