عەدێ و مەدێ 71
هەر کووی هەبوو ئیسماعیل مریشک دز و قادرە پووخەم بەڕێکرد و چوومەوە ژۆرێ، وەختەکی دیتم دیسان لە دەرکەی دراوە، مندار چوون کردیانەوە، هاتنەوە گۆتیان بابە ژنەک هاتیە دەرێ ناوم بەگیسیە گورگەیە! گۆتم: وەڵلا بەس لە بەگیسیە گورگەمان کەمبوو، بابێ ئەویش بێ، بزانین دوا پەیامی گورگەی چیە!
مندار چوون فەرموویان لێکرد و هاتە ژۆرێ، دەبینم ژنەکە تەمەنی لۆ حەفتای دەچی، ئێکی قەرەوی تەنگەستوورە، بە لاپەلاپ دەڕوا، دەستەکی لە تەنگەی گرتبوو، دەستەکەی دیشی تەسبێحەکی دووسەت دنکی تێدابوو، بەینی هەر دەدوازدە دنکی دنکەکی سۆر یان زەرد یان شینی تێدابوو، هەرگەیشتە من و گۆتی: ئەوجە سەلاموعەلێک! گۆتم: وەی عەلەیکی سەلام بەخێراتی، دە فەرموو بابچینە ژۆرێ! گۆتی: ساعێب فەرمووبی، ئەدی کە پیرەژنە حارەبەکەت دەرێی لە مارێ نیە؟ گۆتم: بەرێوەڵلا لە مارێیە، دەفەرموو فەرموو!
بەگیسیە گورگە هاتە ژۆرێ و هەر ناندینی دانیشت، گۆتم: دەبابچینە هۆری، لێرە دامەنیشە، گۆتی: وازم لێبینە، مادام دانیشتم تازە هەرناستم، دەتوو جامە ئاوەکم لۆ بینە، با هەناوم فێنک بیتەوە و ئەو پشی سواریەشم(تەنگە نەفەسی) نەمینێ! چووم پەرداغە ئاوەکم لۆ هینا و بەسە دەوی وەکرد، بە قوومەکی سافی کرد و گۆتی: دە ئێکیدیش لۆ داکێ خۆ بینە، گەلەکم تێنیە! چارەم نەبوو، چووم پەرداغەکیدیم لۆهینا، دامە دەستی و گۆتم: پێدەچی نانەکی چەورە خواردبی، لۆیێ ئەوها تێنی! گۆتی: وەها نەبوو، کفتەمان هەبوو، هەر لەبایی غارێ سێ چارەکم ئاوەکرد، لۆ چما بەو وەزعەی نان دەخورێ!
داکی منداران هات بەخێراتنی کرد و هەندی دەمێ چایەی وەسەنا، بەگیسیە گورگە گۆتیە من: ئەرێ پیرەژنەکت فێرە کوردی بووە؟ گۆتم: ئەرێوەڵلای کوردیەکەی زۆر باشە! گورگە لچەکی بادا و گۆتی: برێ کورد قاتی ببوو، چووی خۆت لەو حارەبەی ئاراند، وەڵلا بەگێی من دەکەی ژنەکی بەسە دەینی! گۆتم: تازە کێ ژنی دەداتە من، ئەمن دامەوە کەندێ، گۆتی: نانا وەمەرێ، هەونکەش هەزار کەس مەمنونتە! ئەمە لەو قسانە دابووین، بووە تەقەتەق لەوسەری، غارمدا بزانم چبووە، دیتم سنیە چایە بە کاملی بە گۆڕێ وەربووە، یەک پیارەی ساغمان نەمایە، زانیم داکی ئەحمەدی تێگەییە و ئاگری لە نیوو چەوانی بەربووە، لە مشەوەشیان هەتا بە کوردی ڕادەگا، عارەبیەکەشی لەبیر کردبوو! گۆتم: ئەوە لۆ داکی ئەحمەدی، ئەو سنیەت لۆ لە دەستی بەربۆوە؟ خۆ بەخۆت سەلامەتی؟ داکی ئەحمەدی ئەوەی نووتق بی نەیمابوو، بەس بە دەستی ئیشارەتی کرد و گۆتی: فەوری ئەو ژنەی دەردەکەیە دەرێ! گۆتم: باشە باش خەمت نەبی، بەس مەکە هەرا، هەونکە چارەی دەکەم!
چوومەوە کن بەگیسیە گورگەیی و گۆتم: ئەرێ ئەتوو بەمن نەگۆ، ئەتوو کێی و لۆچ هاتی؟ پێکەنینەکی عەنتیەکەی کرد و گۆتی: ئەوە ژنە چەلەنگەکەتە، دوو پیارەی چای پێ هەرناگیرێ و لە دەستی بەربۆوە، وەڵلا وەبیللا ژنی من با، سێ بەردەم لە دەستی دەنا! ئەعسابم نەما و گۆتم: دەتوو پێم برێ ئەتوو کێی و لۆ هاتی؟ گۆتی: وەڵلا ئەمن خەسووی ئەسکەندەریمە! گۆتم: ئەسکەندەری مەقدۆنی؟
مایتی.[1]