سەرچاوەی زەڵم یەکێکە لە دڵڕفێنترین سەرچاوە ئاوییەکان و شوێنە گەشتییارییەکانی پارێزگای #هەڵەبجە#. دەکەوێتە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی #خورماڵ# لە پارێزگای هەڵەبجە، #باشووری کوردستان#.
کەمێک لە گوندی #زەڵم#ەوە دوورە و بە چیای هەورامانەوەیە. نهێنیی دڵگیریی گوندی زەڵم، زیاتر لە سەچاوەی زەڵم و دارگوێزە چڕ و بڵندەکانییەتی.
ئەو دوکانانەی لە نزیک سەرچاوەی زەڵمن، هەندێک خۆراک تایبەتیی وەک: شێلم، پاقلە و دەنکە هەنار دەفرۆشن و بەدەم سەیرکردنی دیمەنی ناوچەکە دەیانخۆن.
سەرچاوەی زەڵم تاڤگەیەکی بەرزە و بە قەد چیای هەورامانەوەیە وەکوو بەفرێکی سپی دێتە خوارەوە. ئاوەکەی سازگارە و لەگەڵ ئاوی #سیروان# و #تانجەڕۆ# یەکدەگرن و پێکەوە دەڕژێنە دەریاچەی #دەربەندیخان#.
سەرچاوەی زەڵم جگە لەوەی بووەتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ گوندنشینانی زەڵم، لە چوار وەرزی ساڵیشدا گەشتیاران پێیان لەو هاوینەهەوارە دڵڕفێنە نابڕن. لە سێبەری دارگوێزەکان و لە قەراخ هاژەی بە خوڕی ئاوەکەدا، ڕۆژانی پڕ لە ماندوویی لە بیر خۆیان دەبەنەوە و لە نزیکییەوە پشوو دەدەن.[1]