هێرشە تێرۆریستییەکەی سەر دەزگاکانی ئاسایش، هەموومانی خەمبار کرد، ژیانی پڕبەهای چەند کەسێکی هێزی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی لەناکاو کۆتایی هێنا، ئەو کەسانە بوونە شەهیدی پاراستنی ئارامیی هەرێم و ئاسایشی خەڵکی کوردستان.
ئه و شەهیدە سەربەرز و نەترسانه؛ به ژیانی خۆیان هەوڵیان دا ڕێگە لە تێرۆریستان بگرن تا زیانی لەوە گەورە نەنێنەوە. جێی داخە تێرۆریستان جگە لە شەهیدکردنی شەش ئەندامی هێزی ئاسایشی کوردستان، پتر لە شەست کەسیشیان بریندار کرد. حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی ئەو شەهیدانە لەبیر ناکەن، هیوای سەبووری بۆ کەسوکاریان دەخوازین، ئاوەتەخوازین بریندارانیش زوو چاک ببنەوە.
هێزی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا بوێرانە ڕووبەڕووی پلانی تێرۆریستان بۆتەوە. له و ماوەیەدا چەندین هەوڵی تێرۆریستییان پووچەڵ کردۆتەوە. ژیانی خۆیان لە پێناو خەڵکی کوردستاندا هەمیشە لە مەترسیدا بووە. ئەوان زانیویانه و دەزانن تێرۆریستان بە چ مەبەسێکی گڵاو کار دەکەن. ئەوان دەزانن ئەگەر تێرۆریستان بۆیان بچێتە سەر؛ حەزدەکەن ژیان لە کوردستان کۆتا پێبهێنن.
تێرۆریستان مەبەستیان ئەوه بوو ئازادی و سەربەستی لە کوردستان بریندار بکەن. هێزی ئاسایشی هەرێم باش دەزانن تێرۆریستان دژی ژیانن، دژی بڕیاری ئازادی خەڵکی کوردستانن، دژی سنگفراوانی و پێکەوەژیانن. تێرۆریستان باش دەزانن کە ئاشتی، ئارامی، سەقامگیری و ژیانی سەربەستی خەڵک و هەڵبژاردنی ئازادی21 ی ئەیلوول؛ دەستکەوتی هێزی ئاسایشی کوردستانه،بۆیە هێرشەکەیان ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی ئەوان کرد.
گەلی کوردستان قوربانی زۆر داوە تا گەیشتۆتە ئەم ئاستەی ئازادی و سەربەستی. حکوومەتی هەرێم، سەرکردایەتیی گشت حیزبە سیاسیەکان و خەڵکی کوردستان بە ئاسانی دەستبەرداری ئەم ئازادی و سەربەستییە نابن. لە ڕاستیدا خواستی ئێمە گەلێک بەهێزتر دەبێت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان. هێزی پێشمەرگە و ئاسایش لە هەوڵی خۆیان بەردەوام دەبن بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی هێزی دژەژیان، هێزی دژەئازادی، هێزی دژەمرۆڤایەتی، هێزی دژەسەربەستی.
ئێمە بێ پشوودان کار دەکەین بۆ بنەبڕکردنی هێزی تارکی، هێزی تێرۆریستان لە سەرتاسەری هەرێمدا. هەروەک چۆن لەوەوبەر تۆڕی هێزی تاریکیمان دەستگیر کردووە، ئەم جارەش بە بەکارهیێنانی ڕۆشنایی خۆشەویستیمان بۆ ژیان، بۆ ئازادی، بۆ سەربەستی؛ ڕووبەڕووی هێزی تێکدەر و وێرانکارانەی تێرۆریستان دەبینەوه.
بۆ ئەوەی لە کارەکەماندا سەرکەوتوو بین، داوا دەکەین وەک هەمیشە خەڵکی کوردستان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن لە ڕێی یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشەوە. داوا دەکەین هەر کاتێک گومانتان لە هەر چالاییەک، یا هەر جموجووڵێک هەبوو؛ هێزی پۆلیس، ئاسایش و پێشمەرگە ئاگادار بکەنەوە.
نەمری بۆ شەهیدان، ئارامی و ئاوەدانی و پێشکەوتنی بەردەوام بۆ کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
30-09-2013