ناو: دڵدار
ناوی باوک: زرار
ڕۆژی لەدایکبوون: #23-08-1975#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی دار بەسەر - #کۆیە#
$ژیاننامە$
ناوی تەواوی (دڵدار زرار قادر کەریم)ە، لە 23-08-1975 لە گوندی (دار بەسەر)ی ناوچەی کۆیە لەدایکبووە، لە عەشیرەتی (خەیلانی)یە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی دیاری گەرەکی ڕاپەرین و ناوەندی لە قوتابخانەی جوتیار گەرەکی مامۆستایان لە هەولێر تەواوکردووە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانە لە ساڵی 1997-1998، دەرچووی کۆلیژی هونەرە جوانەکانە لە ساڵی 2010-2011، لە 09-02-2002 هاوسەرگیری کردووە و باوکی سێ کچە بەناوەکانی (کەڤی- ڤالی- هاڤی)، ساڵی 1993 لەگەڵ چوونی بۆ پەیمانگە دەستی بەکاری هونەری کردووە، هاندەر و هۆکاری بۆ بواری هونەر دەکەوێتە سەر کاریگەری باوکی (زرار قادر کەریم) کە ژەنیاری (عود) بووە، ساڵی 1998 یەکەم کاری تۆمارکراوی گۆرانی (دەلال) بووە کاری مۆسیقا و دابەشکردنی بۆ کردووە لەلایەن (ئاشنا و دڵزار) تۆمار و بڵاوکرایەوە بە هاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و تیپی کۆمەڵ و هونەری وێژەی کوردی، لەگەڵ ئەم تیپانە کاری کردووە وەک (تیپی مۆسیقای کۆڕی نەوای کورد 1996) (تیپی مۆسیقای کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کورد 1998) (تیپی ئۆرکسترای کوردستان - لە سەرەتای دامەزراندنیەوە 1998) (تیپی مۆسیقای کەلەپوری کوردی- بەسەرپەرشتی مامۆستا سەید ئەحمەد بەرزنجی 1999) (تیپی مۆسیقای سەتەلایتی کوردستان 2000) (تیپی مۆسیقای سەندیکای هونەرمەندان 2000-2001)، ساڵی 2009 تا 2012 سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری تیپی (نەوجەوان) بووە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەر، لە سەرجەم ئەو تیپانە وەک ئامادەکار و ژەنیاری عود بەشداری کردووە، ساڵی 2011 تا 2013 مامۆستای وانەبێژ بووە لە کۆلیژی هونەرە جوانەکان بۆ وانەی پراکستیل (عملی)، ساڵی 2004 ەوە تا ئێستا لە چالاکی قوتابخانەکان پەروەردەی ناوەندی هەولێر بەرپرسی بەشی موزیکە، خاوەن چەندین بەرهەم و کاری موزیکە لەگەڵ تیپی موزیکی چالاکی قوتابخانەکان و بەشداری سەرجەم ڤیستیڤاڵ و کار و چالاکییەکانی کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە بێ پچڕان، جگە لەو کارانەی لەگەڵ تیپ و گروپی جیاجیاکانی کردووە لە بۆنەو ئاهەنگەکان و تۆمار کردنی چەندین بەرهەم بۆ هونەرمەندان کاری کردووە وەک (خەسرۆ ماملێ- حەسەن گەرمیانی- ئیبراهیم خەیات- لوقمان سەلیم- ماهیر حەمەدەمین- خاڵە دێهاتی) و چەندان هونەرمەندی تری میللی وەک ژەنیار لەگەڵیان بەشداربووە، دوایین کاری لە ساڵی 2017 بۆ نوێکردنەوە و کاری موزیکی بۆ لاوکێکی دەنگبێژی باکووری کوردستان (شوکر ئۆزێل) بووە. [1]