کوردە لەمەو لا هۆشێ بێنە سەر
لادە لە بەزمی بێهوودە و سەمەر
تا ئێستە ئاخر بە جەنگ و بە شەڕ
چی کەوتە دەستت بە غەیری زەرەر؟
ئەم ڕۆژە ڕۆژی ئەقڵ و زمانە
نەک ڕۆژی شەڕی تیر و کەوانە
ئەگەر تۆ هیوات بە بەگ و خانە
تۆ ماڵوێران و ئەو سەرگەردانە
ئەگەر ئەترسی لە تورک و عەجەم
لەجیاتی تفەنگ بە نووکی قەڵەم
هاوار کە بۆخۆت دانیشە بێ خەم
ئاواتی دڵتی بۆ بێنە بەرهەم
ئەوانیش وەک تۆ دەستندەخوارن
لەئاستی خەڵکی کز و هەژارن
بێ دەست و بێ پێ هەروەکوو مارن
یەک لە لەندەنی ئاغای هەزارن
ئاغای ئەم دنیایە سیانە یا دوو
ئاغایی لە دەس باقی تر دەرچوو
وەک یەکی لێ دێت هەموو زووبەزوو
بێهودە ئیتر خۆت نەدەی بە شوو
گەر لە هۆزەکەت پیاوی ژیرت بێ
ڕەنگە ئارەزووی دڵ دەسگیرت بێ
قەڵەم، تفەنگ و تۆپ و تیرت بێ
هەر قەڵەم ئاغا و شێخ و میرت بێ
بانەمان وێران، مەریوان بێ نان
هەورامان نیوەی شێت و سەرگەردان
خانی پوڵپەرست بۆ خۆشی ژیان
هێنایە بەرهەم دەردی بێ دەرمان
کوردە بە زاتی خوای تاک و تەنیا
ناگەیتە هەوار بە هەرا و هوریا
بزن بەخێو کەی لە دەشت و سەحرا
چاکترە لە شەڕ بۆ دین و دنیا
خان کە وا هەوڵی ناخۆشی ئەکا
بۆ مەعاشەکەی تێکۆشی ئەکا
بە ناوی قەومی سڕپۆشی ئەکا
پارەیە شێت و بێهۆشی ئەکا
ئەی بۆ لە پاشا کە خۆی ئەنوێنێ
دێ ئەسووتێنێ گا ئەفڕێنێ
تۆوی بەدبەختیت بۆ دائەچێنێ
ڕۆحت بەجارێ لە ڕەگ دەردێنێ [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#