ترش جۆرە دارێکی خۆرسکە، بەرەکەی ترشە سوورەیە کە هاوشێوەی هێشووی ترێیە. خەڵکی کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە کەڵکیان لەبەرەکەی وەرگرتووە. ئەم دارە هەرچەند خۆرسکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت خزمەت بکرێت و لە بەرانبەر ئاژەڵ پارێزگاری لێبکرێت کە لقەکانی نەشکێننەوه. دەبێت هەموو ساڵێک لە کاتی خۆیدا بەرەکەی بڕنرێ. چونکە ئەگەر دوابکەوێت یان ساڵێک نەڕنرێت، زەرد دەبێت و بەر ناگرێت. هەروەها ئەگەر ئاژەڵ لق و گەڵای بوەرێنێ دیسان زیانی پێ دەگات و زەرد دەبێت.
جێی باسە، ئەوانەی کەڵک لە بەرهەمی ترش وەردەگرن، کەم یان زۆر چاودێری ئەو خاڵانە دەکەن. زۆربەی ئەو کەسانەی کە بۆ بژێوی ژیانیان کەڵک لە ترش وەردەگرن، تەیمان بە دەوری دارە ترشەکانیاندا دەکەن و هەمیشە بەرەکەشی لە کاتی خۆیدا دەڕنن.
بە شێوەیەکی گشتی داری ترش لە کوردستاندا، بە تایبەتیی بۆ خەڵکی گوندە چیایەکان کەڵکی زۆری هەبووە له ڕووی ئابووریەوە. [1]