شاری #هەڵەبجە# دەکەوێتە گۆشەی باکووری خۆرهەڵاتی باشووری کوردستان و (78) کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری #سلێمانی#ەوەیە و لەسەر هێڵی درێژی 46 پلەی خۆرهەڵات و نێوان دوو هێڵی پانی (35-36) ی باکوور و ڕووبەرەکەی (1594) کیلۆمەتر دوجایە (726) مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە (16) کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئێرانەوە دوورەو (75) کیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا، لە ڕۆژهەڵاتەوە شاخی #شنروێ# و لە باکوورەوە چپای #هەورامان# و لە باشوورەوە زنجیرە شاخی باڵامبۆ لە باکوور و ڕۆژاواوە #دەریاچەی سیروان# دەوریان داوە.
سەبارەت بە بنچینەی ناوی هەڵەبجە چەندین ڕاو بۆچون و گێڕانەوە هەن، ڕایەک دەڵێت لە (عەجەب با) ی فارسییەوە هاتووە، ڕایەکی تر دەڵێت لە وشەی (هەڵوژە) وە هاتووە، ڕایەکی تر دەڵێت لە وشەی (ئەڵەبجا) وە هاتووە کە ئاماژەیە بۆ ناوی (ئەڵەب ئەرسەلان) ڕایەکی تر دەڵێت لە وشەی (حەلەب) ەوە هاتووە کەشارێکە لە سووریاو خەڵکی بۆ کارو باری بازرگانی کە ڕوویان کردۆتە ئەو شارە وتویانە شارەکەمان لە (حەلەب) دەچێت ئیتر ناویان ناوە (حەلەبچە) واتە (حەلەبی بچوک) لەگەڵ چەندین ڕاو بۆچوونی تر لەسەر وشەی هەڵەبجە.
سەرچاوە مێژووییەکان سەرەتای بوونیاتی شاری هەڵەبجە دەگێڕنەوە بۆ ساڵانی (1850-1860) ی زایینی لە سەردەمی دەسەڵاتی تورکەکاندا هەر ئەو سەرچاوانەش عەشیرەتی جاف بە بوونیاتنەری شاری هەڵەبجە دەزانن، هەندێک لە ڕیش سپی و پیاوە دێرینەکان دەڵێن هەڵەبجە لەلایەن بەگەکانی (شیوە کەڵ) ەوە بوونیات نراوە کە لە دواییدا لەناو هەڵەبجەییەکاندا بە (13) ماڵە ناسراون، بە گشتی سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن ساڵی (1889) بە فەرمانی تورک هەڵەبجە کراوە بە قەزا، ساڵی (1940) بۆ یەکەم جار کارەبا گەیەنراوەتە هەڵەبجە لە ساڵی 1925 یەکەم قوتابخانەیتیادا کراوەتەوە و ساڵی 1929 یەکەم نەخۆشخانە کراوەتەوە لە هەمان ساڵیشدا تۆڕی ئاوی خواردنەوە بەناوشاردا دابەش کراوە، ساڵی 1924 بۆ یەکەم جار ڕێگای ئۆتۆمبیل گەیەنراوەتە هەڵەبجەو لە هەمان ساڵیشدا دایەرەی تەلەفۆنات کراوەتەوە، بەهۆی بە پیتی ناوچەکە لە ڕووی کشتوکاڵییەوە ساڵی 1954 کارگەی پوختەکردنی توتن کراوەتەوە.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/104/0002.JPG=KTML_Photo_Alt=هەڵەبجە=KTML_Style=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/104/0002.JPG=KTML_Photo_End=
لە بواری ڕۆشنبیرییەوە هەڵەبجە مەڵبەندێکی ڕۆشنبیری گەورەبووە و دەیان شاعیر و ڕووناکبیری هونەرمەندو ڕۆشنبیری لە ئامێز گرتووە وەک (#نالی#) کە بە دامەزرێنەری قوتابخانەی هەڵبەستی کلاسیکی دادەنرێت، مامۆستا #گۆران#یش کە بە دامەزرێنەری هەڵبەستی نوێی کوردی دادەنرێت لەم شارەدا لە دایک بووە، #ئەحمەد موختار# جاف کەیەکەم کەسە دوای #جەمیل سائیب# چیرۆکی کوردی نوێی نووسیوە، چەندین کەڵە شاعیری تری وەک #مەولەوی# و #تایەر بەگی جاف# و #ناتیق# و حیلمی و ساڵح هەژار و ساڵح #شارەزوور#ی و ع.ع. شەونم و #کاردۆخی# و #خورشیدە بابان# ، و شاهۆ و #ئەژی گۆران# .
یەکەمین قەزایە لەسەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو خانمێکی وەک عادیلە خانم کە دایکی ئەحمەد موختار جافە تێیدا دەست ڕۆشتوو بڕیاردەر بووە و ڕۆڵی قایمقامی لە ڕووی کارگێڕیەوە لەم شارەدا بینیوە.
هەڵەبجە مەڵبەندی گەورەی تەریقەتی نەقشیە بە چەشنێک گەر هەرکەسێک تا سییەکانی سەدەی ڕابردووش ئەلف و بایەکی لە بواری خواناسی و ئەدەبیات و تەسەوف دا زانیبێت دەبوایە لەو خانەقایانەوە فێربوایە.
لە ڕووی شۆڕشگێڕی و نیشتمانپەروەریەوە هەمیشە مەڵبەندی بە گژاچونەوەی داگیرکەرانی کوردستان بووە، یەکەمین شارە لە کوردستاندا کە خاوەنی سێ کارەساتی گەورەی وەک بۆردومانەکەی ساڵی (1974) و جینۆسایدەکەی ساڵی (1987) و کیمیابارانەکەی ساڵی (1988) ە.
لەسەرەتای ساڵانی شەستەکاندا خەڵکی ئەم ناوچەیە گەلێک جار دووچاری پەلامارو هێرشی دڕندانەو بێبەزەییانە بوونەتەوە و بەسەدان و هەزاران شەهید و قوربانیان داوە دیارترینیان ڕەشبگیریەکەی ساڵی 1974 وە ساڵی 1987 کە تیایدا بەسەدان کەس زیندەبەچاڵ کراوون و سەروەت و ماڵیان بەتاڵان براوە.
وە دواتر لە هێرشێکی دڕندانەدا کە بەکارەساتی کیمیابارانکردنی شارەکە ناسراوە لە #16-03-1988# بەچەکی کیمیایی ئەم شارە کیمیاباران کراوە، هەزاران ژن و منداڵ و خەڵکی بێگوناهی شەهید کردووە و بەدەیان هەزار هاووڵاتی بریندار بوون دانیشتووانەکەی ئاوارەی ئێران بوون و لە ئۆردوگاکاندا ژیانیان بەسەربردووە، تا ئێستاش شوێنەواری ئەو چەکە بەسەر خەڵکی ناوچەکەو دانیشتووانەکەیەوە ماوە، لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 خەڵکی ناوچەکە گەڕاونەتەوە و سەر زێدی باوباپیرانیان.[1]