ئەم گوندە دەکەوێتە سەر ناحییەی گەرمک و سەربە شارۆچکەی پێنجوێن، نزیکەی 28 کیلۆمەتر لە ناو شاری پێنجوێنەوە دوورە و ڕووبەرێکی کەمی دەشتی هەیەو بە شاخی (زەنگی) و (کانی بەڕۆژ) دەورە دراوە. ئەم گوندە پێش داگیران نزیکەی 12 ماڵی تێدا نیشتەجێ بووە و ئێستا نزیکەی 25 ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتووانی 172 کەسە و ژیانیان بە گشتی لەسەر بەخێو کردنی ئاژەڵ و چاندنی دانەوێڵەی وەک (گەنم و جۆو نۆک) ە و لەبەر وشکی و کەمی ئاو لەو گوندەدا بەرووبوومی هاوینە و بەراویان نییە، هەروەها هەندێک خێزان بەهۆی نزیکی گوندەکە لە مەرزی سەیران بەنەوە خەریکی کاری مەرزین. ئەم گوندە دەورێکی زۆر گرنگی بینیوە لە ڕووی یارمەتی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەمیشە لە خزمەتی کوردایەتی دا بوون هەربۆیە لە ساڵی 1978 لەلایەن ڕژێمی بەعسی گۆڕ بە گۆڕەوە ڕوخێنراوە، لە ساڵی 1991 واتە پاش ڕاپەڕین ئاوەدان کراوەتەوە. لەڕووی خوێندنەوە لە ساڵی 1998 ەوە خوێندنگەی تێدا کراوەتەوە کە کابینەیەو تا شەشی سەرەتایی تێدایە و دوو گوندی دەوروبەریشی سودی لێدەبینن.