نووسینی: #محەمەد هەریری# توێژەر لە فکری ئیسلامی
نەخشەسازی بەرگ و تێکستەکان: هادی هونەر
ساڵی چاپی یەکەمی ئیلکترۆنی سێپتەمبەری 2018
من لە نووسینی ئەو کتێبە بیرم لە وشەی گەندەڵستان و گەندەڵی دەکردەوە! چونکە دڵنیام وشەیەک نییە بە وردی وەسفی حالەتی خراپی بارودۆخی کوردستان بکات. بەر لە ماوەیەک لەگەڵ شاعیری مەزنی کورد عەبدوڵلا پەشێو بە تەلەفۆن قسەمان دەکرد، یەک دووجار وشەی گەندەڵی دەسەڵاتم بەکار هێنا. پەشێوی مەزن گووتی کاک محەمەد: غەرەتە ئەو دەسەڵاتە بەناو کوردیە وەسف بکرێت بە گەندەڵ، چونکە وشەی گەندەڵ زۆر بچووکە بۆ وەسفی، هەقی خۆی ناداتێ! دەبێت وشەیەکی تری بۆ بدۆزرێتەوە گوزارش لەو هەموو نەگریسیەی بکات کە تیایدایە، تا ئێستا لە قاموسی کوردی وشەیەکی لەو جۆرەم نەدۆزیتەوە بۆی بەکاری بێنین. ئەو دەسەڵاتە پێشڕەوی کوردی کرد بەرەو پەرتەوازەیی و تاڵانی و هەڕاجکردنی نیشتیمان و دواکەوتوویی و دووبەرەکی و هەستی بێ ئینتیمایی و دەیان کارەساتی تر.
گەندەڵی نەک مایەی شەرمەزاری نییە لەو جەنگڵستانەی گەندەڵیدا، وبەڵکو بە دانپێداهێنانی سەرۆکەکانمان بۆتە کلتور و فۆلکلۆر!! کوڕ ئەو کوڕەیە تا بۆی بکرێت هەلەکان بقۆزێتەوە وتا دەتوانی پارە ومولکی گەندەڵی بۆ خۆی گڵداتەوە... نەک گەندەڵی ڕێگە پێدراوە لە سایەی ئەو کلتورە گەندەڵەدا، بەڵکو فایلداری بەعسیش بە هەر ئاساییە، مادام مل کەچ وپەیوەستی بە حزبایەتی وسەرۆکایەتی حزبەکەت..!
گەندەڵی کوردی تام و بۆنێکی تایبەتی هەیە لە هیچ گەندەڵیتری وڵاتان ناچێت. گەندەڵی کوردی زۆر بێ ئیحساستر و بۆگەنتر ودەبەنگترە، بەڕادەیەک مرۆڤ تووشی خەمۆکی و شیزۆفرێنیا دەکات، توشی شێتبوون دەکات، مناڵەکانی دوێنێی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان، بە ملیاردەها دۆلاریان لە دەستە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ئەو نەوتەی کوردستان شەو و ڕۆژ بەتاڵان دەبردرێت، کەچی هێندە بێ شعور و چڵێس و بێ عەقڵن گەندەڵەکانی کوردستان، هەتا مووچەی پێشمەرگەش و کارمەندەکانیش بە جوانی نادەن!! گەندەڵی کوردی هێندە پیسە خودی باسکردنیشی گەندەڵ بووە!