عەدێ و مەدێ 82
ئەمن عەدێم بە جێهێشت و چوومەوە مارێ، وەختەکی ئیسماعیل مریشک دز لە دەرکەی دا، چووم کردمەوە، دیتم مشەوەش بوو، گۆتم: چیە ئەوە لۆ ئەوها مشەوەشی؟ گۆتی: عیلاجەکم لێنەکەی، وەزعم شڕە، گۆتم: قاتی عەدێ لەسەرە تووشی نەنووسیە؟ گۆتی: بریا عەدێ بایە، بەران ئەمن بە دەستی خۆم ماری خۆم وێران کردیە! گۆتم: کوو، دە لۆم باس بکە! گۆتی: وەڵلا بە دەستی خۆم ڕاپۆرتم لەسە خۆم نووسیە! گۆتم: چ چ؟ گۆتی: ئاخر کێشەکە ئەوەیە، ئەتوو نە تێدەگەی، نە دەتەوێ تێبگەی، نە کەس هەیە تێت بگەینی! گۆتم: واز لەو قسە قۆڕانە بینە، تێمبگەینە کوو ڕاپۆرتت لە سەرە خۆت نووسیە؟ گۆتی: وەڵلاهی پێرێ کەسم بە دەست نەکەت، لە سەری بنووسم، هەستام لە سەرە خۆمم نووسی! گۆتم: ئێ لە سەر قادرە پووخەت بنووسیبا! گۆتی: ڕۆژەک پێشی لە سەرم نووسیبوو! گۆتم: ئێ لە سەرە منت نووسیبا! گۆتی: ئی توو ڕۆژانەیە و لەگەر هیچ دانایە، بەران داوای ڕاپۆرتی ئیزافیان لێکردم، ئەوجە کەسم بە دەست نەکەت و لە سەر خۆم نووسی! گۆتم: باشە چت نووسی؟ گۆتی: وەڵلا نووسیم: ئەوێ ڕۆژێ لە دانیشتنەکی عیزبی کە مەسوولەکی گەورە قسەی لۆ دەکردین، بۆرژام و خەوم لێکەت! گۆتم: باشە لۆ خەوت لێکەت؟ گۆتی: وەڵلا لە نێزیکی سۆبەی دانیشتبووم، جێیەکە هەند گەرم و خۆش بوو، ڕاست خەوم لێکەت! گۆتم: برێ لۆ گەرمی سۆبەکەی چووبوویە کۆبوونەوەی؟ گۆتی: وەختی هەندێ نیە، دە توو تەکبیرەکم لێبکە! گۆتم: وەڵلا بڕۆ چیای، یان خۆت تەسلیم کە، بەشکوو بەبەر عافوواتەکی دەکەوی! گۆتی: ئەتوو ڕا دەبوێری ها! گۆتم: ئاخر هەی مریشک دزی تڕڕووهات، کەس لە سەرەخۆی نووسیە؟ گۆتی: ئەمە دروشممان ئەوەیە: ئەگەر چاوی خۆت خیانەتی لێکردی، دەری بینە! گۆتم: ئێ باشە ئەتوو خیانەتی چت کردیە، کووتکە خەوەکت هاتیتێ! گۆتی: دیسان دووبارەی دەکەمەوە، ئەتوو..، گۆتم: نە تێدەگەم، نە دەمەوێ تێبگەم، نە کەس هەیە تێمبگەینی!
لەو قسانە دەبووین، بووە زیڕەی ئیستاپی تڕومبێلان لە کۆرانێ! ئیسماعیل مریشک دز زەندەقی چوو، گۆتی: بە قورعان ئەوە لۆ من هاتینە، ئەوجە چم لێدەکەی؟ گۆتم: ڕاوەستە، تەماشایەکی دەرێ بکەم، بزانم مەوزوع چیە! بە عەستەم دەرکەی حەوشێم کردەوە و تەماشای کۆرانێم کرد، گۆتمە ئیسماعیل مریشک دزی: وا بزانم لافاوە هاتیە! ئیسماعیل مریشک دز گۆتی: دیارە خڕبوونەوەیە! گۆتم: خڕبوونەوە یان کۆبوونەوە؟
مایتی.[1]