ئامادەکردنی: ناسری ڕەزازی
وەرز لە زمانی کوردیدا[1]
وشەی وەرز!
وەرز لە زمانی کوردیدا و لە ناو هەموو شێوەزارەکاندا چەند واتای هەیە و لە نووسین و ئاخافتندا بەکار دێت. وەرز ئەگەر بە شێوەزاری کەڵوڕی و لەکی و ناوچەی ئیلام و خانەقین بۆ خوارەوە چاو لێ بکەین، واتاکەی دەبێتە: 1. بەرز و بڵند؛ نموونە: کووی بیستوون فریە وەرزە. واتە کێوی بێستوون زۆر بەرزە.
2. وشەی وەرز، لە شێوەزاری سۆرانیدا، کە جافی و سنەیی و ناوچەی موکوریان بۆ سەرەوە هەتا هەولێر و ڕواندز و گەڵاڵە و ناوچۆمان دەگرێتە بەر، دەبێتە: کات و چاخی چاندن و بەهرەهەڵگرتن لە بەهار و پاییزدا، بۆ نموونە: پاییز وەرزی گەڕانەوەی کۆچەرییەکانە لە کوێستان و زۆزانەوە بۆ ناو دێ؛ بەهار وەرزی ژیانەوەی گیا و گوڵ و دارستانه لە کوردستان.
3. وەرز، دیسان لە شێوەزاری سۆرانی و موکری و بابانی و هەورامی و سنەییدا دەبێتە: وەرزەکانی ساڵ (فصلهای سال)، وەکوو: خاکەلێوە و گوڵان و جۆزەردان و هی دیکە؛ بەڵام ئەگەر وەرز لە زاری هەورامیدا پاشگری (ن) لەخۆ بگرێ، دەبێتە: ڕاهێنەر ئەوکەسەی کە خەڵک فێری کارێک یان هونەرێک دەکات. وەرزن: ڕاهێنەر؛ وەرزنای: ڕاهێنان.
4. لە شێوەزاری کرمانجیدا من نەمبیستووە (وەرز) بەکار بهێنرێ، ئەگەریش لە شێوەزاری کرمانجی بندەستی ئێران و ئێراقدا بیسترابێ یان دیترابێ، دیارە لە سۆرانییەوە گوازراوەتەوە بۆ ناو ئه و شێوەزارە، چوونکە لە بنەڕەتدا دەکاری ناکەن و نییانە.
دیارە دەبێ ئەوەشمان لەبەر چاو بێت کە 2000 ساڵە ئێمە بندەستی فارسین و به و زمان و فەرهەنگە پەروەردە کراوین و لەژێر فەرهەنگ و زمانی ئەواندا چەوسێنراوینەتەوە. شتێکی خۆزایە کە هەم فارسی کاری کردۆتە سەر زمانی ئێمە، هەمیش لە لایەن نووسەرانی کوردزمانی فارسینووسەوە وشەی کوردی براوەتە ناو زمانی فارسی، وەکوو وشەی (وەرز) و هەندێ وشەی دیکە کە من لێرەدا زۆر ناچمە ناو باسکردنیان؛ وشەی وەرز لە بنەڕەتدا کوردی بووە بەڵام فارس چوونکە خاوەندەسەڵات و دەوڵەت بوونە، کەڵکیان لێ وەرگرتووە و کوردەکەش لەبەر بندەستی و داماوی پێی نەزانیوە، یان ئەوەی کە گوێی نەداوەتێ و بایەخی پێ نەداوە.
لە زمانی کوردیدا کە سەرەتای هەندێ وشە و ناو بە پیتی (ب) دەست پێ دەکا، لە شێوەزارێکی دیکەدا دەگۆڕدرێ بۆ پیتێکی تر. بۆ میناک لە پاڵەییی کۆندا پیتی (ب) بە (ڤ) بێژە کراوە و لە هەورامی و لە کەڵوڕی و تەنانەت لە بنزاراوەی سنەیییانەشدا گۆڕدراوە بۆ (و)، زۆرتر ئەم دۆخه دەگەڕێتەوە بۆ کێشی ناو دەم و هەر ئەمەشە کە ئاخافتن یان شێوەزارێک دەکاتە زمان. بۆ نموونە: باران لە کەڵوڕیدا دەبێ بە واران و بینەر لە هەورامیدا دەبێ بە وینەر و دەبینم لە سنەییدا دەبێ بە ئەوینم. دیارە هەندێ وشە لە سەرەتادا دەگۆڕدرێ و هەندێکیش لە ناوەڕاستدا.
لێرەدا دەبێ ئەوە ڕوون بکەمەوە کە وەرز وەک لە سەرەوە باسم کرد وشەیەکی کۆنی کوردییە و وشەی وەرزێری لێ داتاشراوە و به و کەسەی دەوترێت کە کاری جووت و وەرد و چاندن دەکات، وەرزێر واژەیەکی کۆنە و دواتر بە یارمەتیی پاشگری یار، وەرزیار و جووتیار جێگەیان گرتۆتەوە و تەمەنی بوونیان ئەوەندە زۆر نییە، بەڵام هەر یەک واتا دەدەن.
وەرز لە شێوەزاری کەڵوڕیدا جیا لەوەی وەکوو سۆرانی واتای بەرز و بڵند دەدا، بەڵام بە بێژەی (وەزەن یان وازەن)یش بەکار دەچێ کە واتای جێگای بەرزی ترسێنەر دەدا، واتە: (خطر)ە. وەکوو ئه و شوونە وەزەنە نەچووە ئەورە کەفیدە خوار.
وەرز لە هەورامیدا جیا لەوەی واتای بەرز دەدا، بۆ وەرزی ساڵیش بەکار دەچێ، کە پاشگری (ن)ی وەرگرت و بوو بە وەرزن، واتای ڕاهێنان دەدا.
لە هەنبانەبۆرینەدا نووسراوە وەرزین واتە: وەرزشکردن؛ شەرح و تەفسیر؛ تەعبیری خەو! وەرزین لە بنەڕەتدا بۆ دوو واتا بەکار دەبرێ: قایش و قورووشی سەر زینی ئەسپ و پاشان جووڵانەوە و خۆماندووکردن، کە بوو بە وەرزە یان وەرزا، واتای گای جووت دەگرێتە خۆی، بەڵام دەکرێ وەرزە بۆ لێکدانەوەی خه و بەکار ببرێ. وەکوو دەتوانی ئه و خەوەم بۆ وەرزە بکەی؟ خۆی لە ڕاستیدا دەبوو وەرزە لە جێگای وەرزش دانرابا، چوونکە وەرزە و وەرزین بۆ جموجووڵ و کارکردن و هەڵسووڕان بەکار دەبرێ. وەرزین نابێتە نمەدگیر و ئارەقگیر و قاییش و قرووشی ئەسپ، ئەوە (بەرزین)ە کە لە سۆرانیدا ئه و واتایە دەدا. بەڵام لە کەڵوڕیدا لەبەر ئەوەی کە پیتی (ب) دەگۆردرێ بۆ (و) ئه و واتایە دەگرێتە خۆ.
ئێمە دەتوانین وشەی وەرزە بۆ بەش و پاژی وانەکانی قوتابخانە بەکار بهێنین، بۆ نموونە: لە زمانی فارسیدا (فصل) بۆ بەشێک لە نووسینی کۆپەڕ (کتێب)ێک بەکار دەبەن و کۆپەڕێک بەپێی نووسینەکانی دەکەن بە چەند فصل و دەڵێن: فصل 1 فصل و 2 و هتد. ئێمەش دەتوانین وەرزە لە جێگای ئه و (فصل)ە دابنێین و وشەی وەرزینیش بۆ وەرزش فارسی بەکار بەرین. چونکە وەرز وشەیەکی کۆنی کوردییە کە براوەتە ناو زمانی فارسی.
وەک وتم، واژەی وەرز لە بنەڕەتدا کوردییە، چونکە لە گاتاکاندا بە (ڤەرزە) هاتووە و براوەتە ناو زمانی فارسی و واتای وەرد و هەڵگەڕانەوە و وەرپاتەبوون دەدات. من لێرەدا نموونە دەهێنمەوە، بزانن فارس چەند زیرەکن و چۆن لەم وشەکوردییە، وشەی دیکەیان داڕشتووە:
بۆ نموونە: وەرزی، وەرزیدە، وەرزش و وەرزشکار و کشتاوەرز (کشاوەرز)یان کە لە ژێرەوە بە ڕێنووسی فارسی دەینووسم چۆن درووست کردووە و چاوی لێ بکەن:
وەرزیان لەگەڵ پاشگری ی لێک داوە و کردوویانە بە وەرزی: بە ڕێنووسی فارسی: ورز + ی = ورزی؛ پاشان ئەمەیان لەگەڵ پێشگری کار لێک داوە و کردوویانە بە کارورزی.
وەرزیان لەگەڵ پاشگری ش لێک داوە و کردوویانە بە وەرزش: بە ڕێنووسی فارسی: ورز + ش = ورزش؛ ئەمەشیان لەگەل پاشگری کار لێک داوە و کردوویانە بە ورزشکار.
وەرزییان لەگەڵ پاشگری دن لێک داوە و کردوویانە بە وەرزیدن: بە ڕێنووسی فارسی: ورزی + دن = ورزیدن.
بە کورتی لەم وشەیە دەیان وشەی دیکەیان درووست کردووە و دەیفرۆشنەوە بە ئێمە، یان ئەوەی کە دەبێ ئێمە بە منەتەوە لێیان وەربگرین و بەکاری بهێنین.
نووسەران و شارەزایانی فارسیزمانی شارەزا لە زمانی فارسی، بە لکاندنی وشەگەلی ناو و ئاوەڵناو و هی دیکە بە پاشگری (ش)ەوە، توانیویانە دەیان وشەی تازە بخەنە سەر زمانی فارسی و زمانەکەیان بەره و پێش بەرن، هەرچەند زمانی عەرەبی زاڵە بەسەر زمانی فارسیدا و زۆربەی زۆری وشەکان عەرەبین و وشەی فەرانسەیی و تورکی و کوردی و ئینگلیسی و هی دیکەشی تێدایە، بەڵام لە ڕاستیدا لە لایەکی دیکەوە توانیویانە خزمەتی باش بە چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە باری زمانەوە بکەن. نموونە: وشەی آرای + ش = آرایش؛ نمای + ش = نمایش؛ پیرای + ش = پیرایش؛ گنجای + ش = گنجایش؛ همای + ش = همایش؛ گرای + ش = گرایش؛ هەروەها گزرا + ش = گزارش؛ دان + ش = دانش؛ ڕان + ش = ڕانش؛ ساز + ش = سازش؛ خواه + ش = خواهش؛ تاب + ش = تابش؛ زای + ش = زایش و زۆری دیکە. لە کۆتاییدا ئێمە خۆمان یەک دنیا پاشگر و پێشگرمان هەیە و دەتوانین بە لێکدانیان لە یەکتر وشەی تازەی لێ درووست بکەین وەکوو ئه و کارانەی کە نەوەد ساڵ لەمەوبەر بەدرخانییەکان بۆ زمانی کوردی کردوویانە، یان ئه و ڕەنج و کوێرەوەرییەی کە مامۆستا جەمال نەبەز بە تەنیا کێشاویەتی، هەرەوها ئه و خەبات و تێکۆشانەی کۆڕی زانیاریی کورد کردوویانە و بە سەدان وشە و زاراوەی نوێیان هەڵناوە و ڕۆ ناوە، بەتایبەت ئه و بەرهەمە باش و بەپێزنەی کە مامۆستای زمانزان و زمانەوان (مەسعوود موحەممەد) بۆی بەجێ هێشتووین، ، ئەمانە هەموویان هەژیان و جێگای ڕێزن بۆ ئێمە و دەبێ بیانکەین بە سەرمەشق بۆ داهاتوومان و شتیان لێ فێر بین بۆ ڕۆنانی وشە بە شێوەیەکی زانستیانە و ئاکادێمیک.