وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، لەماوەی سێ ڕۆژی جەژنی نەورۆزدا حەوت ڕووداوی هاتوچۆ ڕویانداوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوه و 11 کەسی دیکەش برینداربووە.
رائید فازڵ حاجی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، پلانەکەمان بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرا و خەڵکی هەولێریش پابەندی پلانەکانی هاتوچۆ بوون، بەڵام بەداخەوە هەندێک ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویاندا هەرچەندە ڕووداوەکان کەمتر بووە، بەڵام ژمارەی قوربانیان زیاتر بووە.
وتیشی: "لەکۆی 7 ڕووداوی هاتوچۆ 11 هاوڵاتی برینداربوو، یەک هاوڵاتیش گیانی لەدەستداوە و پێنج لەرووداوەکان لەدەرەوەی شار بووە و یەکێکیان بەهۆی سەرخۆشی و یەکێکیش بەهۆی ماتۆرسکلیەوە بووە".
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕەتیشیکردەوە، گەشتیارانی عەرەب کێشەی هاتوچۆیان دروستکردبێت، چونکە ئەوان لەرێگەی کۆمپانیا گەشیاریەکان و پاسی تایبەتی گەشتیاریەوە هاتوون.
- 25-03-2016