سەعدوڵڵا پەرۆش، شاعیرێکی ناوداری کوردستانە و لە ڕێی هەڵبەستە بەرز و جوانەکانییەوە خزمەتێکی زۆری بەکاروانی کولتووری کوردستان کردووە.
سەعدوڵڵا سەعید مام شێخ ناوی تەواوی ئەو شاعیرەیە و بەسەعدوڵڵا پەرۆش ناسراوە.
پەرۆش ساڵی
1950 لە شاری
هەولێرهەولێری دێرین لەدایک بووە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لەو شارە تەواوکردووە.
سەعدوڵڵا هەر لە سەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای هەڵبەستبوو، دەستی بەهۆنینەوەی مرواری وشەکانی کرد.
پەرۆش هەڵبەستی بۆ نیشتمان و گەلەکەی، بۆ سرووشت و جوانی و عیشق و خۆشەویستی نووسیوە.هەموو هەڵبەستەکانی بەرز و جوانن، هەندێکیان هێندە ناسک و نازدارن، لەلایەن هونەرمەندانەوە کراون بەگۆرانی و لەگەڵ موزیک و دەنگدا تابلۆیەکی زیندووی هونەری بەزری سترانیان نەخشاندووە.
ئەو خاوەنی چەند دیوانێکی هەڵبەستییە، یەکەم دیوانی بەناوی کۆشی ئارام لە ساڵی
1969 چاپ و بڵاوکردووەتەوە.
دوا دیوانیشی بەناوی (تینووتر لەئاو) لە ساڵی
2018 بڵاو کردەوە.
چەند دیوانێکی دیکەشی هەن لەوانە (شەوانی تەنیایی، ناسنامەی با، نەفرین) .
هەڵبەستەکانی هێندە شیرین و سەرنجڕاکێش بوون، بۆ زمانەکانی دیکە وەرگێڕراون.
پەرۆش پیاوێکی کوردپەروەر بوو، هەر بۆیەش هاوشانی تێکۆشانی کولتووری، وەک پێشمەرگەش بەشداری شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێی کوردستانی کردووە، لەکایەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی ئەو شۆڕشانەدا خزمەتی زۆری کردووە.
ئەو ئەندامێکی چوست و چالاکی یەکێتیی نووسەرانی کورد بوو، لە دوای ڕاپەڕین چەند خولێک بەهەڵبژاردن بە سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد هەڵبژێردرا و لە ڕێی ئەو ڕێکخراوە پیشەییەوە خزمەتی زۆری بەبواری ئەدەبی و ڕۆشنبیری کوردستان کرد.
سەعدوڵڵا پەرۆش لەکایەی حوکمیشدا وەک ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی لە
وەزارەتی ڕۆشنبیریوەزارەتی ڕۆشنبیری خزمەتی کرد و لەو بوارەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو، شوێن پەنجەی خزمەتی دیار بوو.
پەرۆش زیاتر لەنیو سەدە لە کایەکانی ئەدەبی و ڕۆشنبیریدا خزمەتی کرد، هەڵبەست و بەرهەمە ئەدەبییەکانی وەک یادگاری شیرینی ئەو بەجێماون، هەمیشە بەنەمری و زیندوویی دەمێننەوە.
بەداخەوە ڤایرۆسی نەگریسی کۆرۆنا زەفەری لەمیش هێنا و ڕۆژی 29ی تشرینی یەکەمی 2020، بەو ڤایرۆسە ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەڵام بەهۆی بەرهەمە ئەدەبییەکانییەوە هەمیشە بەنەمری دەمێنێتەوە.
[1]