ئامادەکردنی: ناسری ڕەزازی
وشەی گۆسان[1]
ئەم وتارە، بە لای خوێنەرەوە ڕەنگه وەکوو نووسینێکی هونەریی بێتە ئەژمار، بەڵام هەموو نووسینێک بەتایبەت نووسینی هونەری، سەر بە لاشیپانەی وێژە (ئەدەب)ەوە دەنێ بۆ شیکاری. کە وابوو تکایە وەکوو وتارێکی زمانەوانی ئەژماری بۆ بکەن، چوونکە مەبەستم ڕیشەکۆڵکردنی وشەکەیە و هەڵنانی بەره و دەروازەی وێژەی کوردی.
وشەی گۆسان ناوی تاکە و به و لاوکبێژ یان هۆرەچڕانەی کە لە سەردەمی مادەکانەوە هەتا دەگاتە سەردەمی ساسانییەکان گاتاکانیان بە ئاواز چڕیوه، وتراوە: گۆسان؛ گۆسان لە بنەڕەتدا گاسان یان گاتان بووە کە لە وشەی گات بەواتای سرووت و پاشگری ان پێکهاتووە و واتای بوێژی گاتاکان دەدات.
لە زمانی کوردیدا واتەکانی (ز) و (س) و (ت) لێک نزیکن و بە واتا پێکەڵپێکن و جێگۆڕکێ دەکەن، بۆ نموونە: گات کە وشەیەکی کۆنی ئاڤێستایییە، پاش ساڵانیساڵ بووە بە گاس و ئەوسا گۆڕاوە بۆ گاز. گۆسان لە زمانی کوردیدا چەندین واتای هەیە:
لە ئەنبانە بۆرینەدا نووسراوە: گۆسان گیایەکی دەشتییە؛
دیسان لەوێدا نووسراوە: گۆسان قالۆنچەیەکی سەوزی باڵدارە؛ بەڵام گۆسان واتای ژیله یان ژیلەمۆش دەدا کە لەبن خۆڵەمێشەوە دەبێتەوە بە ئاگر؛
لە بنەمادا گۆسان واتای بوێژی گاتاکانی زەڕدەشت، ئه و گۆرانیبێژانەی کە گاتاکانی زەڕدەشتیان بە هۆنراوەی 20 بڕگەیی چڕیوە دەدات، واتە: گۆرانیبێژێک کە بە دوو باڵ فڕیوە، هەم گۆرانیی گوتووە و هەمیش هۆنراوەی داناوە.
لە سەردەمی زەڕدەشتدا به و گۆرانیبێژانەی کە داستان و چیرۆکیان بە هۆرە و لاوک و حەیران چڕیوە، گوتوویانە: گۆسان، پاشان ئەم وشەیە لەسەردەمی ساسانییەکاندا بووە بە: هۆنیاواچ، چونکە قسەکردنی بارەگای ساسانییەکان بە پاڵەیی بووە و هۆنیاواچ کە لە دوو وشەی (هۆنیا یان خۆنیا) بە واتای خۆش و (واچ) کە هەر هەمان واتی هەورامییە و واتای وتن و چڕین دەدات پێک هاتووه واژەیەکی لێکدراوە کە دەبێتە: خۆشخوان و خۆشبێژ؛ ئەم وشەیەیان دواتر کردووە بە (خۆنیاگەر و ڕامشگەر و چامەگوو)، بۆ ئەوەی بنەمای وشەکە بگۆڕن و لە فارسیی نزیک بکەنەوە؛ بۆ ڕوونکردنەوەی وشەی هۆنیاواچ یان هۆنیاواز، لە ژێرەوە نموونەیەک لە نووسینێکی (ماری بۆیس خاتوون) کە لە بنەڕەتدا هیندییە و لە ئینگلیس گەورە بووە و خوێندوویەتی دەهێنمەوە:
(لە (کۆپەڕی خونیاگەری)دا کە ماری بۆییس خانم نووسیویەتی، نووسراوە: وشەی گۆسان دوو کەڕەت لە ئەدەبیاتی فارسیدا دەرکەوتووە، ئەویش لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین)دا؛ مینۆرسکی گوتوویەتی کە ڕیشەی پارتیی هەیە واتە فارسیی کۆن؛ جاری دووهەمیان وشەی گۆسان بە ناونیشانی (نەوائین) دەردەکەوێ، کە پێتکانۆف لە نێوان (ناوی گشتی و ناوی تاک) واتە: (اسم عام و اسم خاص)دا، ئەم وشەیە بە ناوی گشتیی ناو دەبا؛ وەرگێڕی فارسیزمانی ئەم کۆپەڕەش دەڵێ: ئەم وشەیە لە وشەی ئاوێتەی (نەوا و ئایین)ەوە نەهاتووە، بەڵکوو وشەیەکی فارسیی ناوەڕاستە و واتە (نواگن) کە لە وشەی (نواگ) وەرگیراوە و یانێ (نوا)ی فارسیی یان (نوادار) و (نواگر).)
من ئەم دیتنەم پێ هەڵەیە، چونکە ئەگەر ئەم وشەیە ڕیشەکۆڵ بکرێت، وشەیەکی ئاوێستایی یان پاڵەییی کۆنە، کە بە کوردییەوە نزیکە هەتا فارسی، لەبەر ئەوەی کە فارسیی ناوەڕاست یان پاڵەییی کۆن، فارسی نییە و بە وتەی زۆر زمانناس و زمانزانی فارسی ئێرانی، پاڵەیی (زاراوەی کوردەکانی باشووری کوردستانی گەورەیە )، چونکە ئه و (زوانی پاڵەیی)یە، کە فارس باسی دەکا، یانێ زاراوەی: کەلهوڕی، یان کەڵوڕی.
(دیسان ئەم خانمە دەڵێ: بۆ دەورانی ساسانییەکان جیا لە درێژەپێدانی سوننەتی گۆسانەکان لە باکوور، بۆ درەوشانەوەی خونیاگەری لە ئێرانی گەورەدا!!، شایەت و بەڵگەی زۆر بە دەستەوەیە و دەستەواژەی فارسیی ناوەڕاست بۆ ئەم هونەرمەندە (هونیاگەر و هۆنیاواز) بووە.)
واژەی هونیاگەر لە پاڵەیی کۆندا هۆنیاواچ و هۆنیاواز بووە کە بە مەبەست کردوویانە بە خونیاگەر و بەم شێوەرە ماوەتەوە، دوایی کردوویانە بە نەواگەر و پاشان ڕامشگەر و ئەوسا چامەگوو! لە ڕاستیشدا دەستلێدانی ئەم وشەگەلەش، وەکوو دەستێوەردانی هۆنراوەکانی باوە تایری هەمەدانی، به و مەبەستە بووە کە بنەماکۆنەکەی لەناو بەرن و نەیهێڵنەوە. ماری بۆیس خانم، دوایی لە شوێنێکدا دەڵێ:
(خونیاگەری دواتر لە لایەن قەومگەلێکی وەکوو (ئەڤغانی و کورد)ەوە، پارێزراوە.) منیش دەڵێم: هۆنیا و خۆنیا، هەردووکیان بە سەر بنەمای ڕیشەی وشەی کۆنی ئەوێستاییی (خۆن یان خون)ەوە دامەزراوە و وشەی وەرگیراو لە خۆن، ئەمڕۆ لە کوردستان لە ناوچەی موکوریان بەتایبەت بە شێوەی خۆشخوان ماوەتەوە، بەڵام بە هۆی گۆڕانی سیاسیی مێژوویی، وشەگەلی دیکە جێگای وشەی هۆنیاواچیان گرتۆتەوە: (دەنگبێژ، لاوکبێژ، هۆرەچڕ، گۆرانبێژ).
هۆنیا و خۆنیا، هەر دووکیان دوو واژەی کۆنی پاڵەیین کە هۆنیا بە واتا ڕەشۆکی (عامی)یەکەی، دەبێتە: هۆنینەوە و (خونیا)ش کە لە ڕیشەی (خون)ی ئاوێستایی یان پاڵەیی وەرگیراوە، واتە خۆشبێژ و خوشخوان، چونکە لە پاڵەییی کۆندا خون یان خۆن یا هۆن، بە واتای خۆش بووە و بە کورتی گۆسەن یان گۆسان یانێ هۆرەچڕ یا بەیتبێژ و جگە لە کوردستان نەبێ، لە هیچ شوێنێکی ئێراندا شتێکمان بە ناوی بەیت یان بەیتبێژ نییە.
داستان یان چیرۆکی (وەیس و ڕامین)یش هەر بە زاراوەی پاڵەیی یان کەڵوڕیی کۆن نووسراوە و دەستی لێدراوە. جا لەبەر ئەمە، وەکوو سمایل بێشکچی دەڵێ: مێژووی ئێران و ئێراق و سووریە و تورکیە و وڵاتی لەگوێن ئەمانە، دەبێ لەسەرەوە بنووسرێنەوە، چونکە هەمووی بەسەر بناغەی درۆ و دەلەسە و لە پێوەندی لەگەڵ پاماڵکردن و دژی بوون و هەبوونی گەلانی بندەست و مافخوراوی ئه و وڵاتانەوە نووسراوەتەوە.
لە زمانی کوردیدا به و چیرۆک و داستانگەلەی کە لە کۆندا سنیە بە سینە ماونەتەوە و زۆرتر داستانی حەماسی و کۆمەڵایەتین و بە ئاواز دەگوترێن، دەڵێن: بەیت. وشەی بەیت هیچ پێوەندییەکی بەسەر (بێت)ی عەرەبییەوە نییە و لە ڕیشەی (Poet)ی لاتینی کەوتۆتەوە کە دەبێتە شاعیر؛ هەروەها بەیت دەبێ لە Pad) پاد(ی ئاوێستایی کە مانای شیعر دەدا کەوتبێتەوە؛ دووریش نییە بەیت لەگەڵ گۆشەی بەیات کورد و مەقامی (بەیات) کە لە ئێران پێیدەگوترێ شوور، هەر یەک ڕیشە بن و سەرچاوەیان لێک هەڵپێچرابێت.
بۆ وشەکانی (هات و گات)ی کۆپەڕی گاتاکانی زەڕدەشتیش کە لە ئاڤێستادا هەن، هەر دوو وشەکە کوردین و (هات) واتای هاتن و نەدا و شانس و بەخت دەدا و (گات)یش مانای قاوکردن و بانگ و هاوار و سروودی گاتاکان دەدا، لە کاتێکدا لە زمانی فارسیدا هەر دوو وشەکە بێ واتا ماونەتەوە! پێشموایە ئەمە بەڵگەیەکی گرنگە، بۆ ئەوەی کە کورد کۆنترین نەتەوەیە لە ئێراندا نەک وشەی ناونیتکەهەڵخڕێنی قەوم! هەروەسا کورد لە فەرهەنگ و شوێنەوارە کۆنەکانی ئێراندا هاوبەشە و، نەتەوەی کورد یەکەمین بناغە دانەری ئێرانە و شانیک (مدرک)ی دیکەشمان زۆرە بە دەستەوەیە بۆ سەلماندنی ئەم بانگاشەیەمان.
ناسر ڕەزازی ستۆکهۆڵم 14/08/2005